بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا: نزیکەی 7000 کەس لە دەڤەری راپەڕین کۆچیان کردووە

03-08-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن کۆچبەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی وڵاتان رووی تێدەکەن بۆ ئەوەی لەوێوە بگەنە ئەوروپا کە بەردەوام لەنێویاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان هەن. بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق رایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 147 هەزار عێراقی و کوردی هەرێمی کوردستان لە تورکیا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوایش رایدەگەیێنێت کە ئەمساڵ لە دەڤەری راپەڕین نزیکەی حەوت هەزار گەنج کۆچیان کردووە.
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە سامیا حەسەن پێشکەشی کرد، باس لە پرسی کۆچکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی دەڤەری راپەڕین بۆ ئەوروپا کرا کە هەریەکە لە ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا؛ هیوا خدر، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق؛ رەنج عومەر، کەسوکاری کۆچبەرێکی بێسەروشوێن و ئاکام عەزیز، چالاکڤان لە دەڤەری راپەڕین تێیدا بەشدار بوون.
 
دەڤەری راپەڕین لە هەرێمی کوردستان بەوە ناوی دەرکردووە کە کۆچی گەنجانی بۆ ئەوروپا زۆر تێدایە و بەرپرسانی ناوچەکەیش هۆیەکەی بۆ بێکاری دەگەڕێننەوە.
 
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئاوا لە ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجان لە حاجیاوا ئەوەیە کە دوورە لە شارە گەورەکان و کاری تێدا نییە و کۆمپانیاکان زیاتر لە شارە گەورەکانن. هەروەها پاشەکشەی کەرتی ئابووری و کشتوکاڵیش کە نەیانتوانیوە بژێوی خێزانەکان دابین بکەن، بێکاری و نەبوونی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان هۆکاری دیکەن بۆ کۆچی گەنجان. هۆکاری سەرەکیی کۆچ لە ناحیەکەی ئێمە بێکارییە. هۆکارێکی دیکەیش ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئابوورییە لە عێراق و ناوچەکەدا. لە شەش-حەوت مانگی رابردوودا لە دەڤەری راپەڕین نزیکەی حەوت هەزار کەس کۆچیان کردووە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بە جەختەوە گوتی: "ئێمە وەک ناحیەی حاجیاوا زۆر پێویستمان بە فەرمانبەر هەیە؛ بەشێکی زۆر لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان فەرمانبەریان کەمە. دەتوانم بڵێم لە کەناری پەککەوتنداین. ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەرمان خانەنشین دەبن، دەمرن و کۆچ دەکەن، بەڵام شوێنیان پڕ نەکراوەتەوە. دامەزراندنی گەنجان لە فەرمانگە حکومییەکاندا و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران یەکێکن لە چارەسەرکان بۆ رێگری لە کۆچ." 
 
هیوا خدر، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقیش گوتی: "ئێمە لە تورکیا ئاگاداری ئەو لێشاوەی کۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستانین کە زیاتر گەنجانن روویان لە تورکیا کردووە و بەرەو ئەوروپا دەڕۆن.. دوێنێ رۆشتم بۆ سەردانکردنی چەند گەنجێکی خەڵکی رانیە لە شوقەیەکدا، لە شوێنەکەیان کارەساتم بینی کە زیاتر لە 50 کەس لە هۆدە و هەیوانێکدان لە شوقەیەکی 20 مەتریدا. هەموویان لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بوون کە قاچاخچییەکە هەواڵیان لێ بگێڕێتەوە و بڵێت با بڕۆین."
 
لای خۆیشیەوە ئاکام عەزیز، چالاکڤان لە دەڤەری راپەڕین گوتی: "نەبوونی بناخەیەکی ئابووریی بەهێز لە هەرێمی کوردستاندا هۆکارێکە بۆ کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا. بێکاری وای کردووە کە ئەم کۆچە بەم شێوە فراوانە بەردەوام بێت. بەشێکی زۆری ئەو گەنجانەی دەڕۆن هەم تەمەنیان کەمە هەم لە قۆناخەکانی خوێندندان. ئێستا زۆرترین گەنج کە دەڕۆن تەمەنیان لەنێوان 17-22 ساڵدایە. شەوی هەینی 2021/07/30 تەنیا لە گەشتێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا 47 گەنجی حاجیاوا رۆیشتوون بۆ ئیستەنبووڵ. ئەگەر لێرە ژیانێکی شایستە دابین بکرێت، بە دڵنیاییەوە رێژەی کۆچ زۆر کەم دەبێتەوە."
 
کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی دەچنە تورکیا و لەوێ لەگەڵ قاچاخچیدا رێکدەکەون کە بیانگەیێنێتە وڵاتانی ئەوروپا. ئێستا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان بیلاڕووسیا و یەکێتیی ئەوروپایشەوە بیلاڕووسیا سنوورەکانی بە رووی ئەوروپادا بۆ پەنابەران کردوونەتەوە. ئەوەیش وایکردووە ژمارەیەکی زۆری پەنابەران هەوڵ بدەن لە رێگەی ئەو وڵاتەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.
 
هیوا خدر، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە تورکیا ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتیی نێودەوڵەتییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، رێژەی پەنابەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە. زیاتر لە 147 هەزار پەنابەری عێراقی و هەرێمی کوردستان لە تورکیا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. بەشێکیان چەند ساڵێکە لە تورکیا ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە، بۆیە ناچارن رێگەی بیلاڕووسیا بگرنەبەر." 
 
بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بە ڤیزا دەچنە تورکیا کە بۆ مانگێکە. زۆر گەنج هەڵدەخەڵەتێنرێت، کاتێک ڤیزا وەردەگرێت پێی دەگوترێت بۆ ماوەی دوو مانگە، بەڵام دەبێت گەنجان بزانن کە هەر جۆرە ڤیزایەکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق وەربگیردرێت تەنیا بۆ مانگێکە. 
 
هیوا خدر ئەوەی خستەڕوو کە نزیکەی چوار هەزار پەنابەر لە کەمپەکانی لیتوانیادان و زۆرینەیان عێراقین کە نزیکەی 80٪یان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. ئەوانە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە بیلاڕووسیا و لەوێیشەوە لەگەڵ قاچاخچیدا چوونەتە لیتوانیا. 
 
ئاکام عەزیزیش گوتی: "لە کەسانی نزیکی خۆم لە خزم و کەسوکار و ناسیاوان و دراوسێ تەنیا ئەمساڵ 20 کەس کۆچیان کردووە کە زۆرینەیان گەنج بوون. تەنانەت لە زانکۆ و پەیمانگەکانی دەڤەرەکەدا بە ئاسانی هەست بە کۆچی کوڕان دەکەیت، کاتێک دەچیتە کۆلێژێک وادەزانیت دەچیتە ئامادەییەکی کچان. من سەرەتا وامزانی هەر لە ئیدارەی راپەڕین وابێت، بەڵام لە سلێمانییش لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا هەر بەو جۆرە بوو."
 
زۆربەی ئەو کەسانەی رێی ئەوروپا دەگرنە بەر، بە قاچاخی و لە رێگەی دەریاوە دەچن کە جار هەیە یەختەکانیان لە دەریادا تێکدەشکێت و هەندێکیان دەخنکێن و سۆراخیان نابێت.
 
هیوا خدر، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق گوتی: "ئەمە تەنیا بەجێهێشتنی وڵات نییە، بەڵکو کارەساتە، چونکە چینی گەنجان لە هەر وڵاتێکدا داهاتووی ئەو وڵاتەن. پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان چارەسەری خێرا و پێویست بدۆزنەوە بۆ ئەوەی رێگری لەم شەپۆلە بکەن. ئێستا سنوورەکانی ئەوروپا زۆر تووندوتۆڵ کراون و، پەنابەران بە رێگەی مەرگدا دەڕۆن. تەنیا رێگە کە چاوی پۆلیسی زۆر لەسەر نییە دەریای ناوەڕاستە کە ئەم سنوورە دەریایەکی نێودەوڵەتییە و ئێستا چاوی پەنابەران زۆرتر لەسەر ئەوێیە. ئەمەیش رێگەیەکی تەواو مەرگاوییە و ئەو یەختانەیشی دەیانگوازنەوە کۆنن."
 
هیوا خدر ئاماژەی بەوە دا کە قاچاخچییەکان وەک باند وان و کارەکانیان بە تەلەفۆن دەکەن. یەکێکیان لە ئەوروپا دانیشتووە و یەکێکی دیکەیان لە هەرێمی کوردستانە. لەنێوان خۆیاندا دەستاودەست بە کۆچبەران دەکەن. ئەو قاچاخچییانەیشی یەختەکان بەڕێدەکەن زۆربەیان فەلەستینی، سووری و ئەفغانین و بەلایەنەوە گرنگ نییە ئەو خەڵکە چییان بەسەر دێت. 
 
رەنج عومەر، کەسوکاری کۆچبەرێکی بێسەروشوێن لە خەلەکان گوتی: "[پێشەوا] کوڕە خاڵەکەم بە خۆی و ژن و منداڵیکیەوە لەگەڵ دوو-سێ خێزانی دیکەی خەلەکاندا رێککەوتبوون و رۆیشتبوون. لەگەڵ قاچاخچییەکەدا رێککەوتبوون کە لە ئیستەنبووڵەوە، بە 115 گەڵا بۆ هەرکەسێکیان، بیانباتە ئیتاڵیا. ئەوان 2021/06/24 رۆیشتن و 2021/07/21 لە ئیستەنبووڵەوە بۆ ئیتاڵیا بەڕێکەوتن. بەڵام قاچاخچییەکە ئەو بەڵێنەی پێی دابوون، هیچی نەبردبووە سەر. پێیگوتبوون لە 40 کەس زیاتر سواری یەختەکە ناکات، کەچی 55 کەسی سوار کردووە. ئەو بەیانییەی بەڕێکەوتبوون، کوڕە خاڵەکەم نامەیەکی دەنگیی بۆ خاڵم ناردبوو و گوتبووی: 'ئەوە بەڕێدەکەوین.' ئیتر لەو کاتەوە هیچ هەواڵیان نییە. ئیتر یەختەکەیان تێکشکابوو و 37 کەسیان رزگار کراون و ئەوانی دیکەیش بێسەروشوێنن."
 
رەنج عومەر باسی لەوە کرد کە ئەو کۆمەڵە کەسە لەلایەن قاچاخچییەکەوە چەندین دەستیان پێکراوە تا ئەو رۆژەی بەڕێکەوتوون. واتە کەسەکان لەنێوان قاچاخچییاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە. ئێستا ژن و منداڵی کوڕە خاڵەکەی رزگار کراون و لە یۆنانن، بەڵام خۆی سۆراخی نییە. ئێستایش چەندین خێزانی دیکەی حاجیاوا کە ئەمڕۆ قسەم لەگەڵدا کردن، دەیانەوێت کۆچ بکەن و لە رێگەی بیلاڕووسیاوە بچن بۆ لیتوانیا.
 
هیوا خدر گوتی: "ئێمە وەکو فیدراسیۆن بەشێکی زۆر کەمی پەنابەران پەیوەندیمان پێوە دەکەن و لە بارودۆخیان ئاگادارمان دەکەنەوە. زۆر جار ئەو کاتانە پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە دەکەونە ناڕەحەتییەوە یان کاتێک کە دەستگیر بکرێن. ئێستا ئێمە لە یۆنان پارێزەرمان بۆ ژن و منداڵەکەی کاک پێشەوا گرتووە بۆ ئەوەی بتوانین مافی مانەوەیان بۆ دابین بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە