رووداو دیجیتاڵ
نرخی نان لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەرزبووەوە و موحەڕەم تەکین، سەرۆکی یەکێتیی کاسبکار و پیشەوەرانی جۆلەمێرگیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت بەر لە کۆتایی ئەمساڵ نرخی نان زیاتر بەرزبێتەوە.
بەگوێرەی دوایین گۆڕانکاری لە نرخەکان، لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان نرخی نانی 200 گرامی لە 5 لیرەوە بۆ 7 لیرە (0.26 دۆلار) بەرزکراوەتەوە و لە رۆژی چوارشەممە 02-08-2023وە کار بە نرخە تازەکە دەکرێت.
موحەڕەم تەکین بە رووداوی گوت، "ماوەیەکی زۆر بوو بەرزبوونەوەی نرخی نان رۆژەڤ بوو، بەڵام ئێمە دوامان دەخست؛ گرانبوونی سووتەمەنی و کرێی گواستنەوە گوشاری زۆری بۆ نانەواخانەکان دروستکردبوو."
سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی تازەی نان، تەکین گوتی، "هەوڵمان داوە گونجاوترین نرخ دیاری بکەین، بە جۆرێک نانەواخانەکان زەرەر نەکەن، تەنانەت گرنگیمان بەوەش نەداوە کە نانەواخانەکان چەند قازانج دەکەن. دۆخەکە بۆ هەردوولا سەختە. ئەو نرخەی ئێمە دامانناوە بەراورد بە پارێزگاکانی دەوروبەر، گونجاوترینە. ئێمە دوایین پارێزگا بووین کە نرخی نانمان زیاد کرد."
موحەڕەم تەکین باسی لەوە کرد لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، جارێکی دیکە گوشار دەکەوێتە سەر نانەواخانەکان و گوتی، "چاوەڕێ دەکرێت نرخی سووتەمەنی بەرزببێتەوە کە ئەمە پاڵنەرە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نانیش. چاوەڕێ دەکرێت تشرینی یەکەمی ئەمساڵ جارێکی دیکە نرخی نان بەرز بێتەوە."
ماوەی دوو هەفتەیە لە پارێزگاکانی ئامەد، سێرت، وان و چەند شوێنێکی دیکە نرخی نانی 200 گرامی لە 5 لیرەوە بۆ 7.5 تا 8.5 لیرە بەرزکرایەوە. دوایین دوو پارێزگا جۆلەمێرگ و شرناخ بوون کە لە ئەمڕۆوە نرخ لە 5 لیرە بۆ 7 لیرە بەرزکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ