سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانتارانی کەرکووک کۆدەبنەوە

03-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی نوێنەری پارێزگای کەرکووک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر دۆخی کەرکووک کۆدەبنەوە. دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەکە داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو دەکەین و داوا دەکەین لێپرسینەوە لەو کەسانەش بکرێت کە کەمتەرخەبوون لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان." 
 
رۆژی یەکشەممە 3-9-2023، سەباح حەبیب، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە کاژێر 06:00ـی ئێوارە نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆببینەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکووک و رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو."
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو دەکەین، داوا دەکەین لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە کەمتەرخەمن، ئەوانەی هۆکاربوون بۆ رووداوەکان و شەهیدکردنی رۆڵەکانی کەرکووک و برینداربوونیان، داوا دەکەین کۆتایی بەو گرژییانە بهێنرێت و دووبارە نەبێتەوە."
 
هەروەها باسی ئەوەشی کرد، لە کۆبووەنەوەکەیاندا مافی شەهیدان و برینداران لەبیرناکەن و گوتی: "داوا دەکەین بە شەهید هەژمار بکرێن و قەرەبووی کەسوکاریان بکرێتەوە و بریندارەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە."
 
بەهۆی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو وێڕای شەهیدبوونی چوار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس، زیانی زۆر بە موڵک و شەقامەکان گەیشت. ئەو پەرلەمانتارە گوتی، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن ئەو شوێنانە چاکبکرێنەوە و ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوو بکرێنەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە خۆپێشاندانەکانی دوێنێی کەرکووک چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش بریندارن."
 
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو پاساویان ئەوەبوو کە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.  
 
نەجوا کاکەیی، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، رۆژی یەکشەممە 3-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە داوای لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە بوونە هۆکار بۆ پشێوییەکان و کوشتنی خەڵک، لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو کەمتەرخەمی زۆر هەبووە، پارێزگاری بەوەکالەت یەکێکە لەو کەسانەی لە ئەرکەکەیدا کەمتەرخەم بووە." 
 
دوێنێ شەممە 2-9-2023، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە لە هەفتەی پێشوودا بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەشێوەیەکی تووند و بە گولـلە وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە، کە لە ئەنجامیدا چوار کەس شەهیدبوون و 15 کەسیش بریندار بوون.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 2ـی ئەیلوولی 2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق "فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کردووە بۆ زانینی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە بەهۆی ئەو رووداوانەی لە پارێزگای کەرکووک روویان دا."  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن