رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت ئەو دۆخەی کەرکووکی گرتوەتەوە، لە چوارچێوەی کۆی کێشەکانی دیکەی شارەکە لێی بڕواندرێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 2-9-2023 لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "کێشەی ئێمە لە کەرکووک کێشەی خاک، ئیرادە، ناسنامە و زەویی داگیرکراوە".
فەهمی بورهان: بەغدا ویستی جیدی بۆ چارەسەرکردنی هیچ کێشەیەکی نییە
فەهمی بورهان رایگەیاند، لەو کاتەوەی رێگەی نێوان کەرکووک و هەولێر داخراوە، بەردەوام لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گوتی، "بە دڵنیاییەوە پەرلەمانتارانمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزارەتی بەرگری لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت. گرفتەکە ئەوەیە نەک ئەم کێشەیە، لە بەغدا ویستی جیدی بۆ چارەسەرکردنی هیچ کێشەیەک نییە. هەر ئەمڕۆ سوپا چووەتە سەر خەڵکی تۆبزاوە و جارێکی دیکە کێشەکانی تۆبزاوەش زیندووکراونەتەوە".
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کێشەکانی ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکان؛ لە کەرکووک و ئەو ناوچانەی سپێردراون بە مادەی 140، زۆرن. پێم وایە لایەنی کەمی کێشەکانیش چارەسەر نەکراون. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستە نێو ماڵی خۆمان رێکبخەین. بەداخەوە ئەو دابەشبوونەی کورد، زیانێکی گەورەیە و واشیکردووە حکومەتی عێراق جیدی نەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان".
"گرتنی رێگەکە ئەجێندای سیاسیی لەپشتە"
لەبارەی خۆپیشاندانەکانی 6 رۆژی رابردووی شارەکە، فەهمی بورهان گوتی، "راستییەکەی لەبارەی ئەوانەی رێگەکەیان گرتبوو دەڵێم: بڕوام بە هیچ جووڵانەوەیەکی مەدەنیی عەرەبی نییە لەو شارەدا. من پیاوێکی نەتەوەپەرست نیم، بەڵام راستی وەکو خۆی دەبینم. هیچ جووڵانەوەیەکی مەدەنی نییە، بەڵکو لەو شارەدا پرسی سیاسی هەیە. ئەوانەی هاتوون ئەو رێگەیەیان گرتووە، بێگومان ئەجێندای سیاسییان لەپشتەوەیە. بێگومان دەسەڵاتی لۆکاڵی لە شارەکەدا پاڵپشتیی کردوون".
سەبارەت بە هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دۆخەکە، فەهمی بورهان گوتی، "جەنابی سوودانی گوتوویەتی لیژنەیەک دەنێرێت. باشە ئێمە 5 رۆژە لەگەڵ نووسینگەی جەنابی سوودانی لەسەر هێڵین، بۆچی لیژنەی نەنارد تاوەکو لە شارەکەدا خوێنی کورد رژا؟ ئێمە پێویستە گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە بکەین. هەروەها پێش ئەوەی گلەیی لە عەقڵیەتی شۆڤێنی بکەین، دەبێت گلەیی لە خۆمان بکەین کە کوردانە بە گوتارێکی هاوبەش گفتوگۆمان نەکردووە. گومان لەوەدا نییە ئەگەر کوردێک لە باشووری ئەفریقا دۆخی خراپ بێت، پەیوەندیی بە ململانێیەکی ناتەندروستەوە هەیە لە باشووری کوردستان. لەبەر ئەوەی هەموو کوردیک هیواکانی لەسەر ئەم بنەمایە هەڵچنیوە".
فەهمی بورهان جەختی لە گرنگی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کردەوە و گوتی، "بە درێژایی مێژوو لە هەر شوێنێکدا یەکێتی و پارتی یەک گوتار و یەک هەڵوێست بووبن، سیاسەتی کورد کاراتر و کاریگەرتر بووە؛ لە کوێش جیابووبنەوە و ململانێکان قووڵ بووبنەوە، لەو شوێنەدا داگیرکاران هەوڵی سەپاندنی ئەجێندای خۆیانیان داوە".
"کەرکووکییەکان ئەرکی خۆیان بەجێهێناوە"
فەهمی بورهان ئاشتی و ئاسایشی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بە دۆخی کورد لە کەرکووکەوە گرێدا و گوتی، ئەگەر لە کەرکووک دۆخی کورد بەرەو خراپتر بڕوات، ئاسایش لە پارێزگاکانی دیکەشیدا نامێنێت؛ هەروەها گوتی، "بە بڕوای من، هیچ کاتێک کەرکووکییەکان کەمتەرخەم نەبوون لە ئاست ئەو ئەرکانەی لە سەر شانیان بووە".
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە پێویستە ئەم رووداوانە کورد رابچڵەکێنێت و کورد بەخۆیدا بچێتەوە؛ هەروەها بە باشی زانی کورد دوور بکەوێتەوە لە گوتاری نەتەوەیی، بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی ژیرانە گفتوگۆ بکات و کار بۆ پرسەکانی وەکو مادەی 140 و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار بکات.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە بابەتی رادەستکردنەوەی بارەگای پارتی بیانوو بووە بۆ دروستکردنی پشێوی و دەکرا کێشەکە نەگەیشتبا بەم دۆخە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ