زوبێر دیجیتاڵ
ئینستیتیۆتی کوردی لە پاریس، ئەمڕۆ هەینی رێوڕەسمێکی بۆ یادکردنەوە و رێزگرتن لە جیرارد شالیان، شاعیر، نووسەر، بیرمەندی جیۆسیاسی و داکۆکیکاری دێرینی مافەکانی کورد رێکخست.
بیرمەندە فەرەنسییەکە 20ی ئابی 2025 لە تەمەنی 91 ساڵیدا لە پاریس کۆچی دواییکرد.
لە سەرەتای رێوڕەسمی رێزلێنانەکەدا، پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن عەلی دۆلەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا خوێندرایەوە.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "جیرارد شالیان ژیانی خۆی بۆ دۆزینەوەی راستییەکان، لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و تێکۆشانی گەلان لە پێناو مافەکانیان تەرخان کرد. شالیان دۆستێکی دڵسۆز و نزیکی دۆزی گەلی کوردستان بوو."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، "ئێمە، ئەومان وەک دەنگی دلێری داکۆکیکاری دادپەروەری، گەواهیدەری ئازار و ئاواتەکانی کورد و گەیێنەری پەیامەکەی ناسی کە دۆزی کوردی گەیاندە ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکانی جیهانی رۆژئاوا، لە کاتێکدا کە دەنگی ئێمە کپ کرابوو".
ژیانێک لەنێوان ئەکادیمیا، شیعر و خەباتگێڕی
شالیان لە 15ی شوباتی 1934 لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە دایک و باوکێکی ئەرمەنی لەدایکبوو و لە پاریس گەورە بوو، هەر لە سەرەتاوە تێکەڵی زمان، مێژوو و سیاسەتی بزووتنەوە رزگاریخوازەکان بوو.
شالیان لە ئینستیتیوتی نیشتمانیی زمان و شارستانییەتە رۆژهەڵاتییەکان (INALCO) لە پاریس خوێندی و دواتر بڕوانامەی دکتۆرای لە کۆمەڵناسیی سیاسی لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس بەدەستهێنا، کە تێزەکەی لەسەر شۆڕشەکانی جیهانی سێیەم بووە.
هەر لە تەمەنی گەنجییەوە، شالیان ژیانی توێژەر و گەڕیدەی هەڵبژارد.
ئەو هاووڵاتییە چووە باکووری ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باشووری ئاسیا و ئەمریکای لاتین و زۆرجار تێکەڵی بزووتنەوە چەکداری و رزگاریخوازەکان دەبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە ژین و ژیانیان بکۆڵێتەوە.
چالاکییە سەرەتاییەکانی شالیان بریتی بوون لە بەشداریکردن لە خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم لە جەزائیر، کاری نهێنی و دواتر بەشداریکردن وەک چاودێر یان راوێژکار لە خەباتی رزگاریخوازی لە گینیا-بیساو، ڤێتنام، کۆڵۆمبیا، فەلەستین، ئەریتریا و چەندین شوێنی دیکە.
شالیان لە ساڵی 1980 تاوەکو 1987 قوتابخانە و کۆلێژەکانی فەرەنسا وانەبێژ بوو؛ هەروەها لە 1983 تاوەکو 1994 وەک راوێژکارێکی سەربەخۆ لە ناوەندی شیکاری و پلاندانانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کاری کرد.
وەک نووسەر و شاعیرێکی بەرهەمدار، نێوەڕۆکی بەرهەمەکانی شالیان باس لە ستراتیجیی سەربازی، جیۆسیاسی، شۆڕش و مافی کەمینەکان دەکەن.
بەشێک لە پەرتووکە بەناوبانگەکانی شالیان بریتین لە:
- کارەساتی کورد
- مێژوویەکی جیهانیی جەنگ
- مێژووی تیرۆر: لە سەردەمی کۆنەوە تاوەکو قاعیدە، کە لەگەڵ ئاڕنۆ بلین ئامادەی کردووە
- هونەری جەنگ لە مێژووی جیهان
- ئەتڵەسی ستراتیژی
- ئیمپراتۆریەتە کۆچەرییەکان
لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، شالیان گرنگییەکی زۆری بە شیعر و وەرگێڕان دا، لەنێویاندا وەرگێڕانی دەستەبژێرێک لە شیعری کوردی.
ئەو بیرمەندە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییە کوردستانییەکان بەردەوام بوو، لە ساڵی 2012 تاوەکو 2021 لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر وانەبێژ بووە.
شالیان بە هەڵوێستی سەربەخۆ و نائایدیۆلۆجیی خۆی ناسرابوو، رەتیدەکردەوە پابەندی پەیڕەوە فەرمییەکان یان کۆتوبەندە دامەزراوەییەکان بێت و پێداگری لەسەر پەیڕەوێکی مەیدانی دەکردەوە.
رۆڵی شالیان لە ناساندنی دۆزی کورد
شالیان پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ دۆزی کورد هەبوو.
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دەکات: "نووسین و لێکۆڵینەوەکانی رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە تێگەیشتن لە خەباتی پێشمەرگە و یارمەتیدەر بوون لە دەرخستنی رەوایەتیی دۆزەکەمان دژی ستەم و زۆرداری."
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێت: " گەلی کوردستان هەمیشە بە رێز و پێزانینێکی قووڵەوە یادی جیرارد شالیان دەکاتەوە؛ وەک دۆستێکی راستەقینە کە سەرسەختانە لە سەنگەری راستی و ئازادیدا وەستا و هیچ کات لە هەڵبڕینی دەنگی دادپەروەری سڵی نەدەکردەوە."
لەسەرەتای دامەزراندنی ئینستیتیوتی کوردی لە پاریس، شالیان رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە دامەزراندنی کۆمەڵەی فەرەنسا-کوردستان و یارمەتیدان لە هۆشیارکردنەوەی رۆشنبیرانی فەرەنسی سەبارەت بە خەباتی کورد.
توێژینەوە و نووسینەکانی لە دووتوێی کتێبی "کارەساتی کورد" باس لە ئازار و دۆخی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.
شالیان لە داهێنان و بڵاوکردنەوەی دەستەواژەی "دژەکورد" یان "ئەنتی-کوردیزم" لە وێژەی رۆژئاواییدا رۆڵێکی بەرچاوی بینی. دەستەواژەکە پێناسەیەکە بۆ ئەو جیاکارییە سیستماتیکە سیاسی و کولتوورییەی کورد رووبەڕووی بووەتەوە.
داکۆکیکردنی شالیان لە کورد، تەنیا بە نووسین نەبوو، بەڵکو زۆرجار وەک پردێک بوو لەنێوان رۆشنبیرانی کورد، چالاکڤانانی دیاسپۆرا و میدیای ئەورووپی کە یارمەتیدەر بوو لە ئاسانکردنی گفتوگۆ، وەرگێڕان و زیاتر دەرخستنی دۆزی کورد.
هەروەها بەرهەمە شیعری و کولتوورییەکانی کوردیی وەردەگێڕا و پەرەی پێدەدان کە ئەوەش رۆڵی لە پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلەپووری کوردیدا هەبوو.
نێچیرڤان بارزانی دوای سەرەخۆشیکردن لە کەسوکار و هاوڕێیانی شالیان، لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "ماڵئاوا دۆستی ئازیز. یادت بۆ هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەڕێزان، میوانانی هێژا،
ئەمڕۆ، بە خەمێکی قووڵەوە، ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی جیرارد شالیان، بیرمەند و لێکۆڵینڤانی ناوداری فەرەنسی دەگێڕین، کە ژیانی خۆی بۆ دۆزینەوەی راستییەکان، لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و تێکۆشانی گەلان لە پێناو مافەکانیان تەرخان کردبوو. شالیان دۆستێکی دڵسۆز و نزیکی دۆزی گەلی کوردستان بوو.
ئێمە شالیانمان وەک دەنگێکی دلێری داکۆکیکاری دادپەروەری، گەواهیدەری ئازار و ئاواتەکانی کورد و گەیێنەری دەنگی ناسی، کە دۆزی کوردی گەیاندە ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکانی جیهانی رۆژئاوا، لە کاتێکدا دەنگی ئێمە کپ کرابوو. نووسین و لێکۆڵینەوەکانی ئەو بیرمەندە رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە تێگەیشتن لە خەباتی پێشمەرگە و یارمەتیدەر بوون لە دەرخستنی رەوایەتیی دۆزەکەمان دژی ستەم و زۆرداری.
گەلی کوردستان هەمیشە بە رێز و پێزانینی قووڵەوە یادی جیرارد شالیان دەکاتەوە، وەک دۆستێکی راستەقینە کە سەرسەختانە لە سەنگەری راستی و ئازادیدا وەستا و هیچ کات لە هەڵبڕینی دەنگی دادپەروەری سڵی نەکردەوە.
بەناوی خۆم و گەلی کوردستانەوە، لە ناخمەوە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خێزانە بەڕێزەکەی، هاوڕێ و کەسوکاری و کۆمەڵگەی ئەکادیمی و رۆشنبیریی فەرەنسا و تەواوی جیهان دەکەم؛ گیانی شاد بێ و داواکارم لە خوای گەورە، لەم کاتە سەختەدا سەبووری و ئارامی بە خێزان و ئازیزانی ببەخشێت.
ماڵئاوا، دۆستی ئازیز؛ یادت بۆ هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
3ی تشرینی یەکەمی 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ