رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "رێگر" بووە، دەشڵێت: پارتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە.
د. محەممەد خورشید، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "ئەو بابەتەی هاتووەتە پێشەوە لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی نەخوازراوە بەلای هەموو لایەکەوە." گوتیشی، دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتی، بەرنامەی کاری حکومەت کۆتایی پێهات و وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دیاریکرا، بەڵام "بەداخەوە یەکێتی ئامادە نەبوو پەرلەمان کارا بکرێتەوە."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، پارتی تاوەکو ئێستاش لەسەر ئەوە بەردەوامە کە "ئارامییەک بەسەر دۆخە سیاسییەکەدا بێت و بتوانین بەیەکەوە پەرلەمان کارا بکەینەوە و کابینەی دەیەمی حکومەت پێکبهێنین،" بەپێی قەبارە و دەنگی لایەنەکان.
د. محەممەد خورشید هۆشداری دا کە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، "دەبێت بڕۆین بۆ رێکارەکانی دیکە." یەکێک لەو رێکارانەش، وەک خۆی گوتی، "گەڕانەوەیە بۆ رای گەل،" کە مەبەست لێی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.
سەبارەت بە دانوستاندنەکان، محەممەد خورشید روونیکردەوە، "ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بنەمای 23 کورسی گفتوگۆمان کردووە، نەک 38 کورسی." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەر لایەنێکی دیکە بیەوێت بەشداریی حکومەت بکات، دەبێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن گفتوگۆ بکات.
د. محەممەد خورشید گوتی، "پەیوەندییەکانی ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قۆناخێکی باشدا تێپەڕ نابێت،" بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی نائومێدی.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت یەکێتی بە ئەنقەست رێگری لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەکات، گوتشیی: "پارتی حیزبێک نییە لایەنێک بتوانێت 'ستوونی' بۆ دیاری بکات و بژاردەی (ئەلف یان بێ)ـی بخاتە بەردەم. پێویستە وەک هێزی یەکەم و براوە، پێکەوە دابنیشین و بەپێی بەرکەوتەکان بگەینە رێککەوتن، چونکە پارتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ