رووداو دیجیتاڵ
گەشتە رۆژانەکانی کۆمپانیای (فلای ئەربیل) بۆ تورکیا (ئیستەنبوول) و وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت ئەڵمانیا بەردەوامن. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەڵێت: "تاکە هێڵین لە هەرێمی کوردستان و عێراق گەشتی راستەوخۆ بۆ فرۆکەخانەکانی ئەورووپا دەکەین و ئاسانکاریمان کردووە لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە".
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای ئاگربەست و لە کاتی کرانەوەی ئاسمانی عێراق 11ـی ئەم مانگەوە، دەستمان بە گەشتەکانمان کردووەتەوە. گەشتەکانمان بەپێی خشتەیەکی رۆژانەیە بۆ وڵاتانی تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، دانیمارک و هۆڵەندا بەردەوامن".
لەبارەی ژمارەی گەشتەکان، لاوەند مەموندی گوتی "هەفتانە 10 بۆ 14 گەشتمان بۆ ئیستەنبوول هەیە، هەروەها ئێستا هەفتانە نزیکەی 30 گەشتی راستەوخۆمان بۆ وڵاتانی ئەورووپا لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هەیە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیاکە، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنی فلای ئەربیل (بۆ سیستەمی ئایفۆن و ئەندرۆید) یان وێبسایتی فەرمیی کۆمپانیاکە، سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن و تکێتەکانیان ببڕن. هاووڵاتییان دەتوانن زانیارییەکانیان تۆمار بکەن و بە شێوەی ئەلکترۆنی پارە بدەن، یان بە شێوەی کاش لە ئۆفیسەکاندا تکێت بکڕن.
لاوەند مەموندی باسی لە ئاسانکارییە نوێیەکان کرد و گوتی: "ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن لەرێگەی کارتەکانی (هەژماری من)یشەوە پارەی تکێتەکان بدەن. هەروەها لە ئەگەری پەشیمانبوونەوە، هاووڵاتییان دەتوانن هەر لە ناو ئەپلیکەیشنەکەدا گەشتەکەیان کانسڵ بکەنەوە و پارەکە دەگەرێتەوە سەر هەژمارە بانکییەکەیان."
کۆمپانیای فلای ئەربیل کە لە ساڵی 2018ـەوە بە هاوبەشی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی (ئور) گەشتەکانی بۆ ئەورووپا دەستپێکردووە، تاکە هێڵە لە عێراق کە گەشتی رۆژانەی بۆ ئەورووپا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ