رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هێلیکۆپتەریان بۆ هێنانەوەی ئەو پێنج کاسبکارەی لە چیاکانی شنۆ لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو دابین نەکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ تیمێک لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە و خەڵکی خۆبەخش بە پێ بەرەو چیاکان رۆیشتن و دوای نیوەڕۆ گەیشتنە لایان.
سەرچاوەیەک لە شنۆ بە رووداوی راگەیاند، خۆبەخشەکان پەیوەندییان پێوە کردووە و رایانگەیاندووە، گەیشتوونەتە لای پێنج کەسەکە. هەر ئەمڕۆ تیمەکانی مانگی سووری شنۆ بەرەو چیاکە بەڕێکەوتن. ئەو سەرچاوەیەی رووداو دەڵێت، ئێستا خۆبەخشان چاوەڕوانن تاوەکو تیمەکانی مانگی سوور بگەن و پێنج هاونیشتمانییەکە بگەڕێننەوە.
ئەو پێنج هاونیشتمانییە کە چواریان دانیشتووی شنۆ و یەکێکیان دانیشتووی سنووری ورمێیە، 9 رۆژ لەمەوبەر و لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری سیدەکانی باشووری کوردستان، لە کوێستانەکانی شنۆ لەنێو بەفردا گیریان خوارد و تاوەکو ئەمڕۆ لە ئەشکەوتێکی ناو چیاکەدا مابوونەوە.
پێشتر برای یەک لەو هاونیشتمانییانە بە رووداوی گوتبوو، حکومەت [ـی ئێران] بەڵێنی پیدابوون بە کۆپتەر بچن و بیانهێننەوە، بەڵام دوای 9 رۆژ چاوەڕوانی ئەمڕۆ خۆبەخشان و کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە بە پێ چوون بۆ چیاکە و رزگاریان کردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ