رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا جیهان بە هەواڵی ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا راچڵەکی، لە عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەکان لەسەر جووڵە سیاسییەکانن بۆ پڕکردنەوەی کورسیی سەرۆککۆمار.
بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) وردەکاریی نوێ لەبارەی کۆتاییهاتنی سەردەمی چاڤیزم لە ئەمریکای لاتین و یەکلایینەبوونەوەی بەربژێری یەکێتی لە بەغدا ئاشکرا دەکات، هاوکات ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەک و سووریا لەلایەکی دیکلە پێ دەنێنە قۆناخێکی هەستیارەوە.
یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق
بەگوێرەی زانیارییەکانی (رۆژی هیوا جەمال)، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوازێکی "تاک بە تاک" بۆچوونی ئەندامانی خۆی لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار وەرگرتووە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە ئاشکرای کردووە، زۆرینەی بۆچوونەکان وەرگیراون و رەنگە پێویست بە کۆبوونەوەی درێژخایەن نەکات.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێوارەی دوێنێ دەنگۆی ئەوە هەبوو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ببێتە بەربژێر و تەنانەت سەردانەکەی فایەق زێدان بۆ لای سەرۆک بارزانی بەو مەبەستە لێکدەدرایەوە، بەڵام بەربەستی "بڕوانامەی زانکۆ" وەک کێشەیەک بۆ بافڵ تاڵەبانی باسکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەری بەهێز ئەوەیە نزار ئامێدی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغدا بکرێتە بەربژێری فەرمی، بەو پێیەی لەلایەن ماڵی شیعەشەوە کۆدەنگی لەسەرە.
موسەننا ئەمین بە پشتیوانیی سێ لایەن دەچێتە کێبڕکێی کۆشکی سەلام
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو نیازپاکیی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار راگەیاند. ئاماژەی بەوە داوە، هەریەک لە (نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست) بەڵێنی پشتیوانییان پێداوە.
موسەننا ئەمین بە رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی بڕیاری مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەم دەکەم و ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون، داوای دەنگی ئەوانیش دەکەم."
شیعەکان: پۆستەکە پشکی یەکێتییە و ڤیتۆمان نییە
لە بەغداوە پەیامی روون دەگات؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەخت دەکاتەوە پۆستی سەرۆککۆمار پشکی یەکێتییە. زیا ناسری لە دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، ئەوان هیچ ڤیتۆیەکیان لەسەر بەربژێرەکان نییە بە مەرجێک کورد لەنێو خۆیدا رێکبکەوێت. هاوکات فەهد جبووری لە رەوتی حیکمە دەڵێت: "ئێمە دەست لەو بابەتە وەرنادەین."
پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە و دادگە مەرجەکان دیاری دەکات
پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 5ی کانوونی دووەم دانیشتنەکانی دەستپێدەکاتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و پێکهێنانی لیژنەکان، کە هاوکاتە لەگەڵ دوا وادە بۆ پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرانی سەرۆککۆمار.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هۆشداریداوە لە بەکارهێنانی ناوی "سەرۆکی ئەنجوومەنەکە" لە ململانێ سیاسییەکاندا و جەختی کردووەتەوە، دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنە. بەپێی مادەی 68ی دەستوور، دەبێت بەربژێر تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت، خاوەن بڕوانامەی زانکۆ بێت و پێشینەی تاوانی نەبێت.
"قەڵای چاڤیزم رووخا"؛ وردەکاریی دەستگیرکردنی مادۆرۆ
لە رووداوێکی جیهانیی چاوەڕواننەکراودا، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کاراکاس، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ نیویۆرک. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەمە گەورەترین گورز بوو لە دیکتاتۆرییەت و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر."
لە ڤەنزوێلاش، دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆککۆمار وەک "سەرۆکی کاتی" دەستبەکاربوونی خۆی راگەیاند و هێرشەکەی بە "دەستدرێژیی ئیمپریالیستی" وەسفکرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مادۆرۆ بە سەرکردایەتیکردنی "کارتێلی خۆرەکان" و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر تۆمەتبار دەکات و بڕیارە دووشەممە لەبەردەم دادگە ئامادە بێت.
لە هۆشیار زێبارییەوە بۆ حیزبی شیوعی؛ خوێندنەوەی جیاواز بۆ دۆخی جیهان
دۆخی نێودەوڵەتی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشبینی ساڵێکی سەخت دەکات و نووسیویەتی: "سەرەتای 2026 دەستپێکێکی سەخت بوو بۆ جیهانی نوێ."
لە بەرامبەردا، حیزبی شیوعی کوردستان بە تووندی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتان و هەوڵێک بۆ داگیرکردنی نەوتی ڤەنزوێلای لەقەڵەم دا.
ئیسرائیل سنوور دەبەزێنێت و فەرەنسا و بەریتانیاش داعش بۆردوومان دەکەن
دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت؛ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند بە هاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا بنکەیەکی داعشیان لە تەدموور بۆردوومان کردووە. هاوکات ئیسرائیل هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و جگە لە بۆردوومانی فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزە، هێزە زەوینییەکانیشی سنووری "هێڵی ئاڵفا"یان بەزاندووە و دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی ستراتیژیدا گرتووە.
کۆتایی ئەرکی یونامی؛ عێراق بنکەکان وەردەگرێتەوە
دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی دەستی بە وەرگرتنەوەی بنکەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات عێراق داوای کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەو نێردەیەی کردبوو و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش رەزامەندی لەسەر دا.
سەرما و لافاو دەرگەی بەشێک لە قوتابخانەکانیان داخست
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان، بەهۆی کاریگەریی لافاوەکەی مانگی رابردوو، 900 قوتابی لە چەمچەماڵ ناتوانن بگەڕێنەوە پۆلەکانیان. هاوکات شەپۆلێکی سەرمای توند ناوچە شاخاوییەکانی گرتووەتەوە، کە بووەتە هۆی راگەیاندنی پشووی فەرمی لە ئامێدی، سۆران و پێنجوێن بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ