رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، جەخت لە "رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە" و هۆشداریدەدات لەوەی هەلومەرجی سیاسیى عێراق بەرەو قۆناخێکی هەستیار و مەترسیدار دەڕوات.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت و قەیران لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی هەرێم و دەرەوە بەرەوڕووی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێم دەبنەوە."
رۆژی 05-03-1991 خەڵکی رانیە لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین، دواتر ئەو راپەڕینە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، راپەڕینی خەڵكی كوردستان "دوو حەقیقەتی مێژووی بۆ خۆمان و یارونەیاران سەلماندەوە: سەركەوتنی گەل و نیشتیمانەكەمان لە یەكبوون و یەكدەستی و برایەتیماندایە، پەرتەوازەیی و لێكترازانیشمان جگە لە نەهامەتی و زیانمەندبوونی میللەتەكەمان، شتێكی دیكەى پێ نییە."
حەقیقەتی دووەمیش "ئەوەیە كە زوڵموزۆر و نكوڵیكردنی نەتەوەى كورد و مافەكانی گەلی كوردستان، لە كۆتاییدا جگە لە كەوتن و ریسوابوونی زاڵمان و خۆسەپێنەران ئەنجامێكی دیكەی نییە."
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکاتەوە "بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە رەوا و دەستوورییەكانمان لە خاكەكمان لە دەستكەوت و قەوارە نیشتیمانییەكەمان، هاوئاراستە و یەکگوتار بین."
هاوکات، داواش دەکات، "ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت."
مەکتەبی سیاسیی پارتی هۆشداریش دەدات لەوەی، لە سەروبەندی یادی راپەڕیندا، هەلومەرجی سیاسیى عێراق "بەرەو قۆناخێکی هەستیار و مەترسیدار دەڕوات."
ئەو دیموكراسییەت و فیدرالیزمەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەریان رێكکەوتوون و لە دەستووری عێراقی نوێدا چەسپیوون، "لەبەردەم مەترسی راستەقینەدان و هەوڵی ناوخۆیی و دەرەكی ئاشكرا لە ئارادایە بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەموو رێكکەوتنە سیاسییەكان، لە هەموو بنەما دیموكراسی و فیدرالییەكان و وەلانانی ئەو دەستوورەی خەڵكی عێراق دەنگیان پێداوە."
وەکو مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی دەکات، "گوشاری زۆر و هەمەلایەنە بەردەوامە بۆ سەپاندنی هەندێك واقیع بەسەر كوردستاندا كە بە درێژایی سەدەیەك بە هێرش و پەلاماری سەربازی تا ئاستی جینۆساید نەیانتوانیووە بەسەر خەڵكی كوردستانیدا بسەپێنن."
دەشڵێت، ئێستا بە ناو و لە رێی یاساوە دەیانەوێت بیانسەپێنن، "بەتایبەتی ئەو بڕیار و هەنگاو و ناهەقیانەی دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و موستەحەقاتەکانی و چەندین پرسی دیکە دەکرێن کە بە پێی دەستوور و یاسا فیدڕاڵییەکان دانیان پیانراوە."
بۆیە پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزە کوردییەکان زیاتر پێویستیان بە هاوئاهەنگی و یەكدەستییە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا.
هەر لەو روانگەیەوە "سووربووین لەسەر پاراستنی دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و دەستووری فیدراڵی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ