رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە، بەڵام تائێستا ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر نەداوە.
رۆژی سێشەممە، 04ـی ئاداری 2025 ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەوەشی بە رووداو گوت، کە "ماوەی مانگێکە رێباز حەملان دەوامی نەکردووە و هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ناوبراو داوای کردووە دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی ئەو بکرێت، تاوەکو کۆتایی بەو کێشانە بهێنرێت کە ساڵانێکە لەسەر ئەو بابەتە هەن، بەڵام وەزیری دارایی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی رازی نەبوونە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، جگە لەوەش "لەسەر دواکەوتنی مووچە بەشێوەیەکی بەردەوام و خەرجنەکردنی مووچەی مانگی 12 ساڵی رابردوو، دەنگە دەنگ لەنێوان تەیف سامی و رێباز حەملان دروستبووە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەیەتی."
رووداو زانیویەتی کە رێباز حەملان لەمامەڵەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەران و توڕەیە. بەو پێیەی لەسەر دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زۆرجار کێشەی بۆ درووستکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ