رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە درۆنییانەی گرتەئەستۆ, کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە کرانە سەر شاری هەولێر.
ئەو گرووپە بەرەبەیانی 4ى ئاداری 2026 لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند، کە بە گوتەی ئەوان، لە رێگەی "پۆلێک درۆن"ەوە بنکەی هێزەکانی ئەمریکایان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردووەتە ئامانج.
شەوی 3ی ئادار و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، زیاتر لە پێنج درۆن ئاراستەی هەولێر کران و لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە تەقێنرانەوە و پارچەکانیان کەوتنە چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی قەزای بەحرکە و ناحیەی کەسنەزان.
ئەو گرووپە رایگەیاندووە، ئەو هێرشانەیان وەک تۆڵەسەندنەوە بووە لە کوژرانى ژمارەیەک گەنجى عێراقى لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها تۆڵەسەندنەوەى کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە لە هێرشی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ى شوبات کوژرا.
سەرایا ئەولیا دەم، لە ساڵی 2020 دامەزراوە، گرووپێکی چەکداریی شیعەی نێو ئەو گرووپەیە کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن و نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
گرووپەکە لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا بەرپرسیاریێتی حەوت لەو هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ، کە کراونەتە سەر شاری هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ