رووداو دیجیتاڵ
لە چوارەم رۆژی شەڕدا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە و مووشەک ژمارەیەکی زیاتر بنکەی ئەمنی و سەربازییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردنە ئامانج.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەنێو شارەکان، بنکەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانی سنوور لە گوندەکانیش کراونەتە ئامانج، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان.
رۆژی سێشەممە 03-03-2026 هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجی زیاتریان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردنە ئامانج .
پارێزگای ئیلام
لە بەرەبەیانی سێشەممە بە فڕۆکە بۆردوومانی بنکە سەربازییەکان، پێگە مووشەکییەکان و بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی کرا لە پارێزگای ئیلام.
بەرەبەیانی سێشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعات و ناوەندی فەرماندەیی هێزی پۆلیسی پارێزگای ئیلام کە دەکەوێتە گۆڕەپانی (بەهەشتی)ـی شارەکە، چەند جار بە فڕۆکە بۆردوومان کران. هەروەها ناوەندی فەرماندەیی و چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران لە ئیلام کە بە سوپای (ئەمیرئـەلموئمنین) ناسراوە، بۆردوومان کرا. دانیشتوویەکی ئیلام دەڵێت، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شوێنە بۆردوومانکراوەکان بیستراوە و فەرماندەیی سوپای پاسدارانی پارێزگاکە لانیکەم پێنج جار بۆردوومان کراوە.
میدیا فەرمییەکانی ئیلام بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکان لە شاری سیروانی ئیلام، دوو سەرباز کوژراون.
میدیاکانی پارێزگاکە هەروەها ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە، لە رۆژانی رابردوودا مامۆستایەک و دوو قوتابیی ئەو پارێزگایە لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە، هاونیشتمانییان لە ئیلام و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە وەکو مێران و سەراوڵە شارەکان جێدەهێڵن.
پارێزگای ورمێ
رۆژی سێشەممە لەنێو شاری ورمێ چەندین شوێن بە فڕۆکە و مووشەک بۆردوومان کران. بەپێی ئەو زانیارییەی میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە و بەشێکیان بۆ رووداو پشتڕاست بوونەتەوە، بارەگاکانی سوپای پاسداران و بەسیج و هەروەها فەرماندەیی پاسەوانیی سنوور کراونەتە ئامانج. دەنگۆی بۆردوومانی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعات و باڵەخانەی دادگەی شۆڕشیش لەو شارە بڵاوبووەتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران دەڵێت، لە شاری ورمێ مووشەک بەر ماڵێکی ئاسایی لە گەڕەکی (قاسمیە) کەوتووە و ژن و پیاوێکی بەساڵاچوو بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەربازگەی سوپای پاسداران لە سێڕێیانی راژان لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێش کراوەتە ئامانج. بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، لانیکەم 7کەس لە هێزەکانی سوپا کوژراون.
لە شاری شنۆش، ناوەندی فەرماندەیی و ناوەندی هەواڵگریی سوپای پاسداران، بنکەکانی سوپای پاسداران لە شارۆچکەی نەڵاس و گوندی نەڵیوان و هەروەها باڵەخانەی دادگە کراونەتە ئامانج. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە، باڵەخانەی ئیتلاعاتی شارەکەش کرابێتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەبووەتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە شنۆ ماڵی خەڵکی ئاسایی بە مووشەک کراوەتە ئامانج و هەموو ئەندامانی خێزانەکە کوژراون.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کوژرانی لانیکەم یەک کەس بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکراوەتەوە و چەند کەسیش برینداربوون. زیانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش بڵاونەکراوەتەوە.
لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشاریش بۆردوومانکردنی بنکەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس بەردەوام بوو. لە بەیانیی سێشەممەوە، دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە نێوشار و دەوروبەری مەهاباد بیسترا. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومان کرا، بنکەیەکی بەسیج بوو لە نێوەڕاستی شاری مەهاباد. هەروەها بنکەیەکی سوپای پاسداران لە گەڕەکی (تەپەی قازی) و بنکەی سوپای پاسداران لە گوندی گوێکتەپە کرانە ئامانج.
پارێزگای سنە
بۆردوومانکردنی ئامانجە سەربازی و ئەمنییەکان لەنێو شاری سنەش بەردەوامە.
شەوی سێشەممە، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سنە لە گۆڕەپانی (12ـی فەروەردین) لەنێو شاری سنە چەند جار کرایە ئامانج. هەروەها ئامانجێک لە (شارۆچکەی سەعدی)ـی شارەکە بۆردوومان کرا.
هەر ئەمڕۆ، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران، بنکەیەکی بەسیج و بنکەی پۆلیسی ژمارە 14 لە گەڕەکی (شارۆچکەی بەهاران)ـی سنە بۆردوومان کران.
پارێزگای لوڕستان
لە پارێزگای لوڕستان رۆژی سێشەممە چەند ئامانجێک لە شارەکانی (بروجێرد) و (کوویەشت) کرانە ئامانج. ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بنکەی سەربازیی سوپا و ئەرتەشی ئێرانن.
میدیا حکومییەکانی پارێزگای لوڕستان دەڵێن، بنکەیەکی فریاکەوتن و رزگارکردنی سەر بە مانگی سووری ئێران لەسەر رێگەی خوڕمئاوا و بروجێرد کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
دامەزراوەی شەهیدانی شاری بروجێرد رایگەیاندووە، لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا سێ ئەفسەری سوپای پاسداران و ئەرتەش کوژراون. هەروەها لە کوویەشت کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی کەسێک بەهۆی بۆردوومانەکان راگەیێندراوە.
بەشێک لە هاونیشتمانییان نێو شاری خوڕەمئاوایان بەجێهێشتووە و دەچنە گوندەکان. پۆلیسی خوڕەمئاوا لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، شارەکە چۆڵ نەکراوە.
پارێزگای کرماشان
لە شاری پاوەی پارێزگای کرماشان، بنکەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج. بنکەی سەرەکیی سوپا لەو شارە بە قورسی بۆردوومانکراوە و بە تەواوی خاپوورکراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون و لانیکەم دوو کەسی سیڤیل کە لە کاتی بۆردوومانەکەدا لە نزیک بنکەکەی سوپای پاسداران بوون، گیانیان لەدەستداوە.
لە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشانیش رۆژی سێشەممە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، بەڵام دیار نییە کوێ کراوەتە ئامانج.
هەروەها نیوەڕۆی سێشەممە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە گەڕەکی (شارۆچکەی دانیش) لەنێو شاری کرماشان بیستراوە و بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبووەتەوە، کۆگای تەقەمەنیی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج.
بەهۆی ئەوەی حکومەت و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بەردەوام ئاماری قوربانیانی هێرشەکان بڵاوناکەنەوە، ژمارەی تەواوی قوربانیانی ئەو هێرشانە نازاندرێت. هەروەها بەهۆی پچڕاندنی ئینتەرنێت، ئەگەری ئەوە هەیە زانیاریی تەواو لەبارەی هەموو هێرشەکان نەگاتە میدیاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ