رووداو دیجیتاڵ
شەوی 3ـی ئادار و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ئاگرینی بەڕێکرد. زیاتر لە 5 درۆن لە هەولێر تێکشکێندران، درۆنێکی وێڵ لە سنووری دهۆک کەوتە خوارەوە و بنکەیەکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە سلێمانی کرایە ئامانج. بەشێک لەو درۆنانە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە و بەشێکی دیکەشیان لە ناوچە سڤیلنشینەکان کەوتنەوە.
هێرشەکان بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی ئامانجی جیاواز بوون، فڕۆکەخانە، کونسوڵخانەی ئەمریکا دیارترینیان بوون.
زۆرترین درۆن بەرەو ئاراستەی هەولێر بوون، هەندێکیان لە قەزای بەحرکە و ناحیەی کەسنەزان و گەڕەکی رۆشنبیر کەوتنەوە.
یەکێک لەو درۆنانەی لە کەسنەزان کەوتووەتەوە، بەر دووکان و خانووی هاونیشتمانییان کەوتووە، هاونیشتمانییەک کە درۆنەکە زیانی بە ماڵەکەی گەیاندووە بە رووداوی گوت: "چوار منداڵمان بریندار بوون و برینەکانیان سووکن".
درۆنێکی دیکە لە بەحرکە لە نزیک دیواری ماڵێک کەوتەوە، لە دوای ئەوەی سیستەمی بەرگری خستییە خوارەوە.
ئەو تەوژمەی ئاراستەکردنی درۆن و مووشەک بۆ هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی چڕبوونەوەی جەنگی نێوان ئێران و هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل بوو کە لە 28ى شوباتەوە دەستیپێکردووە.
گرووپە چەکدارەکان کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیاریکراوی "سەرایا ئەولیا دەم" بەرپرسیارێتیی زۆرینەی ئەو هێرشانە دەگرێتە ئەستۆ کە بەشێکە لە گرووپى بە ناو "موقاوەمەی ئیسلامی".
هێرش درۆنی و مووشەکییەکان لە 28ی شوباتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە، شەوی رابردوو بۆ یەکەمجار سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە، کاتێک بە درۆن بنکەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە گردێکی ناوەندی شاری سلێمانی بۆردوومان کرا.
شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە پەیامنێری رووداوی لە سلێمانی گوت: "گوێم لە دەنگی درۆنێک بوو، منداڵەکانم گوتیان ئەوە دەنگی فڕۆکەیە، چووم بیبینم و تەقیەوە، دەنگەکەی زۆر بەرز بوو".
هێرشی درۆن سنووری پارێزگای دهۆکیشی گرتەوە، درۆنێکی وێڵ لە گوندی کۆرکا شێخ لە قەزای ئاکرێ کەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە دەستپێکرد.
سەرچاوەی هاوێشتنی ئەو درۆنانە دیار نین، کە زۆرتر لە شەودا ئاراستە دەکرێن، بەڵام لایەنی پشت هێرشەکان دیارە.
ئەو گرووپەی ناوی خۆیان ناوە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رایگەیاند، تەنیا لە 3ى ئاداردا 27 هێرشیان بۆ سەر بنکەی نەیارانیان لە عێراق و ناوچەکە کردووە.
حەوت لەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، گرووپی ئەولیا دەم، کە گرووپێکی چەکداری شیعەی عێراقە لە ئەستۆی گرتوون.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هێرش کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 110 درۆن و مووشەک بەکارهێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ