سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: پێویستە حکومەت رەشنووسی یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان

04-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە حکومەت رەشنووسی یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات و هەموو لایەک پابەندبوونە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، پێشوازی لەو رێککەوتنەی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی سێشەممە، 4-4-2023، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ لە بەغدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی واژۆکرا و دەڵێت: "دوای چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنەکە دەکات و بەگەرمی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و عێراق دەکەین، هیوادارین ببێتە سەرەتای لێکتێگەیشتنی باش و هاوبەش سەبارەت بە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغداد."
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، "گەلی کوردستان ساڵانێکی سەختی لە قەیرانی تاقەت پڕووکێن بەهۆی ململانێیکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت تێپەڕاند، بۆیە میلـلەتەکەمان چاوەڕوانی ئەوەی لە هەموو لایەكمان هەیە کە قۆناخێکی نوێی دڵنیایی و ئارامی بەرقەرار بکەین و دادپەروەریی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و تەواوی شار و شارۆچکەکاندا بێتەدی."
 
لەبارەی رەشنووسی بوودجەی هەرێمی کوردستانیشەوە داواکاری هەیە و دەڵێت: "بۆ ئەو مەبەستە و دوای دڵنیابوون لە سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم، وەك چۆن پێداگری لەسەر شایستەییەکانی هەرێمەکەمان لە ناو بودجەی دەوڵەتی عێراق دەکەین و وەك سەنەدی دەستووری و یاسایی بۆ بەدەستهێنانیان پشت بە یاساکەی دەبەستین، دەبێت بە هەمان لۆژیك و بنەما پێداگر بین لەسەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئێستا و داهاتووشدا بنێرێتە پەرلەمان و هەموومان پابەندییە یاساییەکانی خۆمان لەو رووەوە جێبەجێ بکەین."
 
دوای 11 رۆژ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ئەمڕۆسێشەممە، 4-4-2023، رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە.
 
لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رێککەوتنەکەیان بە گرنگ وەسفکرد کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێککەوتنی زیاتر.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، لە بودجەی گشتیی عێراق کە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان بە گشتی 23 تریلیۆن و 882 ملیار و 653 ملیۆن و 399 هەزار دینار، بەڵام دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی (حاکیمە و سیادی)، بڕی 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینار وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار دینار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.