رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق نرخی گەنمی بۆ ئەمساڵ دیاریکردووە و هەمان نرخی ساڵی رابردوو دەبێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو گوتی "ئێستا نرخی یەک تەن گەنم لە بۆرسە جیهانییەکاندا نزیکەی 200 دۆلارە، حکومەتی عێراقیش ئەمساڵ نرخی گەنمی نمرە یەکی بە 560 هەزار دینار، نمرە دوو 480 هەزار دینار و نمرە سێی بە 420 هەزار دینار دیاریکردووە".
بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە 20ی نیسانەوە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەست بە وەرگرتنی گەنم کراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکرێت.
بە گوتەی نەوزاد ئەدهەم، بڕی وەرگیرانی گەنم حکومەتی عێراق دیاریدەکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان هەمان بڕی پارساڵ وەردەگرێت، کە پارساڵ زیاتر لە 360 هەزار تۆنی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کڕیبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ