رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، دوای بارانی بەخوڕ، لافاو دروستبوو و بایەکی بەهێزیش هەڵیکرد. لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە دوو شارۆچکەی رووها پشووی خوێندن راگەیێندرا.
لە باکووری کوردستان، سەرەڕای هاتنی وەرزی بەهار و مانگی ئایار، شەپۆلی بارانبارین بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممە سێی ئایاری 2026 لە پارێزگاکانی رووها، ئامەد، کیلیس، دیلۆک و مەڵەتی بارانی بەخوڕ باری و بووە هۆی لافاو و زریان.
لە شارۆچکەی بێرەجوک سەر بە پارێزگای رووها، بەهۆی با و زریانەوە منارەی مزگەوتی کارشییاکا رووخا و زیان بەر هەندێک ماڵ و شوێنی کار کەوت.
لە شارۆچکەکەدا بەهۆی با و زریانەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکە بریندار بوون. لە شارۆچکەی وێرانشار ـیش 11 کەس بریندار بوون.
لە شارۆچکەی بێرەجوک زیان بە ژمارەیەکی زۆر خانوو و ئۆتۆمبێل گەیشت. حەوت لە بریندارەکانی بێرەجوک کە برینەکانیان سەخت بوو، گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوەندی شاری رووها.
پارێزگای رووها رایگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە رۆژی دووشەممە چواری ئایار لە شارۆچکەکانی بێرەجوک و وێرانشار دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە.
لە شارۆچکەی چێرموگ سەر بە ئامەد ـیش بارانی بەخوڕ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان دروستکرد. شەقام و کۆڵانەکان ژێرئاو کەوتن و کێشەی هاتووچۆ دروست بوو.
لە پارێزگاکانی دیلۆک، کیلیس و مەڵەتی ـیش دوای بارانی بەخوڕ شەقام و کۆڵانەکان ژێرئاو کەوتن و لە هەندێک شوێن لافاو روویدا.
لە دیلۆک بنمیچی باڵەخانەیەک رووخا و بەسەر هاونیشتمانیاندا کەوت و بەو هۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.
پارێزگای دیلۆک رایگەیاند، بارانی بەخوڕ تاوەکو بەیانیی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت و تیمە پەیوەندیدارەکان لە ناوچەکانی مەترسیی لافاو رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر.
لە شارۆچکەی چەلیکان سەر بە سەمسوور ـیش تەرزەیەکی زۆر باری و زەویی سپی پۆش کرد. لەو شارانەی بارانی بەخوڕی لێ باری، کێشەی هاتووچۆ دروست بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ