رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەیەکی کورتدا 3 سەنتەری ئۆتیزمیان کردووەتەوە و دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 هەزار منداڵی ئۆتیزم هەن، بەڵام تەنیا 310 منداڵیان مووچەیان هەیە."
ئەمڕۆ دووشەممە 04-05-2026، سەنتەری ئۆتیزمی قەڵادزێ کرایەوە، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەت و دەزگای روانگەیە. کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە دروستکردنی ئەم سەنتەرەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 ملیۆن دیناری دابین کردووە و بڕی 28 ملیۆن دینارەکەی دیکەش لە لایەن دەزگای روانگەوە دابینکراوە.
وەزیری کار ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەیەکی کورتدا 3 سەنتەری ئۆتیزمیان کردووەتەوە، کە دووانیان لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە بووە و دانەیەکیان بە هاوبەشی بووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 927 منداڵ هەڵگری کۆنیشانەکانی ئۆتیزمن، بەڵام کوێستان محەممەد گوتی، "بەداخەوە لەو ژمارەیە تەنیا 310 منداڵیان مووچەیان هەیە."
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 70 سەنتەری راهێنانی ئۆتیزم هەن؛ 56 سەنتەریان کەرتی تایبەتن و 14 سەنتەریشیان حکومین کە هەزار و 756 منداڵ راهێنانیان تێدا وەردەگرن.
هەر لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکاندا، وەزارەتی کار بە هاوکاریی دەزگای روانگە و ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان، وەرشەیەکی نوێی راهێنانی پیشەییان لە قەڵادزێ کردەوە. ئەم وەرشەیە تایبەتە بە چاککردنەوەی مۆبایل، ئایپاد و بابەتە ئەلیکترۆنییەکان، کە بەمەش کۆی ژمارەی وەرشەکانی سەنتەرەکە گەیشتە 15 وەرشە.
بەڵێنێک لە دەزگای روانگەوە
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "خزمەتکردنی قەڵادزێ بە ئەرکی خۆمان دەزانین، ئەوەش وەک وەفایەک بۆ قوربانییانی ئەم شارە." هەروەها گوتیشی، "لە روانینی سەرۆکی دەزگای روانگە، بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، بەڵێن دەدەین پشتیوان بین بۆ هەر کارێک کە خزمەتێکی درێژخایەن بێت بۆ کوردستان."
داواکارییەک بۆ کەرتی پەروەردە
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر، کردنەوەی ئەم پڕۆژانەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بووژانەوە و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان ناوبرد. قایمقام بەناوی دانیشتووانی ناوچەکەوە داوای دروستکردنی قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە قەڵادزێ کرد و رایگەیاند کە پێویستییەکی هەنووکەیی کەرتی پەروەردەیە لە شارەکەدا.
قەڵادزێ کە ناوەندی قەزای پشدەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، زیاتر لە 130 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و لە ساڵی 1948ـەوە بووەتە قەزا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ