رووداو دیجیتاڵ
میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایانگەیاند، لە کۆنگرەی ئەمجارەدا خۆیان بەربژێر ناکەن و پۆستەکە رادەستی هەڤاڵانی دیکەیان دەکەن.
ئێوارەی یەکشەممە، 4-6-2023 هەریەک لە میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا باسیان لە قۆناخی داهاتووی پارتەکەیان و هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردن کرد و رایانگەیاند، لە کۆنگرەی ئەمجارەی پارتەکەیاندا، خۆیان بەربژێر ناکەنەوە و پۆستەکە بۆ هەڤاڵانی دیکەیان جێدەهێڵن.
پەروین بوڵدان جەختی کردەوە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتەکەیان کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە بڕیاری ئەوەی کە هەدەپە کۆنگرە ببەستێت، گوتی: "دەستنیشانی ئەوەمان کرد کە نەمانتوانیوە لە بانگەشەدا سەرکەوتوو بین. نەگەیشتووینەتە دوورەدەستەکان و بازنەکانمان فراوان نەکردووە. کەمتەرخەمیمان هەبووە لە راکێشانی چین و توێژە جیاوازەکان. بۆ نموونە نەبوونی ئەرمەنی، ئێزدی و نوینەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کەموکوڕییە. بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی رەخنەکان، شانازی بەوەوە دەکەم کە لەم کۆنگرەیەدا پۆستی هاوسەرۆکایەتی رادەستی هەڤاڵێکی دیکەمان بکەم".
هەروەها میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە باسی لە بڕیارەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەی وەستاندنی چالاکییە سیاسییەکان و گوتی، ئەوان بەر لە هەڵبژاردن سەردانی دەمیرتاش و پرۆسەکەیان بە تەواوی بۆ باسکردووە. گوتیشی: "دەمیرتاش هەڤاڵیکی زۆر بەهاداری ئێمەیە و هاوڕێبازمانە. ئێمە جگە لە هەوڵی چۆنییەتی بەهێزکردنی پارتەکەمان، هانامان بۆ هیچ فاکتەرێکی دیکە نەبردووە".
هەدەپە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2022 لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ شەش پارتی چەپ و سۆسیالیست دامەزراندنی "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی"ی بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند و نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکرا کرد. ئەو شەش پارتەی تورکیا کە لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە: پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنج (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV) .
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023دا 5 ملیۆن و 758 هەزار و 937 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە 10.6٪ی کۆی دەنگەکانی باکووری کوردستان و تورکیا. هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان 65 کورسیی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان بردەوە. هەدەپە کە بە لیستی یەسەپە بەشداری کردبوو، وەک پارت؛ 61 کورسیی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ