رووداو دیجیتاڵ
دوای فەرمانێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پێشمەرگە فەرمانێکی وەزاری بۆ بەرزکردنەوەی پلەی 373 ئەفسەر دەرکرد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ئەو خشتەیە خشتەی نەورۆزی ساڵی 2022ەوە پلەبەرزکردنەوە لە پلەی مولازمی یەکی تێدایە تاوەکو پلەی لیوا."
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە ئەمڕۆ سێشەممە، 4-7-2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر کردووە 373 ئەفسەری وەزارەتەکە پلەیان بەرزکراوەتەوە.
فەرمانە وەزارییەکە پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە 128 لە 11-4-2023 و لەبەر رۆشنایی نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 1197 لە 20-3-2023 و فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 2691 لە 3-7-2023 دەرکراوە، لیستەکە 274 ناوە، بەڵام بەپێی خاڵی دووەمی ئەو فەرمانە وەزارییە ناوی یەکەمی لێ بەدرکراوە.
رۆژی سێشەممە، 4-7-2023، لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی نووسراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خشتەی پلەبەرزکردنەوەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕایەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، خشتەی نەورۆزی ساڵی 2022ـی هێزەکانی پێشمەرگەیە، ئەمڕۆ گەیشتووەتەوە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو خشتەیەدا ژمارەیەک ئەفسەر بە پلەی مولازمی یەک تاوەکو لیوای تێدایە."
هەروەها گوتی: "ئەو خشتانە بەردەوام دەبن، خشتەکانی ئەیلوولی ساڵی 2022 و نەورۆزی ساڵی 2023ش ئامادەن و بەمزووانە دەنێردرێن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران."
پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە تاوەکو پلەی جێگری ئەفسەر، راستەوخۆ بە فەرمانی وەزیرە؛ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربچێت و پاشان رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 2ـی ئایاری 2023 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ پاشکۆی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ـی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت و فەرمانەکە لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆی لەسەر کرا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو ئەفسەرانەی ئەوکات لە خشتەکەدا ناویان گەڕابووەوە و پلەیان بەرز دەکرێتەوە نزیکەی هەزار و 300 ئەفسەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ