رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک کۆڵبەر لە ملەی تەتەی هەورامان لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە گەمارۆ دراون و رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆڵبەر نیوز کە زانیاری لەبارەی کۆڵبەران بڵاودەکاتەوە: لە دوێنێ دووشەممەوە نزیکەی 200 کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان لە نزیک سنوور کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان یان بچنە نێو خاکی باشووری کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆڵبەر نیوز، ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ و پاوەن و ئاو و خواردنی پێویستییان پێ نییە.
هێزەکانی ئێران مانگی پێنجی ئەمساڵیش لەو ناوچەیە بۆ ماوەی سێ رۆژ کۆڵبەرانیان گەمارۆ دا.
ملەی تەتە دەکەوێتە نێوان شارەکانی پاوە و مەریوان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە. یەک لە رێگەکانی هاتووچۆی کۆڵبەرانە و لەو رێگەیەوە زیاتر کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ و پۆشاک دەگوازنەوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 11 کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران، هەروەها خنکان، رووداوی هاتووچۆ و هەڵدێران گیانیان لەدەستداوە و 50 کۆڵبەریش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ