رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ بانگکردنی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکەیان بۆ پرسی دەنگی بێزارکەری ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان و زیادبوونی ئۆتۆمبێلی جامڕەش لە هەولێر، چاوەڕوان دەبن لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەوە وادەیەک بۆ بانگکردنەکە دیاریبکرێت.
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 عیماد رەفعەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە دەنگی بێزارکەری ئۆتۆمبێلەکان، ئەوانەی شت دەفرۆشن یان کەلوپەلی بەکارهاتوو دەکڕن، جگە لەوەش ئەو ماتۆڕسکیلانەی دەنگی بێزارکەر لە گزۆزەکانیانەوە دەردەچێت لە سەرجەم کۆڵان و گەڕەکەکانی شاری هەولێر، بووەتە دیاردەیەکی ناشرین."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی، "ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک واژۆم کۆکردەوە بۆ بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر بۆئەوەی باسی زیادبوونی ئەو بابەتە و چۆنێتی رێگریکردنی بکات، جگە لەوەش بابەتی زیادبوونی ئۆتۆمبێلی جامڕەشیش یەکێک دەبێت لە مژارەکان."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا باسی لەوەش کرد، ئەو دەنگانە چەندین کێشە و ناکۆکیی لێکەوتووەتەوە و چارەسەرکردنیان بە بڕیارێک دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ