رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و رایگەیاند، هاوڕابوون لەسەر یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر پرسە جیاوازەکان. داواش دەکەن بەدواداچوون بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکرێت.
کۆبوونەوەکە شەوی رابردوو لە ماڵی عەممار حەکیم لە بەغدا کرا. سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو. چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، جەخت لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکان کرایەوە بەرامبەر پرسە نیشتمانییەکان بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی عێراق و گەلەکەی بێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هەوڵی جیدی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوکاریکردنی هێزە سیاسییەکان لەو پێناوەدا.
سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق و دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، لە بەغدایە. دوێنێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە و بەشێک لە باڵیۆزی وڵاتان کۆبووەوە. بڕیارە ئەمڕۆش چەندین کۆبوونەوەی دیکەی هەبێت.
لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا باسی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق کراوە. لەوبارەیەوە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئامادەبووان هاوڕابوون لەسەر گۆڕینی شێوازی کارکردنی هاوپەیمانان بۆ شێوازێکی دیکە لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە بەدواداچوون بکرێت بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی دەستوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ