سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەڵمانیا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

04-08-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە سەردانی کردبوو. لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و خواستی برەودان پێیان کردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی باڵیۆزی ئەڵمانیا کرد بۆ هەوڵەکانی لە ماوەی کارکردنیدا لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆز هۆمان خۆشحاڵی خۆی بە کارکردن لە عێراق نیشاندا و سوپاسی پشتیوانیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەڵمانیا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و خوازیارە لە هەموو بوارەکاندا پەرەیان پێبدرێت.
 
گفتوگۆکان هەروەها دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و دوا پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە بەگشتی لەخۆگرت. کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیاش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی دیدارەکە بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە