بەڕێوەبەرێک: قوباد تاڵەبانی پێیگوتین، نابێت وەبەرهێنەران سلێمانی بەجێبهێڵن

04-09-2022
گۆڤەند مستەفا
 گفتوگۆی رووداو لەگەڵ دیار شێخ غەریب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ دیار شێخ غەریب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی کۆبووەوە، یەکێک لەو بەڕێوەبەرانەی کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربووە باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە قوباد تاڵەبانی پێگوتوون، "نابێت وەبەرهێنەران سلێمانی بەجێبێڵن".. و جەختی لەوەش کردووتەوە کە "دەبێت لە ماوەی مانگێکدا پڕۆژەکان دەستپێبکەنەوە." 
 
رۆژی یەکشەممە 04-09-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی کۆبووەوە؛ دوای کۆبوونەوەکە دیار شێخ غەریب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی دەکات. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی، دیار شێخ غەریب دەڵێت: "ئەمساڵ دوای ئەوەی کۆمەڵێک گلەیی بازرگانان و وەبەرهێنەران بە بەڕێزیان گەیشتەوە سەبارەت بە هەبوونی رێژەیەکی زۆر لە رۆتین و دروستکردنی بەربەستی جۆراوجۆر لە نێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان. بەڕێزیان وەکو خەمخۆرێکی ئەو شارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی پێکردین."  
 
بە گوتەی دیار شێخ غەریب، قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی: "لە سلێمانی شاری ئەمن و ئارامیدا ناکرێت وەبەرهێنەرەکانمان هەڵبێن بۆ شارەکانی دیکە و نەتوانن لە زێدی خۆیان ئەو پڕۆژانەی دەیانەوێت بۆ خزمەتی شارەکە جێبەجێ بکەن." 
 
دیار شێخ غەریب ئاماژە بەوە دەدات کە جێگری سەرۆکوەزیران "زۆر بە جیددی و زۆر بە تووندی لەسەر ئەو بابەتە ئاگاداریی کردینەوە کە بە هیچ جۆرێک ئێمە و ئەو بەڕێوەبەرانەی کە پەیوەندیدارن بە بابەتی مۆڵەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆمان نییە بە میزاجی کەسی ببینە هۆی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم بازرگانان و وەبەرهێنەران." 
 
سەبارەت بەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە دراون، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی گوتی: "تەواوی ئەو پرۆژانەی کارەکانیان وەستاوە، پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بەجێ بگەیێندرێت و رێکارەکانیان بۆ بگیرێتەبەر و هەرچی پێویستە بۆیان ئەنجام بدرێت."  
 
لە کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی، دەستپێکردنەوەی 55 پڕۆژەی ناتەواو کە دەکەونە ناو شاری سلێمانی تاوتوێکراون، بە گوتەی دیار شێخ غەریب، ئێستاش 18 پڕۆژە هەن کە سایت پلان و هەموو شتێکیان تەواو بووە، پێویستە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا کارەکانیان پەیوەست بە پێدانی مۆڵەت تەواو بکەن، ئەگەرنا رێکاری زۆر تووند و یاسایی لە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و "لە هیچ کەسێکیان قبووڵی ناکەن ببێتە هۆکاری پەککەوتنی پڕۆژەکان. بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیێنێت کە ئێمە کاری نایاسایی بۆ پڕۆژەکان بکەین." 
 
دیار شێخ غەریب ئاماژە بەوەش دەدات، "35 پرۆژەی تەواو نەکراویش هەن، پێویستە لە ماوەی مانگێکدا دەست بە کارەکانیان بکرێتەوە، بە زووترین کات کارەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت." 
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی گوتیشی کە قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "رۆتینیاتی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکان کەمبکرێتەوە، ئەو پرۆژانەی ستراتیجین زووتر کارەکانیان بەڕێبکرێت، ئەو پڕۆژانەی خزمەت بە پارێزگاکە دەکات پێویستە بە دەستێکی پۆڵایین هەموومان وەک یەک تیم کاری بۆ بکەین." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.