رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و تەواوی زیانلێکەوتووان بە "پارەی کاش" قەرەبوو دەکرێنەوە؛ دەشڵێت: "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە دەکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری."
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ.
عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە."
لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی پارە لەبری کەلوپەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئامانج لەم بڕیارە ئەوەیە پارەکە بچێتەوە نێو بازاڕی چەمچەماڵ، دەستاودەست بکات و جووڵە بخاتەوە نێو بازاڕی قەزاکە."
قەرەبووەکان بە سێ قۆناخ دابەش دەکرێن
بەگوێرەی ئەو داتابەیسەی لەلایەن لیژنەکانەوە ئامادەکراوە و هەر زیانلێکەوتوویەک کۆدی بۆ کراوە.
قەرەبووەکان بەپێی پۆلێنکردنی زیانەکان بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکرێن:
قۆناخی یەکەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ماڵەکان.
قۆناخی دووەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگا بازرگانییەکان.
قۆناخی سێیەم: قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاماری زیانەکانی بەمجۆرە خستەڕوو:
1298 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
210 دووکان و کۆگای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.
569 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.
عەتا محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تەواوی پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە، بەوپەڕی شەفافییەت و بە پێوەرەکانی دەستپاکی."
زیاتر لە 7 ملیار دینارەکەی رووداو
بەشێکی سەرەکیی ئەو پارەیەی بۆ چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، لە رێگەی کەمپەینی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بووە.
رۆژی یەکشەممە 14-12-2025، لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) کە رەنج سەنگاوی پێشکەشی دەکات، تەنیا لەماوەی دوو کاژێردا نزیکەی 6 ملیار دینار کۆکرایەوە. رۆژی دواتر (دووشەممە) لە هەڵمەتێکی دیکەدا لەکاتی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا، رەنج سەنگاوی، بۆ ماوەی نیو کاژێر دەرکەوتەوە و کۆی گشتیی پارەی کۆکراوە لەلایەن رووداوەوە گەیشتە نزیکەی 7 ملیار دینار.
عەتا محەممەد سوپاسی رۆڵی رووداوی کرد و گوتی: "تۆڕی میدیایی رووداو هاوکارمان بوون و هەڵمەتەکەیان کرد، ئەوەش زۆرترین بڕی هاوکاری و کۆمەکی کۆکراوەیە بۆ ناوچە زیانبارەکان."
چاودێری و شەفافییەت
سەبارەت بە چاودێریکردنی پارەکە، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری کەمپەینەکەیە، لە (رووداوی ئەمڕۆ) رایگەیاند، پرۆسەکە بەتەواوی شەفاف دەبێت.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتی: "گرنگە ئەو پارەیە بچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی، چونکە ئەو کاتە وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دامەزراوەکانی وەک دیوانی چاودێریی دارایی دەتوانن وردبینی تێدا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ