رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی کردنەوەی ئەو بازاڕە لە هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025، فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کۆبوونەوەیەکی هاوئاهەنگی بووە و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بووە، بۆ بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی هەولێر.
ئەو بازاڕە تایبەتە بە مامەڵەی دارایی و بانکی و کڕین و فرۆشتنی پشک لە بوارە جیاوازەکاندا.
دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق رایگەیاندووە، مۆڵەتی تایبەت بە کردنەوەی ئەو بازاڕە لە رووی یاسایی و رێکخستنەوە دراوە و تەواو بووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو هەنگاوانە کراوە کە نراون و باسیش لە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی دیکە کراوە، کە تەواو نەبوون.
جەبار گۆران، پسپۆڕی کارگێڕی و بازرگانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لەو بازاڕەدا مامەڵەی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەکردن بە پشکەوە دەکرێت و دەرفەتی کار و وەرگرتنی قەرز دەڕەخسێنێت لە کەرتی دارایی و ئاڵتوون و کەرتە جیاوازەکانی دیکە".
لە 20ی شوباتی 2025ـەوە بازاڕێکی هاوشێوە لە پارێزگای سلێمانی کراوەتەوە کە لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراقدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی کارا نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ