رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان تاوەکو 20ـی ئەیلوول درێژکراوەتەوە و دەشڵێت، "بەمنزیکانە خشتەی کارەکانی هەڵبژاردنەکە رادەگەیێنن".
رۆژی دووشەممە، 4-9-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 20ـی ئەیلوول درێژبکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی زۆرترین کەس تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە و دەرفەتی زیاتر لەبەردەم دەنگدەران هەبێت."
روونیشیکردەوە: "تاوەکو رۆژی 3ـی ئەیلوولی 2023، 221 هەزار و 74 کەس تۆماری دەنگدانی خۆیان نوێکردووەتەوە، لەو ژمارەیە 32 هەزار و 336 کەس لەو کەسانەن کە بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن."
سەبارەت بە رێکارەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "کۆمیسیۆن لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستدەکات بە ئامادەکردنی خشتەی تایبەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایدەگەیێنێت، ئێمە بەردەوامین لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریکراوە."
رۆژی 13ـی تەممووزی 2023 نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیاربوو 12ـی ئاب تەواو بێت، بەڵام کۆمیسیۆنی عێراق تاوەکو 12ـی ئەیلوول درێژی کردەوە.
لە هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 641 هەزار و 566 دەنگدەر هەن، لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین دەنگدەر هەیە و پاش ئەوە پارێزگای هەولێر و پاشان دهۆک دێت، جگە لەوەش 173 بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەران لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان هەن و بەمشێوەیە دابەشبوون:
پارێزگای هەولێر
- کۆی گشتیی دەنگدەران: ملیۆنێک و 312 هەزار و 601 کەس
- ژمارەی بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدان: 53 بنکە
پارێزگای سلێمانی
- کۆی گشتیی دەنگدەران: ملیۆنێک و 441 هەزار و 855 دەنگدەر
- بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران: 79 بنکە
پارێزگای دهۆک
- کۆی گشتیی دەنگدەران: 887 هەزار و 110 دەنگدەر
- بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران: 41 بنکە
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ