رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ئەمشەوی گەڕەکی شۆریجەوە لە شاری کەرکووک، پۆلیسێکیان برینداربووە و لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەدان. دەشڵێت، "سەرجەم گیراوانی چەند رۆژی رابردوو ئازادکران".
شەوی دووشەممە، 4-9-2023، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئەمشەو چەند کەسێک لە گەڕەکی شۆریجە خۆپێشاندانیان دەستپێکردووە و داواکارییەکانیان نازانرێت، داوامانکردووە کۆتایی پێبهێنن، بەداخەوە هەندێکیان منداڵن و خۆشیان نازانن چییان دەوێت."
گوتیشی، "بەهۆی گرژییەکانی ئەمشەوەوە لە گەڕەکی شۆریجە، پۆلیسێک بە بەرد برینداربووە، ئێمە داوا دەکەین کۆتایی بەو گرژییانە بهێنرێت، چونکە زیان بە خەڵک دەگات، خزمەتگوزارییەکان تێکدەچن."
سەبارەت بە هەواڵی سووتاندنی ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، "راست نییە".
لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
3ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانى پشکى کەرکووک کۆبووەوە کە نوێنەرى سەرجەم پێکهاتەکانى ئەو شارەى تێدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ