رووداو دیجیتاڵ
ساڵح موسلیم، ئهندامی دهستهی سهرۆكایهتیی پهیهده به رووداوی راگهیاند، لهگهڵ جێگری وهزیری دهرهوهی توركیا کۆبووەتەوە و ئهردۆغانیش ئاگاداره. هاوکات، داوای یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، داوای سیستمێکی ناناوەندی بۆ سووریا دەکەن.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025 پەخشکرا، ساڵح موسلیم، ئهندامی دهستهی سهرۆكایهتی پارتى یهكێتی دیموكراتیک (پهیهده)، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق و تێڕوانینی کورد بۆ ئایندەی سووریا. ساڵح موسلیم جەختی لەسەر گرنگی یەکڕیزی کورد کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کۆبانێ خاڵی دەستپێکی یەکگرتنی کورد بووە لە چوارپارچەی کوردستان.
ساڵح موسلیم ئاماژهی بهوه دا كه ئهوان شهڕیان ناوێت و بۆ شهڕیش ئامادهن: "ئهو دۆخهی كه ئێستا رۆژههڵاتی نێوەڕاست تێیدا تێدهپهڕێت، گۆڕینی ههر شتێک مومكینه، ههر ئهگهرێک ههیه. له لایهک تۆم باراک، كهس نازانێت سبهی چ بڕیارێک دهدات، له لایهكی دیکە ئهردۆغان چ دهكات روون نییه، راست و چهپی روون نییه. له لایهكی دیکە ئهحمهد شەرع، ههموو كهسێک پاشینهی ئهو دهزانێت و ئهوانهی دهوروبهری دهزانن لە کوێیەوە هاتووە. لهم دۆخهدا تۆ ناچاری ههمیشه بۆ خۆپاراستن ئاماده بیت."
سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق، موسلیم ئاشکرای کرد کە شاندی کوردی ئامادەیە بۆ سەردانی دیمەشق و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن: "کێشەکە لە ئێمەوە نییە. کێشەکە لای ئەوانە." ساڵح موسلیم جەختی لەسەر پێویستی بوونی لایەنێکی گەرەنتیکار کردەوە لە دانوستاندنەکاندا، بەتایبەتی بۆ ئەو رێککەوتنانەی کە دەیانەوێت هەمیشەیی بن.
موسلیم رایگەیاند کە کورد داوای سیستمێکی ناناوەندی (لامەرکەزی) دەکەن بۆ سووریا، چونکە سیستمە مەرکەزییەکان لەلایەن گەلەوە رەتکراونەتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە کورد دەخوازن هاوبەشی راستەقینەی سووریا بن لە هەموو بوارەکاندا، لە هەڵبژاردن، دەستوور، حکومەت و ئابووریدا.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساڵح موسلیم:
رووداو: بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش، هەڤپەیڤینێکی دیکەم بۆ ئامادەکردوون، ئەم هەڤپەیڤینە زۆر جیاواز و تایبەتە، چونکە بۆ یەکەم جار میوانەکەم ساڵح موسلیمە،باوکی وڵات، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، بەڵێنی پێدابووم کە هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ بکات و بەڵێنەکەی جێبەجێکرد. باوکی وڵات بەخێربێیت. زۆر دڵخۆش بووم.
ساڵح موسلیم: خێرەندار بن، سڵاو لە ئێوە و گشت کارمەندەکانتان.
رووداو: بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووم.
ساڵح موسلیم: بەڵێ ئێمەش دڵخۆشین.
رووداو: لە حەسەکە، لە رۆژئاوای کوردستان تۆم بینی، ئەوکاتە 100% بەڵێنت پێنەدام، بەڵام لە دڵمدا بوو کە هەڤپەیڤینێکت لەگەڵ بکەم، خەڵکی کۆبانێ بەڵێنی خۆیان ناشکێنن، وانییە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ کۆبانێ بەوە بەنێوبانگە، بە سەرڕەقی خۆیان بەنێوبانگن.
رووداو: بەڵام هێدی هێدی سەرمان نەرم دەبێت (بە پێکەنینەوە).
ساڵح موسلیم: ئەگەر ماف هەبێت نەرم دەبێت.
رووداو: باوکی وڵات، باسی کۆبانێمان کرد، کاتێک دەچیتە گۆڕستانی شەهیدان لە کۆبانێ، شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕستانەکەدا دەبینیت. پێشمەرگەیەک شەهید بوو، پێشمەرگە لەگەڵ شەڕڤانان و بە یارمەتی ئەمریکییەکان کۆبانییان رزگار کرد. کۆبانی کوردی بەڕاستی یەکخست.
ساڵح موسلیم: نەوەک تەنیا یەکگرتن، بەڵکو تایبەتمەندی و شەڕی کۆبانی لە زۆر رووەوە کاریگەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کاریگەری هەبوو.
رووداو: گوتمان کۆبانێ کوردی بەرەو یەکێتی برد، کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە کۆبانێ کۆبوونەوە. باوکی وڵات، ئێستا کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرەو یەکگرتن دەڕۆن یان بەرەو جیابوونەوە؟
ساڵح موسلیم: نەوەک تەنیا لە رۆژئاڤا، گوتمان کۆبانێ دەستپێکێک بوو، دەستپێکی یەکێتیی گەلی کورد بوو، وەک خۆتان ئاماژەتان پێ کرد، پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە ئەو کات تەنیا یەپەگە هەبوو و هێشتا هێزەکانی سووریای دیموکرات نەبوون، پێکەوە بوونە یەک، ئەو کاتە گەل زۆر دڵخۆش بوو، هیواکانی گەلیان گەورە کرد. ئەوکاتە لە هەر چوار پارچەی کوردستان شەهیدیان دا. ئەمەش گەلی یەکخست. ئەو بانگەوازەی رێبەر ئاپۆ کردی و گەل لە هەر چوار لای کوردستانەوە هاتنە کۆبانێ، کۆبانێ گەلی کوردی یەکخست. لەوکاتەوە لەوێ یەکگرتوون.
ئێستا ماوەتەوە لەسەر ئێمە، کاتێک دەڵێین یەکێتی لەوانەیە هەندێک کەس لە ئێمە، بە باشی تێنەگەن، یەکێتی بە واتای یەکێتیی پارتە سیاسییەکان نایەت. کە دەڵێین، یەکێتی، مەبەستمان یەکێتیی گەلە، هەر کۆمەڵگەیەک دامەزراوەی خۆی هەیە و پارتە سیاسییەکانیش یەکێکن لەو دامەزراوانە، جگە لەوە کۆمەڵگە خۆی کۆمەڵگەیەکی رێکخراوە. دامەزراوەی خۆی هەیە، شوێنی خۆی هەیە، ناوەندی خۆی هەیە، کار و خەباتی خۆی هەیە، ئەمانە هەمووی یەکن، بوونەتە یەک و لە یەک نزیکبوونەتەوە. گەلی کورد بەگشتی بە دڵی خۆی لە کۆبانێیە و ئەمەش تایبەتمەندی کۆبانێیە. ماوەتەوە پارتە سیاسییەکان تاوەکو پێکبێن.
رووداو: هێشتا پارتە سیاسییەکان پێکنەهاتوون، باوکی وڵات؟
ساڵح موسلیم: پێکهاتوون بەڵێ، بەڵام لێرەش هەندێک کەس بە هەڵە تێگەیشتوون، بە باوەڕی ئەوان پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکان یەک قسە بکەن، بەڵام وانییە. بابەتەکە ئەوەیە کە دەبێت یەکڕیزی هەبێت. واتە ئێستا لە هەر وڵات و هەر دەوڵەتێک، سەیری یاسای پارتەکان بکە، هەر پارتێک یاسا و پرۆگرامی خۆی هەیە، تێیدا هەیە چۆن دەتوانین خزمەتی ئەم گەلە بکەین، چۆن دەتوانین خزمەتی ئەم دەوڵەتە بکەین، واتە ئامانجیان هەیە، بەڵام ئەوە لەلای ئێمەی کورد نییە، کێشەی ئێمە لێرەدایە.
واتە کاتێک دەڵێین با هێڵەکانمان دیاری بکەین و پارتەکانمان لەسەر ئەو هێڵانە کار بکەن، بەڵام لە رۆژئاوا 22 پارتمان هەن، هەموویان دەڵێن دەمانەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بپارێزین. باشە، ئەوان یەکڕیزییان هەیە. ئێمە دەمانەوێت ئەم یەکڕیزییە لە تەواوی کوردستان دروستبێت. ئەگەر نا یەکێتی تەنیا بۆ پارتە سیاسییەکان نییە، جگە لەوان دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان هەن، دامەزراوە ئابوورییەکان هەن و ئەوانەی ئایینی هەن، ئامانجی هەموویان یەک بێت و چۆن بتوانین ئەم وڵاتە و ئەم گەلە بپارێزین.
رووداو: تۆ باسی پارت و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەیت،بەڵام لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پەیەدە پارتەکانی دیکەش هەن باوکی وڵات. بۆ نموونە پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) هەن و پارتەکانی دەرەوەی ئێوە و ئەنجوومەنیش هەن. ئێوە لە قامشلۆ کۆنفرانسێکی گەورەتان سازکرد کە هەموو پارتەکان ئامادەبوون و بڕیارتان دا.
ساڵح موسلیم: تەواو، ئەمە ئەمەیە یەکڕیزیی ئێمە. ئەم شتە لەوێوە دەستی پێ نەکردووە، ئەم شتەی لە کۆنفرانسی کوردیی قامشلۆ روویدا، ئێمە لەمێژبوو دەمانویست بکرێت. دەمانەوێت ئەم یەکڕیزییە فراوانتربێت و لە هەموو کوردستان بکرێت.
رووداو: ئەو بڕیارانە کەی جێبەجێ دەکرێن؟ تائێستا بڕیارەکانی ئەو کۆنفرانسە جێبەجێنەکراون؟
ساڵح موسلیم: باشە، جێبەجێکردن چۆنە؟ من تێناگەم، بڕیارەکان جێبەجێدەکرێن و کاتێک جوڵەی دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق روودەدات، ئەوکاتە هەمووان بەپێی بنەماکان هەڵسوکەوت دەکەن. پێشتر هەمیشە ئەمە هەبووە، دووژمن دەیەوێت ئێمە لە یەکتر داببڕێت، بەڵام ئەگەر چوونە لای یەکێک لە پارتەکان و پێیانگوت ئێمە دەمانەوێت رێککەوتنێک بکەین، بێگومان رێککەوتنمان کردووە و رێککەوتووین و ئێمە ئامادەین، پێویستە ئەم پەیوەندی و رێزگرتنە رووبدات.
رووداو: باوکی وڵات، ئێوە نەچوونەتە دیمەشق، شاندی کوردی نەچووە دیمەشق؟
ساڵح موسلیم: دەچێت. داوایان کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن. خۆیان وادەکەن و ئەوان نایانەوێت ئەم شتانە رووبدەن.
رووداو: دیمەشق پێشوازی لە شاندی کوردی دەکات یان نا، ئامادەیە پێشوازی لە شاندی کوردی بکات؟
ساڵح موسلیم: بەڵێنیان داوە و دەیکەن، بەڵێ. وادەڵێن. شەرع خۆیشی گوتی دەیکەین، بەڵام ئێستا ماوەتەوە خۆیان پێکبێن. کێشەکە لە ئێمەوە نییە. کێشەکە لای ئەوانە.
رووداو: واتە ئێوە بۆ چوونە دیمەشق ئامادەن؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، کۆمیتەکەش ئامادەیە و ناوی لێنراوە، سەرۆک و هاوسەرۆکانی کۆمیتەکە ئامادەن و شاندەکە کێن، هەموو شتێک ئامادەیە و ئاشکرایە.
رووداو: تاوەکو ئێستا ئێوە نەچوونەتە دیمەشق و دیمەشق پێشوازی نەکردووە، ئێوە گوشارێکتان لەسەر دیمەشق داناوە، خۆتان داواتان لە دیمەشق کردووە کە پێشوازی لە شاندی کوردی بکات؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، ئەو کۆمیتانەمان کە ئێستا دەچن دانوستاندن بکەن... سەیرکەن، یەکێک لە داواکارییەکانی ئەوانیش هەر ئەمەیە.
رووداو: بەڵام ئێوە بە ناوی خۆبەڕێوەبەری و هەسەدە دەچن؟
ساڵح موسلیم: یەکێک لە داواکارییەکانی ئەوان ئەوەیە کە پێشوازی لەو شاندە بکەن. ئەوان بۆ هەمووان دەیکەن چونکە شاندەکانی هەردووکمان یەکدی تەواو دەکەن و لە یەک جیا نین. سەیری بڕگەکانی 2 و 3ی رێککەوتنەکە بکە بۆ پێکهاتەکان، بۆ نەتەوەکان و لایەنە جیاوازەکان، پێویستە نوێنەرایەتییان هەبێت، ئێمەش یەکێکین لەوان، ئێمەی کورد هەموومان یەکین.
رووداو: ئەحمەد شەرع ئامادەیە چی بدات بە کورد؟
ساڵح موسلیم: بەڕاستی ئێمە نازانین. چونکە ئەحمەد شەرع تاوەکو ئێستا پەشۆکاوە، بە پەشۆکاوی ماوەتەوە و نازانێت چی بکات. لە لایەکەوە فەرمانەکانی تورکیا بۆی دێن، لە لایەکی دیکەوە ئەوەی گەلی سووریا لێی دەوێت. بەڵام هێدی هێدی دێتە سەر رێ.
ئەگەر بەپێی قسەی خۆی بێت، کاتێک هاتە سەر دەسەڵاتی سووریا خۆی گوتی من دەمەوێت هەموو سووریا یەک بێت، هەموو سوورییەکان پێکەوە بن. بەڵام باسی لە پرسی دیموکراسیی نەکرد، بە گشتی گوتی دەبێت پێکەوە بین، دان بەوانی دیکەدا بنێین، قبووڵیان بکەن، کولتوور و زمانیان قبوول بکەین و پەنابەران بگەڕێنەوە، واتە داواکارییەکانی ئێمەی هەموو هێنایە زمان، بەڵام پێویستە ئەم شتانە بە کردەوە رووبدەن. ئێمەش خۆمان بەپێی ئەو شتانەی ئەوان گوتیان ئامادە کردووە.
رووداو: ئێوە دەزانن چی لە دیمەشق داوا دەکەن باوکی وڵات؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ دەزانین.
رووداو: بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان یەک بۆچوونە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ.
رووداو: ئێوە چی دەخوازن؟
ساڵح موسلیم: بە کورتی، ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین، ئێمە خەڵکی سووریایین، پڕۆژەکەی ئێمە سووریا دابەش ناکات، ئێمە دەمانەوێت چارەسەر لەنێو سووریادا بێت.
رووداو: وەک کورد؟
رووداو: بەڵێ. ئێمەی کورد هاوبەشی ئەم وڵاتەین. جا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بێت یان بە شێوەیەکی دیکە. ئێمە هاوبەشی ئەم وڵاتەین، پێویستە هیچ شتێک بێ ئێمە نەکرێت. واتا تۆ هەڵبژاردن دەکەیت، ئێمەش تێیداین؛ تۆ دەستوور دادەنێیت، ئێمەش تێیداین؛ تۆ حکومەت پێک دەهێنیت، ئێمەش تێیداین؛ تۆ بەڕێوەبەری دادەنێیت، ئێمەش تێیداین؛ تۆ ئابووری دەکەیت، ئێمەش تێیداین. لە هەموو شتێکدا ئێمە هاوبەشی ئەم وڵاتەین. ئێمە ئەمە دەخوازین، ئێستا شێوەی ئەو هاوبەشییە چی بێت، دەتوانین لەسەری قسە بکەین. ئێمە دەڵێین خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی. خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیش لە شتێکی بچووکەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە فیدراڵیزم.
رووداو: ئێوە فیدراڵیتان دەوێت؟
ساڵح موسلیم: مەرج نییە. فیدراڵی چوارچێوەیەک (قاڵب) نییە.
رووداو: پێویستە ناوێکی لێ بنێن.
ساڵح موسلیم: ئێمە ئێستا دەڵێین با شتەکە بەپێی لایەنەکەی دیکە و دانوستاندنەکان بن کە روودەدەن. ئێستا فیدراڵی هەمووی یەک شت نییە. فیدراڵی لە ئینگلتەرا 3 شێوەی هەیە. لە هەندێ شوێنی دیکە، شێوەی دیکەی هەیە. لە هەموو وڵاتێکدا فیدراڵی خۆی بە شێوەیەک هەیە، بە گوێرەی ئەو شتەی لەسەری رێکدەکەون.
رووداو: بەپێی سووریا و پێکهاتەکانی کە تێیدا دەژین، باشترین سیستەم بەپێی ئێوە وەک کورد و لایەنە سیاسییەکانی کورد، بۆ کورد چییە؟
ساڵح موسلیم: ناناوەندییە. ئێمە پێشتر گوتوومانە. خۆی پێشتر خۆبەڕێوەبەری لە رێککەوتنی کۆمەڵایەتیی خۆیدا هەیەتی و بۆ دەستووری سووریاش ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات پێشنیازی کردووە و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لەسەری رەزامەند بووە. راگەیاندنی دەستووریی کە ئەوان دەریان کردووە، ئێمەش لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیش جێگرەوەکەمان دەرکردووە دەستوورەکەش کە دەمێنێتەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە. ناتوانیت بە تەنیا بڵێیت من تەنیا ئەم شتانە دەسەپێنم، پێویستە لەگەڵ ئەوانی دیکە دابنیشیت، پێویستە قبوڵکردنێک هەبێت، چونکە تۆ لایەنێکی تەنیا نیت. لایەنی دیکەش هەیە، پێویستە لەگەڵیدا گفتوگۆ بکەیت و رێگە بدەیت قبووڵ بکرێت. ئێمە بۆ ئەمە ئامادەین، بۆ بابەتی دەستوور، راگەیاندنی دەستووری و پێکەوەژیان کە دەتوانین پێکەوە چی بکەین و بەڕێوەبردن چۆن بێت. بەڵام هەندێک شت هەن، ئێمە 10 ساڵە لەسەر سیستمێک دەژین، دامەزراوەکانمان هەن، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانمان دروست بوون، دامەزراوەی پەیوەست بە ژنانمان هەن، ژن لای ئێمە لە هەموو بوارێکدا هەیە، ئێمە سیستمی هاوسەرۆکایەتیمان هەیە، بۆیە تایبەتمەندییەکی خۆمان هەیە. ئێمە دەمانەوێت ئەو بەڕێوەبەرییەی کە لە ناوچەکانمان دروست بووە، چی بە ناوی رۆژئاواوە بێت یان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، قبووڵ بکرێت. واتە دەکرێت هەندێ دەستکاری ئەم سیستمە بکەین، بەڵام خۆمان بەپێی خواستی لایەنەکانی دیکە رێکناخەین.
رووداو: هاوبەشەکانتان لە شاندی کوردیدا بڵێم ئەنەکەسە و پارتی پێشڤەرۆ و پارتەکانی دیکە لەگەڵ ئەم بۆچوونەتانن؟
ساڵح موسلیم: خۆی کاتێک خاڵەکانیان نووسراون، چەند بوون؟ 12 یان 13 خاڵ بوون؟ ئەوان هەموو خاڵەکانیان قبووڵ کردن.
رووداو: شێوەیەکی تایبەتی ناناوەندێتی لە مێشکتاندایە باوکی وڵات؟ نموونەی وڵاتێک کە لە سووریا جێبەجێ بکرێت؟
ساڵح موسلیم: وڵاتانی دەرەوە؟
رووداو: بەڵێ وڵاتانی دەرەوە؟
ساڵح موسلیم: هەن، سویسرا هەیە، بەلجیکا هەیە، وڵاتانی جیهان بە گشتی وان. واتە سیستمی ئێستای ناوەندیی تاریک، کە پێویستە هەر بڕیارێک لە پایتەختەوە بێت و شوێنەکانی دیکە پشتگوێ بخات، خەڵک تێیپەڕاندووە، ئەوان بە بارگرانی دەزانن. هەر بۆیەش دەسەڵات دابەش دەکەن و چەند زیاتر بڵاوی بکەنەوە باشترە. وەک نموونە بەلجیکا، کە نیوەی سووریا ناکات، نازانم هێندەی هەرێمەکەمانە یان نیا، 27 خۆبەڕێوەبەری تێدایە.
رووداو: واتە 100٪ لە مێشکی مندا روون نەبووەتەوە کە ئێوە چ سیستمێکتان دەوێت، فیدراڵی و ناناوەندێتییەکەی ئێوە شوێنی کورد تێیدا چۆن دەبێت؟
ساڵح موسلیم: هەندێک کەس نایانەوێت وەک کورد، کوردستانێکی سەربەخۆیان هەبێت، بەڵام تۆ چیت دەوێت؟ زمانت دەوێت، کولتوورت دەوێت، ئابووریت دەوێت، سیاسەتت دەوێت، ئەمانە هەمووی لە ناوچەکانت هەن و هەمووی لە ناوچەکەت هەن، ئەمەنە هەموویان بۆت مسۆگەر دەکرێن. بەڵام شتانێک هەن کە لە دەسەڵاتماندا نین و دەسەڵاتی ئەوان گەورەترە، ئەو شتانە دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هاوبەش بکرێن؛ تۆ لەگەڵ ئەوان لە نێو وڵاتێکدا پێکەوە دەژیت.
رووداو: واتا هەسەدە دەمێنێتەوە، هێزەکانی ئاسایش دەمێننەوە؟ زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکاندا دەمێنێتەوە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ. دەمێننەوە. زانکۆش هەن، دەبێت ئەوانیش قبوول بکەن.
رووداو: دیمەشق زمانی کوردی و زانکۆ و قوتابخانە کوردییەکان قبووڵ دەکات؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، قوتابخانە و زانکۆ و بڕوانامەکانیش کە لێی دەردەچن، دەبێت قبووڵیان بکات.
رووداو: ئەمە داواکاریی ئێوەیە یان ئەوان گوتوویانە قبووڵی دەکەین؟
ساڵح موسلیم: ئەمە داواکاریی ئێمەیە و ئەوانیش ناڵێن نا، دەڵێن مافی ئێوەیە کە زمانی خۆتان هەبێت. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک بە فەرمی نەکراوە. ئەوان باسی دەکەن. دەیانەوێت رازیمان بکەن، ئاژانسی سانای هەواڵ هەیە و بەشی کوردییان تێیدا کردووەتەوە، وەک نموونە.
رووداو: ئێوە جێگەتان تێیدا دەبێت؟ ئێوە تێیدا کار دەکەن؟
ساڵح موسلیم: پێشتر لێدوانمان لەسەریدا. پێمان گوتن پێشتر سانا بە عەرەبی هەواڵی پێدەداین، ئێستا بە کوردی هەواڵمان پێدەدات.
رووداو: سانا ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریایە. باوکی وڵات من هەر پرسیارێک بکەم ئازادم بیکەم؟
ساڵح موسلیم: ئازادیت. بەڵێنمان هەبوو.
رووداو: کۆبوونەوەی پاریس هەڵوەشایەوە یان دواخرا؟
ساڵح موسلیم: ئێمە دەڵێین دواخرا. چونکە لایەنەکان کە دەیانویست کۆبوونەوەکە بچێتە پاریس هێشتا پێداگرن، واتا فەرەنسا و ئەمریکا، بەڵام بەریتانیا دوودڵە و نایەوێت، بەڵام ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت. بۆ ئێمە شوێن گرنگ نییە، بۆ ئێمە ئەوەی گرنگترە لایەنی گەرەنتیکار هەبێت.
رووداو: متمانەتان بە دیمەشق نییە؟
ساڵح موسلیم: نەوەک تەنیا متمانەمان بە دیمەشق نییە، دیمەشق ئەمڕۆ شتێک دەڵێت دواتر شتێکی دیکە دەڵێت. ئێمە بەڵێنمان بە یەکتر دا، بەڵام رۆژی دواتر گەڕانەوە شتی دیکەیان گوت. بۆیە ئێمە دەمانەوێت لایەنێکی دیکە لە نێوانماندا هەبێت. وەک نموونە تاوەکو ئێستا نەیگوتووە من رێککەوتنی 10ی ئادار پشتگوێ دەخەم. نەیگوتووە، بۆچی؟ چونکە ئەمریکییەکان لەسەر ئەو رێککەوتنە بوون، راستە ئێمە دانیشتین و واژۆمان کرد، بەڵام بە پشتیوانیی ئەمریکا بوو و بەیانی ناتوانن خۆیان لێی بدزنەوە. ئەو کۆبوونەوەیەش کە لە عەممان کرا، تۆم باراک گوتی پێویستە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، پێویستە رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت.
رووداو: ئێستا ئێوە دەتانەوێت لە هەموو دانوستاندنەکاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لایەنی گەرەنتیکار هەبن؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ.
رووداو: بەبێ گەرەنتیکار ئێوە دانوستاندن ناکەن؟
ساڵح موسلیم: نا دەیکەین، بەڵام ئەو شتانەی کە دەمانەوێت هەمیشەیی بن و بمێننەوە، بۆ ئەوەی هەڵگەڕانەوە روونەدات. بۆ ئەو شتانەی کە دەتوانین بە خۆمان لەسەریان رێکبکەوین، پێویست بە گەرەنتیکار ناکات.
رووداو: گەرەنتیکارەکانتان کێن، تەنیا ئەمریکایە؟
ساڵح موسلیم: ئەمریکا و فەرەنسان، ئینگلتەراشیان لەگەڵدایە.
رووداو: کام وڵات زیاتر نزیکە لێتان؟
ساڵح موسلیم: لە زووەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، لە 2015ـوە. فەرەنساش لەگەڵمانە، لە کاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە. بەڵام فەرەنسا زیاتر لێمانەوە نزیکە.
رووداو: لە رۆژە سەختەکاندا کێ بە هاناتانەوە دێت؟
ساڵح موسلیم: ئێمە داوامان لە هیچ کەس نەکردووە بە هانامانەوە بێن، بەڵام ئەوانیش بێگومان لە رۆژە سەختەکاندا، بە تایبەتی کاتێک کە پێویستمان بە کووتەک بێت، هاوکارن، بەڵام هیچ کەسێک لە جێگەی ئێمە کوتەک هەڵناگرێت، با هەموو کەسێک ئەمە بزانێت، کوتەک، کوتەکی ئێمەیە. بەڵام لە بابەتە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا، یارمەتیمان دەدەن، هەندێک شت ئاشکرا دەکرێن و هەندێکیش بە نهێنی دەکرێن. هەندێک جار شتانێک هەن کە ئێمە نامانەوێت و ئەوانیش دەبینن کە راست نییە، لەبری ئەوەی هەستنە سەر پێ و کوتەکی خۆیان بەرز بکەنەوە، لە گۆشەکاندا گوێیان با دەدەن.
رووداو: ئەگەر شەڕ روویدا - هیوادارم روونەدات - ئێوە بۆ شەڕ ئامادەن؟
ساڵح موسلیم: بێگومان خۆمان بەدەستەوە نادەین، ئیتر ئامادەیی چییە، بە گوێرەی توانا ئامادەی بەرگرین.
رووداو: باوکی وڵات، مەترسیی هێرشەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە؟
ساڵح موسلیم: سەیر بکە، ئێستا ناتوانین بڵێین نییە. ئەم دۆخەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و ئەم ئاڵۆزییەی کە ئێستا هەیە، ئەگەری گۆڕانی هەر شتێک هەیە، هەموو ئەگەرێک هەیە. لە لایەکەوە تۆم باراک، هیچ کەسێک نازانێت سبەی چ بڕیارێک دەدات، لە لایەکی دیکەوە ئەردۆغان چی دەکات دیار نییە، راست و چەپی دیار نییە. لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد شەرع، هەموو کەسێک رابردووی دەزانێت و ئەوانەی دەوروبەری دەزانن چی لێ هاتووە. لەم دۆخەدا تۆ ناچاریت هەمیشە ئاگاداری خۆت بیت، بۆ خۆپاراستن ئامادە بیت، ئامادەکارییەکانت هەبێت بۆ ئەوەی خۆت بپارێزیت.
رووداو: ئیلهام ئەحمەد چووە دیمەشق، چووە چی بکات؟ دانوستاندن لەسەر چی بکات؟
ساڵح موسلیم: دانوستاندنەکان نەپچڕاون، لەوانەیە ئیلهام ئەحمەد هەمیشە لە دانوستاندنەکاندا نەبێت، بەڵام هەمیشە هەن، شاندەکانمان لە ئاستی باڵا یان نزم بن. بینیت پرسی حەلەب و پرسی پەروەردە و پرسەکانی دیکە هەبوون. دانوستاندنەکان هەمیشە هەن، نەپچڕاون. هەمیشە ئامادەکاریش هەن بۆ پرسەکانی دروستکردنی کۆمیتەکان، بۆیەش ئەو رێککەوتنەی کە ئێستا دروست بووە، چوارچێوەیە. بۆنموونە کاتێک دەڵێین ئێمە خوازیاری سووریایەکین، ئێمە بەشێکین لە سووریا، واتا ئێمە لە سووریا جیا نابینەوە. ئێمە دەڵێین خوازیاری دەستوورێکین، دەمانەوێت هێزەکانمان هەموویان یەک بن، پرسەکانی ئابووری یەک بن، ئەمانە هەموویان. راستە ئێمە چوارچێوەمان داناوە، چوارچێوەیەکمان بۆی دروست کردووە، بەڵام ئەم رێککەوتنەی ئێستا دروست بووە، پێویستە یەک بە یەک کۆمیتەی لەسەر دروست ببێت، کۆمیتەی هاوبەش دروست ببێت. ئێمە پێکەوە دادەنیشین و لەسەر هەموو ئەم بابەتانە گفتوگۆ دەکەین، لەوانەیە چەند مانگێکیش بخایەنێت. یەکێک لەوان بۆ نموونە هی سووریا، تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتووین، ئێمە دەڵێین با کۆماری سووریا بێت، ئەوان دەڵێن با کۆماری عەرەبیی سووریا بێت.
رووداو: ئێوە دژی ئەوەن کە عەرەبی بێت.
ساڵح موسلیم: بەڵێ، ئێمە قبووڵ ناکەین. نەوەک تەنیا ئێمە قبووڵ ناکەین. ئاشووری قبووڵ ناکەن، سریانی قبووڵ ناکەن، ئەوانی دیکە قبووڵ ناکەن.
رووداو: ئێوە دەخوازن ناوی چی بێت؟
ساڵح موسلیم: با کۆماری سووریا بێت.
رووداو: با کۆماری سوەریا بێت.
ساڵح موسلیم: بەڵێ.
رووداو: لە کۆتاییدا، با کۆماری سووریا بێت؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، با کۆماری سووریا بێت.
رووداو: زۆرێک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانیش کورد بن؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، بەڵێ، کورد بن، بەڵام بێ ناسنامەی کوردی.
رووداو: بێ ناسنامەی کوردی بن.
ساڵح موسلیم: ئیدی هەموو شتێک وایە. مەبەستم چییە؟ ئێمە لە سووریا جیا نابینەوە، بەڵام ئێمە سووریایەکی چۆنمان دەوێت؟ دیکتاتۆری بێت؟ دەسەڵاتدار بێت؟ وەک جاران بێت؟ نازانم چی بێت؟ پێویستە هەموومان لەسەری دابنیشین و قسە بکەین. ئەوان دەڵێن نا، وەرن خۆتان رادەست بکەن، ئەمەش شتێکی قورسە.
رووداو: کاتێک تۆ دەڵێیت چوارچێوەی دانوستاندنەکانمان ئامادە کراوە، مەبەستت تەنیا پەیەدە یان خۆبەڕێوەبەری نییە، مەبەستت لایەنە کوردییە سیاسییەکانە؟ بۆ ئەوەی بینەر بە هەڵە تێنەگەن.
ساڵح موسلیم: بەڵێ، بەڵێ. ئەوانەی کە ئەمەیان قبووڵ کردووە، هەموویانن.
رووداو: واتە شاندی کوردی؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، بەڵێ، شاندە کوردی و شاندەکانی دیکە کە سریانی و ئەوانەی تێدان، ئەمانە هەموویان یەکتر تەواو دەکەن، واتا هیچ کەسێک شوێنی کەسێکی دیکە ناگرێتەوە.
رووداو: تۆ، باراک چۆن دەبینیت؟
ساڵح موسلیم: تۆم باراک پیاوێک بازرگانە، لە مێژەوە لە ترەمپ نزیکە، بازرگانی دەزانێت و سیاسەتی و دیپلۆماسی نەکردووە، لێدوانەکانی ئەو هەندێک جار تووندن و هەندێک جار نەرم. بە بۆچوونی ئێمە لێدوانەکانی بەستراونەتەوە بە شتی دیکە واتا بۆ رازیبوونی فڵان و فڵان کار دەکات، بۆیە هەندێک جار قسە دەکات و دواتر وەزارەتی دەرەوە بۆی راست دەکەنەوە.
رووداو: بەڵام ئەو وەک سەرچاوەیەکە بۆ ئەحمەد شەرع.
ساڵح موسلیم: سەرچاوە بێت، هەرچی بێت، بێگومان ئەو نوێنەرایەتی وڵاتێکی وەک ئەمریکا دەکات و ئەمڕۆ ئەمریکا بەهێزترین وڵاتە لە جیهاندا.
رووداو: بە رای تۆ، ئەمریکا و ئەورووپییەکان پەلەیان کرد لە داننان بە ئەحمەد شەرع؟
ساڵح موسلیم: نەخێر، من پێم وانییە پەلەیەکی گەورە لەم بابەتەدا هەبووبێت. بە بڕوای ئێمە، پرسەکە شتێکی پلان بۆ دانراو بوو. ئەحمەد شەرعیان بۆ ئەرکێک هێناوە، بۆ کارێک هێناوە. ئەویش بەڵێنی داوە کە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بیکات. تاوەکو ئێستاش ئەو کارە دەکات و هەندێک شت لە دەست دێت و هەندێک شتیشی لەدەست نایەت. کاتێک تۆ لە ماڵەکەت دادەنیشیت و پلانێک بۆ خۆت دادەنێیت، پلانی تۆ هەندێک جار 80%، 50%، 60% جێبەجێ دەبێت، ئەوانیش دانیشتوون و پلانی خۆیان داناوە و شەرعیش بە پێی ئەو پلانە کار دەکات.
رووداو: سووریا ئێستا خۆی سوپایەکی دروست کردووە، ئەو سوپایە چووە دوو ناوچە، چوو بۆ کەناراو، لازقیە و تەرتووس، و جارێکیش چوو بۆ سوەیدا، کۆمەڵکوژییان لەوێ ئەنجام دا، دژی دروزەکان، دژی عەلەوییەکان. ئێوە دەڵێن، ئێمە دەتوانین ببینە بەشێک لە سوپای سووریا. ئێوە چۆن دەتوانن ببنە بەشێک لە سوپایەک کە کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە؟
ساڵح موسلیم: [بە پێکەنین] ئێمە دەڵێین لەوانەیە ئێمە ئەوان لەو کارانە دووربخەینەوە.
رووداو: ئێوە دەتانەوێت فەرمانڕەوایی سوپای سووریا بکەن؟ دەتانەوێت دەست بگرن بەسەر سوپای سووریا؟
ساڵح موسلیم: نەک دەستی بەسەردا بگرین؛ هەموو کاتێک شتی وایە کە گرنگن. مرۆڤ دەتوانێت ئەوانیش راست بکاتەوە چونکە ئەوەی روویداوە، بۆ نموونە تۆ لە سەرکردایەتیدا بوویت، کاتێک تۆ لە سەرکردایەتیدایت، دەکرێت چەندین یەکەت هەبن. ئێمە پێشنیازمان کردووە کە ئێمە ببینە یەکەیەک لە سوپا. دەکرێت بڵێن سوپای یەکەم، سوپای دووەم، سوپای سێیەم، دەمانەوێت ئێمەش وەک سوپایەک بین، بە تایبەتمەندی و رێکخستنی خۆمانەوە لە ناوچەکەمان بمێنینەوە بۆ پاراستنی ناوچەکانمان. بەڵام مرۆڤ دەتوانێت لە زۆر شتدا نەچێتە ژێر فەرمانی ئەوان، بەڵکو لەوانەیە تۆ ئەو بڕیارانەی کە هەڵەن، راست بکەیتەوە.
رووداو: ئایا دەتوانن؟ بەپێی ئەوەی ئێوە دەیناسن. ئێوە شەرع دەناسن، هێزی ئەو دەناسن، سیستمی نوێ دەناسن، کەسایەتییەکانیان دەناسن. ئایا دەتوانن، بەپێی ئەوەی من لێت تێگەیشتم، ئەوان بهێننەوە سەر رێگەی راست؟
ساڵح موسلیم: ئەوان دەڵێن ئێمە دێینەوە سەر رێگەی راست. کاتێک شەرع لە ئیدلبەوە هەستا و هاتە شام دانیشت و بۆینباخی بەست و قاتی لەبەرکرد و ئەو جلە جیهادیانەی فڕێدا، ئیدی مانای ئەوە چییە؟ ئەو دەڵێت من دەگۆڕێم. گۆڕانکاریشی دەوێت، ئاوا بەڵێنی پێداون. ئەوانەی کە ئەویان هێناوە و پشتگیریی دەکەن و قبووڵیانە، ئەویش بەڵێنی خۆگۆڕینی داوە. ئێمە لەگەڵیدا هاوکار دەبین، ئێمە هاوکار دەبین بۆ گۆڕانکاری، نەک ئەوەی ئێمە وەک ئەوانمان لێ بێت، یان وەک ئەوان بکەین و هاوشێوەی ئەوان ستەم بکەین.
رووداو: کەواتە ئێوە دەتانەوێت ببنە هاوبەشی...
ساڵح موسلیم: ئەم وڵاتە.
رووداو: سووریا.
ساڵح موسلیم: بنیاتنانەوەی سووریای نوێ.
رووداو: لە سووریای نوێدا ببنە هاوبەش؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، لە بنیاتنانەوەی سووریای نوێدا، ئێمە هاوبەشین.
رووداو: واتە، ئێوە دەتانەوێت وەزیرتان هەبێت، کۆنسووڵتان هەبێت، باڵیۆزتان هەبێت...
ساڵح موسلیم: چی پێویست بێت... گرنگ نییە...
رووداو: بەڕێوەبەرتان هەبێت...
ساڵح موسلیم: بەڵام ئێمە هاوبەشی هەموو شتێک بین. کونسوڵیش، حکومەتیش، بەڕێوەبەرایەتیش، هەموو شتێک.
رووداو: دەتانەوێت چ پۆستێک لە حکومەتی نوێی سووریادا وەربگرن؟
ساڵح موسلیم: دەتوانین دابنیشین گفتوگۆ بکەین، چی باش بێت ئێمە ئەوە دەکەین.
رووداو: چاوتان لە چییە؟
ساڵح موسلیم: چاومان لە هیچ شتێک نییە کە پێشوەختە حوکمی لەسەر بدەین. ئێمە پێکەوە لەسەر مێز گفتوگۆ دەکەین. هیچ شتێک نییە کە گفتوگۆی لەسەر نەکرێت، یان شتێک کە ئێمە بڵێین ئەمە گفتوگۆی لەسەر ناکرێت
رووداو: لە سەرۆکەوە بیگرە تاوەکو...
ساڵح موسلیم: تاوەکو هەموو شتێک.
رووداو: کەواتە چاوتان لە پۆستی زۆر باڵاشە لە سووریا؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، بۆچی نا؟! پۆستی باڵا بێت، بچووک بێت، هەرچییەک بێت، ئێمە لەسەر مێز رێکدەکەوین. چی بۆ خێری ئەم وڵاتە پێویستە، ئێمە پێکەوە دەیکەین.
رووداو: ئەگەر عەرەبەکان، یان ئەم دەسەڵاتدارە نوێیانە ئەم داواکارییەی ئێوەیان قبووڵ نەکرد، ئێوە چی دەکەن؟
ساڵح موسلیم: ئەوان چی دەکەن؟ ئەوان قبووڵیشی نەکەن، ئەوەتا ئێمە لە شوێنی خۆمانین...
رووداو: تۆ دەڵێی، بێ ئێوە نابێت؟
ساڵح موسلیم: بێ ئێمە ناتوانن بیکەن.
رووداو: بێ ئێوە ناتوانن هیچ شتێک بکەن؟
ساڵح موسلیم: ئێمە ئێستا لە شوێنی خۆمانین. دەتوانین خۆمان بپارێزین و دەتوانین هەموو شتێکیش بکەین. پڕۆژەکەمان بەردەوامە، نەوەستاوە. ئێمە هەوڵدەدەین بە دیالۆگ هەموو سووریا راست بکەینەوە، شۆڕشی سووریا راست بکەینەوە. رەنگە زوو بێت، درەنگ بێت، ساڵێکی دیکە بێت، شەش مانگی دیکە بێت، بەڵام ئێمە هەر لەسەر دیالۆگ سوورین. ئەگەر هێرشێکیش بکرێتە سەرمان، ئێمە خۆمان دەپارێزین، بەڵام دەستبەرداری داواکارییەکانمان نابین. سووریایەکی ناناوەندی کە هەموومان پێکەوە بین، ئێمە نامانەوێت دراوسێکانمان دوژمنمان بن، نامانەوێت ئەو عەرەبانەی ئێستا لە سنوورەکانماندان، دوژمنمان بن، نامانەوێت سریانەکان دوژمنمان بن. ئێمە ئەوەمان ناوێت.
رووداو: لێرە، لە عێراق و باشووری کوردستان، لە ساڵی 1970، رێککەوتنی 1970، لە 2003دا، دەستوور نووسرایەوە. ئێدی پێشمەرگە بووە بەشێکی فەرمی لە سوپای عێراق. حکومەتێکی فیدراڵی دروستکرا، ناوی هەرێمی کوردستانە. ئەم هاوکێشەیە لە سووریا دروست دەبێت، وەک نموونە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک پێشمەرگە، ببنە بەشێک لە سوپای سووریا، هەرێمێک وەک هەرێمی باشووری کوردستان، لەوێ دروست ببێت؟
ساڵح موسلیم: بۆچی نابێت؟ هەمووی دەکرێت هەبێت. بەڵام جیاوازییەک هەیە، کە ئەم دواییە زۆر باسی لێوە کرا، فیدراڵیی ئێرە (باشووری کوردستان) لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی دروست بوو. ئەوان وایان گوت کە لەم هەرێمەدا فڵان فڵان فڵان، زۆرینەیان کوردن، سنوورێکیان بۆ دانا، بەڵام پرسی ئێمە وا نییە. لە رۆژئاوا (رۆژئاوای کوردستان) پرسی ئێمە جیاوازە.
رووداو: چۆن؟
ساڵح موسلیم: ئێمە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک دەیڵێین. بۆچی؟ ئێمە کوردین، لە سەرەتاوە، هاوبەشمان لەم وڵاتەدا هەیە، لە 2012وە کە شۆڕشی ئێمە روویدا، عەرەبیشی تێدا بوو، سریانیشی تێدا بوو، هەمووی تێدا بوو. ئەمڕۆ کە دەڵێین بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، ئێمە تەنیا بۆ هەرێمی رۆژئاوا نامانەوێت، رۆژئاوا بێگومان، بەشێکە لێی، بەڵام پرسی دیکەی ئێمە فراوانە، رەققە، دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە. ئەوانیش زۆرینەیان عەرەبن، ئەوانیش لەگەڵماندان.
رووداو: واتە تۆ بوونی رۆژئاوای کوردستان قبووڵ ناکەیت؟
ساڵح موسلیم: من قبووڵی دەکەم، چۆن قبووڵی ناکەم؟! رۆژئاوا خۆی پارچەیەکە لەم شوێنە. بەڵام ئەو سنوورەی کە ئێمە دەمانەوێت لە رۆژئاوا فراوانترە، پرسەکە ئەمەیە. با کەس بە هەڵە تێنەگات. کاتێک دەڵێم رۆژئاوا، تەواو ناوچەکانمان دیارن، جزیرەیە، قامشلۆیە، حەسەکەیە، تاوەکو کۆبانێیە، دەڕوات تاوەکو عەفرین. بەڵام لەو ناوچەکانی دیکە، عەرەبمان لەگەڵدان، ئەوەندە شەهید بوون، ئەوەندە تێکۆشان، ئێمە چییان لێ بکەین؟!
رووداو: کەواتە، مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سووریا، لە کوێدا مایەوە؟
ساڵح موسلیم: مافی نەتەوەییە. من چیت پێدەڵێم؟ پرسی رۆژئاوا، چی مافێکی هەیە، کاتێک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت، چی بۆ پێویستە؟
رووداو: مەبەستت کوردستانە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ. هەموو شتێکی تێدایە، زمانە، سیاسەتە، ئابوورییە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیەتی، هەموو شتێکی هەیە. تەنیا سەربەخۆیی رانەگەیاندووە کە ئەوە پرسێکی دیکەیە، بەڵام هەموو شتێکی تێدایە. تۆ وەک میللەتەکانی دیکەی، واتە لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لە میللەتەکانی دیکە نییە.
رووداو: تۆ نکوڵی لە میللەتەکانی دیکە ناکەیت، بەڵام دەبێت تۆش خۆت وەک نەتەوە، نەکەیتە قوربانیی میللەتێکی دیکە.
ساڵح موسلیم: من و ئەو پێکەوە دەژین، بەڵام من حوکمی بەسەردا ناکەم، ئەو خۆی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەگەر گوندێکی هەبێت، ئەو گوندی خۆی بەڕێوە دەبات. لە رۆژئاواش ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەبێت. کاتێک دەڵێین پڕۆژەی ئێمە جیاوازە، لەبەرئەوەیە کە بەم شێوەیە.
رووداو: خەڵک وا تێدەگات کە ئێوە وردە وردە پرسی نەتەوەیی وەلا دەنێن، دەیکەنە قوربانیی ئەو عەرەبانەی کە لەو ناوچە کوردییانەدا هەن، یان ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ساڵح موسلیم: هەڵەیە، هەڵەیە. لەو رۆژەوەی ئێمە وەک پەیەدە وەک پارت دروست بووین، ناومان ناوە پارتیی یەکێتیی دیموکراتیک، راستە، پارتیی یەکێتیی دیموکراتیک.
رووداو: ناوتان نەکردە کوردی.
ساڵح موسلیم: نەمانکردە کوردی و نەشمانکردە کوردستانی. ئەندامی عەرەبمان هەیە، ئەندامی سریانمان هەیە، ئەندامی تورکمانمان هەیە، ئەندامی تورکمان هەیە، بۆچی دەبێت ناوی بکەمە کوردی، من داوای مافی هەموو ئەمانە دەکەم و دەڵێین نەتەوەی دیموکراتیک.
رووداو: باوە وڵات، ئەوێ کوردستانە.
ساڵح موسلیم: تەواو، کوردستانە. منیش دەڵێم کوردستانە. رەنگە ئامانجی یەکەمی پارتییەکەی ئێمە، پاراستنی کوردستان بێت، پاراستنی گەلی کوردە. ئازادیی کورد پێش هەموو شتێکە، ئامانجی یەکەمی ئێمەیە. ئێمە شتێکمان لە پارتییەکانی دیکەی کورد کەمتر نەکردووە. بەپێچەوانەوە، ئێمە زیاترمان کردووە. بڕۆ سەیری بکە، لە رۆژی تێکۆشانەوە کە دروست بووە، چەند ئەندامی ئێمە شەهید بوون. ئێمە لە هەموویان زیاترمان کردووە. ئامانجی یەکەمی ئێمە ئازادیی گەلی کوردە. با کەس نەیەت بڵێت تۆ کوردی نیت. بەڵێ، من کوردم و کوردستانیشم، بەڵام ئەوانی دیکەش لەگەڵ خۆمدا قبووڵ دەکەم. ئەمە دەبێت روون بێت.
رووداو: من حەزم لەوە بوو ئەم پرسە روون بکرێتەوە، چونکە پرسیاری زۆر لە مێشکی خەڵکدا لەسەری هەیە. روون بووەوە، باش بوو گوتت.
ساڵح موسلیم: ئەوان لە دوورەوە دادەنیشن و بەردمان تێدەگرن، با بێن لەگەڵمان دابنیشن.
رووداو: راستە، کێشەکان لەسەر مێز، بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن. ئێمە ئێستا لێرەین، لە باشووری کوردستانین. باشووری کوردستان چۆن دەتوانێت هاوکاریتان بکات؟ واتە ئێوە داواکارییەکی چۆنتان لێی هەیە؟ چۆن دەتوانێت زیاتر هاوکاریتان بکات؟
ساڵح موسلیم: با هەموو کەس بزانێت، باشووری کوردستان بۆ هەموو گەلی کورد، دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، دەرفەتێکی زۆر گەورەیە. هەڵەی هەیە، کەموکوڕیی هەیە، ناکۆکین، رەنگە ئێمەش زۆر ناکۆکیی سیاسیمان هەبن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو شتەی لێرە دروست بووە دەستکەوتێکە بۆ گەلی کورد. بە بڕوای ئێمە، لە زۆر ئەرکی خۆیشیدا، کەموکورتی هەیە، پرسی زمانە، پرسی کولتوورە، پرسەکانی دیکەن. من نامەوێت کەس تاوانبار بکەم، بەڵام ئێمە وا دەیبینین. وەک نموونە زانکۆکانمان، ئەوانەی ئێمەن، لێرە و لەوێ، زۆر شت هەن رەنگە رەخنەی مرۆڤیان لەسەر هەبێت. من پێموایە، دەتوانێت ئەو شتانە باشتر بکات. بەڵام وەک رۆژئاوای کوردستان، هاتووچۆ لەمێژە هەیە، رێگاکانمان کراوەن، هەندێکجار رەنگە ناکۆکیی سیاسیمان لەنێواندا دروست بێت، لە یەکتر زویر دەبین، دەروازەی سێمالکا داخرا.
رووداو: ئێوە لەیەک تووڕە دەبن، دواتر ئاشت دەبنەوە، ئێوە بران. وانییە؟
ساڵح موسلیم: ئێمە براین، راستە، بەڵام با ئەو برایە برای بچووک و گەورە نەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەم برایە وەک یەک بن، برای بچووک و گەورە نەبێت.
رووداو: ئێوە خۆتان بە برای بچووک نابینن؟
ساڵح موسلیم: نەخێر، نەخێر. ئێمە خۆمان وەک یەک دەبینین. لەبەرئەوە، دەڵێین راستە و هیوامان بە باشووری کوردستان زۆرە. پێشتریش 2015، لە ناردنی پێشمەرگەدا، هەموو پێکەوە، هەمووی بۆ ئێمە سەرکەوتن بوو. تەنیا یەک شت لە دڵماندا ماوەتەوە، ئەویش باشووری کوردستان هەستن، پارتییە کوردستانییەکان، دوو پارتی سەرەکی هەن، پارتی و یەکێتی، ئەوان بتوانن کۆنگرەی نەتەوەیی پێکەوە ببەستن، ئێمە زۆر پشتگیریی دەکەین، کۆنگرەیەکی نەتەوەیی، هیوای گەلی کوردە. من دەڵێم کۆنگرەی نەتەوەیی، نەک بۆ پارتییە سیاسییەکان، بەڵکو بۆ رێکخراوەکان بۆ کۆمەڵگە، رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، ئایینییەکان و ئەوانی دیکە، هەموو کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بەڕاستی ببەستن، واتە ئەو شتەی کە ویستمان لە 2013دا بیکەین، وەک ئەوەی لەلای ئێمە لە کۆبانێ دەڵێن، هەندێک کەس تێکیان دا.
رووداو: تێکیان دا.
ساڵح موسلیم: هەندێک کەس تێکیان دا.
رووداو: هیوایەک هەیە کە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت؟
ساڵح موسلیم: هیوای زۆرە، چونکە گەل وشیار بووەتەوە. گەل گەیشتووەتە ئاستێک کە لەم سەردەمەی ئێمەدا، هەڵەکان دەبینێت و قبووڵی ناکات. حیساب بۆ هەڵەکان دەکات. ئەوەندە رەخنە دێت، زۆر دێت، با بێن، باشە. با وشیار ببنەوە، با بڵێن، با سیاسەتڤانان، ئێمەش هەڵەکانی خۆمان راست بکەینەوە.
رووداو: وەک من لێت تێگەیشتم، تۆ زۆر گەشبینیت بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان؟ تۆ دەڵێی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەمێنێتەوە و لەناو سیستمی نوێی سووریادا لەناو ناچێت؟ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەمێنێتەوە؟
ساڵح موسلیم: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئێمە بیست هەزار شەهیدمان داوە، خوێنمان داوە، ئەو هەمووە بەرەو کوێ دەڕوات؟ رەنگە ئازار بچێژین، رەنگە تێکۆشان زیاد بکات، کەم بکات، بەڵام گەلەکەمان رێکخراوە و یەکێتیش هەیە. ئەو شتەی ئێستا کە خەیاڵ بۆ خەڵک دروست دەکەن، ئەوانەی دەڵێن لێیان دەدەین، لەناویان دەبەین، ئێمە... ئەمە هەمووی شەڕی دەروونییە. ئەوان هەموو ئەو شتانە بە ناراستی دەڵێن. پرسەکە وا نییە. ئێمە دیواری نزم نین کە بەسەرماندا باز بدەن. ئێمە بەشی خۆمان دەکەین و دەتوانین خۆمان بپارێزین. بەڵام ئەوەی ئێمە شەڕمان ناوێت، ئەمە پرسێکی دیکەیە. سەیری هەموو مێژووی کورد بکە. تاڵانییەکانی خۆیان دەگەڕێننەوە بەڵام هەڵناستن ئەوانی دیکە تاڵان بکەن. بەڵام تاڵانییەکانی خۆیان دەگەڕێننەوە. هی ئێمەش وایە.
رووداو: پەیوەندییەکانی ئێوە و تورکیا چۆنن؟
ساڵح موسلیم: پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا رەنگە لە جاران باشتر بن. چۆن باشتر؟ ئەم پرۆسەی ئاشتییەی کە ئێستا لە باکوور دەستیپێکردووە، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازێکی کرد و هەندێک هەنگاو نران. هیوامان پێی زۆر گەورە بوو. لەبەر تورکیا، لەو رۆژەوەی دەرکەوتین، بە تیرۆریزم تۆمەتباریان دەکردین. پێمان دەڵێن، ئێوە لەگەڵ پەکەکەن، بەڵام بەخۆیان لەگەڵ پەکەکە دادەنیشن و دەیانەوێت ئاشتی بەرقەرار کەن. ئێمە دەمانەوێت ئەم تێڕوانینە لەسەر ئێمە نەمێنێت. ئەو شتانەی دەیکردنە بیانوو، ئێمە پێی دەڵێین کوردۆفۆبیا، با کوردۆفۆبیا کەمێک کەم ببێتەوە، بەڕاستی کەمێک کەم بووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی هەڵنەگیراوە، هەڵنەگیراوە چونکە هەندێک کەس هەن، هەندێک بەشی دەسەڵاتدارانی تورکیا وەک ئەوەی لەم ئاشتییە بێزار بن، یان بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا نابینن، یان بەرژەوەندیی خۆیان لە هەندێک شوێنی دیکە دەبینن، وەک گوتمان، دەیانەوێت ئەوەش تێک بدەن. بەڕاستی هەندێکیان هەن تاوەکو ئێستا ئاستەنگ دروست دەکەن، واتە بابەتی ئەحمەد شەرع کە لە گوێیدا دەخوێنن. ئەمەش من پێموایە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێت، چونکە بەپێی ئەوەی بیستوومانە و بەپێی ئەوەی بەدواداچوونی بۆ دەکەین، گەلی تورکیا ئەوانەی کە پێشتر بە دە پەنجە لە حکومەتیان دەدا، ئەوانیش ئێستا پشتگیریی رۆژئاوا دەکەن.
رووداو: ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا چۆنە؟
ساڵح موسلیم: بەپێی ئەوەی بیستوومانە، کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەواندا هەیە، کۆبوونەوەی راستەوخۆن، من پێموایە لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەیە، هەندێک شت هەن بەڵام نهێنین، ئاشکرا نین.
رووداو: دانوستاندنی راستەوخۆتان لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوە هاکان فیدان هەیە؟
ساڵح موسلیم: ئاگام لێی نییە بەڵام دەڵێن یان لەگەڵ ئەو یان لەگەڵ ئەو کەس و شاندانەی کە ئەو دەیاننێریت. وەک نموونە، ئەمڕۆ دەیانگوت کە هاکان فیدان و مەزڵوم عەبدی پێکەوە لە دیالۆگدان، چۆن لە دیالۆگدان، من نازانم.
رووداو: باوکی وڵات، ئەگەر تۆ نەزانیت، کێ دەزانێت؟
ساڵح موسلیم: ئێمە نازانین چونکە هێشتا دەرنەکەوتووە. هەندێک شت دەبن، هێشتا گەرمن، با 15-20 رۆژ، مانگێک سەبری لەسەر بگرین، خۆی دەردەکەوێت.
رووداو: شتێکی دیکە، باوکی وڵات تۆ لە تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەت کۆبوویتەتەوە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ راستە.
رووداو: کام ساڵ؟
ساڵح موسلیم: ئەو کاتەش هەندێک یاری هەبوون.
رووداو: 2013 بوو، 2014 بوو؟
ساڵح موسلیم: 2015، 2014 بوو، بەڵێ 2014 و 2015 بوو. لە 2013وە، 2013-2014-2015.
رووداو: دانوستاندن لە تورکیا لەگەڵ تورکەکان روویدەدا؟
ساڵح موسلیم: لە تورکیا بوون. لە دەرەوەش روویدەدا، لە تورکیاش روویدا. وەک نموونە یەکەمیان لە قاهیرە روویدا.
رووداو: لەگەڵ کێ بوو؟
ساڵح موسلیم: لەگەڵ باڵیۆزی سووریای...
رووداو: لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا.
ساڵح موسلیم: لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە سووریا بوو.
رووداو: ئێوە لە قاهیرە یەکتریتان بینی؟
ساڵح موسلیم: ئێمە لە قاهیرە یەکترمان بینی. دواتر وردە وردە...
رووداو: تۆ چووی بۆ تورکیا؟
ساڵح موسلیم: دواتر چووینە تورکیا، لە ئەورووپا یەکترمان بینی. لە زۆر شوێن یەکدیمان بینی.
رووداو: بوەستە! ئەمە بۆ من زۆر گرنگە. دەمەوێت بزانم، راستە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، ئیتر دەکرێت ئاشکرا بکرێت، وانییە؟
ساڵح موسلیم: نەخێر، نەخێر. کێشە نییە، بەڵام دەمەوێت ئاستەکەی بڵێم. پێم گوتیت، با کورتی ببڕمەوە.
رووداو: تۆ لەگەڵ کێ کۆبوویتەتەوە؟ من دەمەوێت بزانم.
ساڵح موسلیم: ئەمانە بوون، بەرپرسانی هەواڵگری بوون، هی نازانم چی بوون، باڵیۆز بوون. باڵاترین ئاست کە پێی گەیشتن، فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو بوو، ئەو کاتە یاریدەدەری وەزیری کاروباری دەرەوە بوو، دواتریش بووە نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر هەڵە نەبم، ماوەیەک پێش ئێستاش خانەنشین بوو. ئیدی ئەو کەسەی کە پێشوازی و میوانداریی ئێمەی دەکرد، هەمووی ئەو بوو، ئەو کاتە ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری کاروباری دەرەوە بوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو کاتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، هەموویان ئاگایان لێی هەبوو. فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو گوتی ئەم هاتن و دانوستاندن و قسانەی تۆ کە دەیکەین، وەک خۆی بۆ ئەوان دەچێت، ئاگایان لێی هەیە.
رووداو: ئەو کاتە، تۆ هاکان فیدانت نەبینی؟
ساڵح موسلیم: نەخێر.
رووداو: راوێژکاری میت بوو.
ساڵح موسلیم: نەخێر نەمدیت.
رووداو: تۆ ئەو کەسانەت لە تورکیاش بینی، ئەو کەسانەی کە تۆ دەڵێی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ.
رووداو: لە ئەنقەرە؟
ساڵح موسلیم: لە ئیستەنبووڵ.
رووداو: لە ئیستەنبووڵ. ئەمە پێویستە بوترێت، وانییە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، بەڵێ. خەمت نەبێت. نەک ئێمە گوتمان، تۆ ئازادیت.
رووداو: ئازادم، من پرسیارم کرد، من چ پرسیارێک بکەم، تۆ گوتت، دڵبخوێن تۆ ئازادیت، دەتوانیت پرسیار بکەیت؟
ساڵح موسلیم: تۆ ئازادیت چ پرسیارێک بکەیت.
رووداو: چۆن بوو، لەو دیدارانەدا، ئەوان داوای چییان دەکرد و ئێوە داوای چییان دەکرد؟
ساڵح موسلیم: ئەو کاتە، سوپای ئازادی سووریا هەبوو، ئێمە لە قاهیرە یەکترمان بینی، گوتیان باڵیۆز دەیەوێت بتبینێت. هات گوت، من دەمەوێت نێوانی ئێوە و سوپای ئازادی سووریا چاک بکەم. گوتمان، تەواو، تۆش و ئەویش لەسەر ئەو بنەمایە دروست بوو. ئەوان لەمێژ بوو دەیانویست ئێمە بخەنە ناو ئیئتیلاف، نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا، بمانکەنە موڵکی خۆیان، چونکە ئەوان لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بوون، دەیانویست ئێمە بخەنە نێوی. لە ئیستەنبووڵیش، من لەگەڵ دوو کەس لەوان دانیشتم، ئەو کاتە لەگەڵ هی ئەنجوومەن (ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا). هۆکار چییە؟ گوتی، دەمانەوێت ئێوە بەشدار بن. گوتم، تەواو، ئێمەش ئامادەین، بەشدار بین، بەڵام هەندێک مەرجمان هەیە. گوتی، مەرجەکانتان چین؟ ئێوە دەبێت، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا، لەناو پڕۆگرامی خۆیدا دایبنێت، کێشەی کورد لە سووریا هەیە و ئێمە بە رێگەی دیموکراتیک چارەسەری دەکەین. ئەوەیان نەکرد. نەیانکردە نێو بەرنامەکەوە. ئێمەش گوتمان، تۆ ئەوە قبووڵ ناکەیت ئیدی چۆن من لەگەڵ ئێوەدا کار بکەم.
رووداو: ئێوە پێتان وایە لە داهاتوودا، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا وەک پەیوەندییەکانی باشووری کوردستان و تورکیای لێ بێت؟ وەک نموونە.
ساڵح موسلیم: رەنگە باشتریش ببن، نازانین... رەنگە باشتر ببن، نازانین... لەبەر چی؟ چونکە من لەوێ تەواو دۆخەکە نازانم، بەڵام لەلای ئێمە، تۆش خەڵکی ئەو ناوچەیەیت، دەزانیت، گوندیان دابەشکردووە، هێڵی بەنێودا دەڕوات، لەو لایە ئامۆزایە، لەم لایەش ئامۆزایە. ئیدی ئەگەر مرۆڤ بچێت یەکدی ببینێت، مرۆڤ یەکدی تەواو دەکات. پرسەکانی ژیان و ئەوانی دیکە، ئێمە زیاتر تێکەڵی یەکتر دەبین، بەڕاستی.
رووداو: ئەگەر داوات لێ بکرێت جارێکی دیکە بچیتەوە تورکیا و ببیتە هۆکارێکی دیالۆگ لەنێوان ئەنقەرە و رۆژئاوای کوردستاندا، دەچیت باوکی وڵات؟
ساڵح موسلیم: هەرگیز ناوەستم، من بە راکردن دەچم. بەڵام دەبێت بە فەرمی داوام لێ بکرێت. پێشتر پرسی چوون تەنیا هی من نەبوو، زۆر کەس چوون، وەک نموونە، ئیلهام ئەحمەد چووە، هاوڕێکەمان، ئەو کاتە ئاسیا چووە.
رووداو: چوونەتە کوێ؟
ساڵح موسلیم: چوونەتە ئەنقەرە، چوونەتە ئامەد، چوونەتە هەموو شوێنێک. مەبەستم بۆ کۆبوونەوە چوون. من و سینەم پێکەوە چووین، لەوێ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە دانیشتین، واتە پێشتریش هەبووە، من بە تەنیا نەبووم.
رووداو: بۆچی ئێوە ئەو دیدارانەی خۆتان لە رای گشتی شاردبووەوە، ئاشکراتان نەکرد؟
ساڵح موسلیم: ئەوان نەیانویست، نەک ئێمە.
رووداو: تورکیا نەیویست ئێوە ئاشکرای بکەن؟
ساڵح موسلیم: ئەوان نایانەوێت ئاشکرای بکەن. کاتێک ئەوان بە نهێنی لە کون و قوژبندا دەمانشارنەوە، مانای چییە؟
رووداو: باوکی وڵات، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هێڵی سوورتان هەیە؟
ساڵح موسلیم: زۆر هێڵی سوورمان هەیە.
رووداو: چین؟
ساڵح موسلیم: بوونی ئێمەیە، خۆسەرییە، مافەکانی ژنانە، ئەمە هەمووی بۆ ئێمە هێڵی سوورن.
رووداو: ئێوە ئەمانەتان وەک مەرج داونەتە دیمەشق؟
ساڵح موسلیم: ئەمانە مەرج نین. وەرن با گفتوگۆی لەسەر بکەین، راستییەکەی چییە، با بیکەین، با چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە. وەک نموونە، ئێمە ناڵێین هێڵی سوورن و ئێمە گفتوگۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناکەین، نەخێر. وەرن با گفتوگۆ بکەین کە شوێنی ئەوان چۆن دەبێت، ئێمە چۆن لەگەڵیاتاندا هاوکار بین. ئێمە گفتوگۆ دەکەین، بەڵام لەنێوبردنیان بۆ ئێمە هێڵی سوورە. پڕۆژەمان هەیە، بەڵێنمان هەیە، مافی ژن هەیە، ئێستا سیستمی هاوسەرۆکایەتیمان هەیە، ئەگەر لەدەستمان بێت، دەمانەوێت سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە تەواوی سووریادا هەبێت. بۆ مافەکانی ژنان...
رووداو: سەرۆکی سووریاش ببێتە هاوسەرۆک؟
ساڵح موسلیم: بۆچی نا؟ بۆچی نەبێت؟ ئێمە ناڵێین مەرجە و پێویستە بەو شێوەیە بێت.
رووداو: ئێوە دەڵێن، ئەمەش دەکرێت ببێتە پێشنیازێک بۆ سووریا؟
ساڵح موسلیم: بۆچی نەبێت؟ بۆچی نەبێت؟! لەبری ئەوەی هەڵدەستن ژنان دەشارنەوە، فڕێیان دەدەن، سەریان دەبڕن، نازانم چییان لێ دەکەن، با ژن مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت.
رووداو: وردە وردە دەگەینە کۆتایی ئەم هەڤپەیڤینە. زۆر بە خۆشی بەڕێوە دەچێت. باوەڕت بە ئازادیی کوردستان، کوردستانێکی یەکگرتوو، هەیە؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ، بەڵێ هەیە. چۆن نییە؟ هیچ کات ئەم هیوایەمان لەدەستنەداوە. بەڵام هەندێک شت هەن، پێوەرەکان گۆڕاون، بۆنە نموونە، هەندێک لە ئێمە تاوەکو ئێستا دەوڵەتی نەتەوەیی لە مێشکیاندا بەستوویەتی. تەمەنی دەوڵەتی نەتەوەیی چەندە؟ کەمتر لە 300 ساڵە. لە شۆڕشی فەرەنسادا دەرکەوت و بووە مۆدێل. دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی چییە؟ دەسەڵاتە، دەسەڵات چینێکە، پارتێکە، خێزانێکە، حوکمی ناوچەیەک دەکات. ئەم مۆدێلە ئێستا بەسەرچووە.
رووداو: بەڵام ئێوەش لە رۆژئاوای کوردستان دەسەڵاتن.
ساڵح موسلیم: تەواو.
رووداو: ئێوەش دەسەڵاتن.
ساڵح موسلیم: ئێمە چی دەبین با ببین. بەڵام دەڵێن ئەم شتە دەگۆڕدرێت.
رووداو: باوەڕت بە نەتەوەی کورد نییە؟
ساڵح موسلیم: نەک نییە. نەتەوەی کورد هەیە، مافەکانیشی هەیە. نەتەوەی کورد بە شێوازی دیکە یەکگرتوو دەبێت. بۆ نموونە، کاتێک هەر چوار پارچەکە پرسی خۆیان چارەسەر کرد، بە شێوەیەکی کۆنفیدراڵی پێکەوە نەبەسترێنەوە؟ دەکرێت ببێت و دەکرێت زیاتریش ببێت. مەسەلەن ئەورووپا، ئەورووپا ئێستا چییە؟
رووداو: واتە هەر لایەک کوردستان بێت و کۆنفیدراڵی لەناو کوردستاندا دروست ببێت؟
ساڵح موسلیم: کۆنفیدراڵیی ئەورووپا چییە؟ دەوڵەتێکە، هەر یەک باوەڕی خۆی هەیە، قسەی خۆی هەیە، بەڵام هەموویان لەنێو یەکدان. بڕۆ سەیری
ئەڵمانیا بکە، ئەڵمان لە سویسراش هەن، لە فەرەنساش، لە نەمسا هەن. بڕۆ پێی بڵێ من دەتکەمە دەوڵەتی نەتەوەیی ئەڵمانەکان، ئەو دەڵێت نەخێر، من بەم شێوەیە ئاسوودەم.
رووداو: واتە، پێویست ناکات کورد دەوڵەتی خۆی کوردستان دروست بکات؟
ساڵح موسلیم: دەوڵەتەکان بەم شێوەیە بن، دۆزەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و کۆنفیدراڵیی خۆیان دروست بکەن.
رووداو: باوەڕت هەیە کە لە سووریا کوردستانێک هەیە، باوە وڵات من ئەمە مەراق دەکەم؟
ساڵح موسلیم: چۆن نییە؟ نەک من دەڵێم، مێژوو و جوگرافیا دەڵێن، مەگەر من دەڵێم!
رووداو: کۆبانێ، ئێمە هەردووکمان خەڵکی کۆبانێین. کاتێک کەسێک پرسیاری کۆبانێت لێ بکات، تۆ چی دەڵێی، تۆ بۆ کۆبانێ چی دەڵێی؟ کۆبانێ بۆ باوکی وڵات چییە؟
ساڵح موسلیم: رەسەنایەتیی کوردی.
رووداو: رەسەنایەتیی کوردی؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ.
رووداو: شارێکی رەسەنە؟ رەسەنایەتی لە کۆبانێ یە؟
ساڵح موسلیم: خۆی پاراستووە. تاوەکو ئێستا خۆی پاراستووە، بە عورف و عاداتی خۆی، بە ئەخلاقی خۆی، بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکە، رەسەنایەتی لەو شوێنە لە کۆبانێ مایە.
رووداو: تۆ هەمیشە بیری کۆبانێ دەکەیت، وانییە؟ تۆ کەم دەچیتە کۆبانێ.
ساڵح موسلیم: بەڵێ چۆن!
رووداو: تۆ کەم دەچیتە کۆبانێ؟
ساڵح موسلیم: یانی. بە یارمەتیی خودا بەم نزیکانە دەچمەوە.
رووداو: چی باشە من و تۆ لە کۆبانێش یەکتر ببینین.
ساڵح موسلیم: بۆچی نا؟! بەرنامەیەکی چوار کاژێری دروست بکە.
رووداو: بەرنامەیەکی چوار کاژێری؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ.
رووداو: بەڕاستی بۆ منیش کۆبانێ هەموو شتێکە. 35 ساڵە من لە کۆبانێ دەرچووم، بەڵام زۆر بیری کۆبانێ دەکەم. دڵخۆش بووم.
ساڵح موسلیم: زۆر سوپاس.
رووداو: ماڵت ئاوا بێت.
ساڵح موسلیم: زۆر سپاس بۆ تۆ، بۆ رووداو، بۆ هاوڕێیانی رووداو کە کار دەکەن. ئێمە زۆریشمان گفتوگۆ کرد، هیوادارین، هیوادارین، بەڕاستی تێڕوانینی ئێمە بۆ رووداو ئەوەیە کە دامەزراوەیەکی نەتەوەییە و چاوتان لێی هەبێت. رۆڵیشی زۆر گرنگە. هیوادارین بەم رۆڵە بە شێوەیەکی ئەرێنی، خزمەتی گەلی کورد بکات، ئێمە هیوامان وایە. پێویستە ئێوە زۆر هەستیار بن، هەستیاریی گەلی کورد لەبەرچاو بگرن. شتی بچووک گەورە نەکەن، شتەکان وەک خۆی بڵێن. ئێمە لەو هیوایەداین.
رووداو: ماڵت ئاوا بێت، زۆر سوپاس.
ساڵح موسلیم: سوپاس، زۆر سپاس.
رووداو: بە دڵێکی کراوە و ئاسوودەییەوە، وەڵامی پرسیارەکانی منت دایەوە.
ساڵح موسلیم: بەڵێ، لەسەر چاوم.
رووداو: تۆ بەڵێنەکەی خۆتت بەجێگەیاند، بەڵێنی پیاوانە.
ساڵح موسلیم: گوتمان، ئێمە خەڵکی کۆبانێین!
رووداو: خەڵکی کۆبانێن. باوکی وڵات، ماڵت ئاوا بێت. زۆر سوپاس. زۆر زۆر سوپاس، من دڵخۆش بووم. تۆ بوویتە میوانی من.
ساڵح موسلیم: بەخێربێیت. سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ