کوردستان
گۆمی فێڵاو کە لە وەرزی زستان و بەهار دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە ئێستا بەو شێوەیە وشكبووە. وێنەی یەکەم؛ جەمال روستایی. وێنەی دووەم؛ سیروان محەممەدئەمین
رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە وەرزی زستان و بەهاردا گۆمی فێڵاو بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بەرامبەربوونی لەگەڵ چیای حەساری سەکران دیمەنێکی سرووشتیی جوانی هەیە بەتایبەتی لە ئێواراندا کە دیمەنی چیا بەفرینەکە لە گۆمەکەدا رەنگدەداتەوە، بەو هۆیەشەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی دەکەن، بەڵام ئەو گۆمە لە وەرزی پاییزدا تاوەکو بارینی یەکەم بارینی پاییز وشک دەبێت.
دڵزار قادر، بەڕێوەبەری کارگێڕی ناشناڵ پارکی هەڵگورد - سەکران سەبارەت بە هۆکاری وشکبوونی گۆمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز ئەو گۆمە بە تەواوی وشک دەبێت، جگە لەوەی کەمبارانی هۆکاری وشکبوونی گۆمەکەیە، کشتوکاڵکردن و باخەکانی ئەو سنوورە هۆکارێکی دیکەی وشکبوونی ئەو گۆمەن، چونکە بۆ ئاودێری سوود لە کانیاو و سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو شوێنە وەردەگیرێت."
گۆمی فێڵاو سەرەکیترین ئاوی کانی دارەگەلە لەگەڵ چەند ئاوەژێیەکی دیکەی وەک سێکێل و زناق کە بە بەردەوامی دەڕژێنە نیو گۆمەکەوە.
بەڕێوەبەری کارگێڕی ناشناڵ پارکی هەڵگورد - سەکران دەشڵێت، ئەمە یەکەمجار نییە کە گۆمی فێڵاو لەو وەرزەدا وشک دەبێت، لە ساڵانی رابردووشدا دیمەنی هاوشێوە دووبارە بووەتەوە و گۆمەکە وشكبووە. دەشڵێت " تاوەکو یەکەم باران بارینی وەزی پاییز گۆمەکە بە وشکی دەمێنێتەوە."
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی گۆمی فێڵاو دەکەن، مانگی چواری ساڵی رابردوو بەشێک لە سرووشتی گۆمی فێڵاو لە باڵەکایەتی شێوێندرا، بۆیە بە مەبەستی پاراستنی سرووشتەکەی و رێگریکردن لە گەیشتنی ئۆتۆمبێلیش بۆ سەر گۆمەکە، چواردەورەکەی هەڵکەنرا و سەردانیکردنی بە ئۆتۆمبێل قەدەخە کرا.
مانگی پێنجی ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان بۆ پارێزگاریكردن و پاكڕاگرتنی "گۆمی فێڵاو"ی دەڤەری باڵەكایەتی، چەندین ئاگردانی لە دەوروبەری گۆمەكە دانا و داواش لە گەشتیاران و هاونیشتمانییان کرد لە كاتی سەردانی شوێنەكەدا پێویستە رەچاوی پاكوخاوێنی شوێنەكە و دەوروبەری گۆمەكە بكەن و ئاگر لەسەر گژوگیای نزیك گۆمەكە نەكەنەوە. نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش بە رووداوی راگەیاند "ئەو ئاگردانانە بۆ پارێزگاریکردنە لە سرووشت و جوانی دیمەنەکەی".
لە وەرزی زستان کۆمەڵێک گەنجی چۆمان لەنێو سەهۆڵاوی گۆمی فێڵاو مەلەدەکەن
له مانگی 1ی ئەمساڵ پلەی گەرما لە كوێستانهكانی چۆمان لەژێر سفری سیلیزییەوە بوو و هەندێک گەنج سەهۆڵی بەستووی سەر گۆمەکە دەشکێنن و لە سەهۆڵاوی گۆمی فێڵاودا مەلەدەکەن.
گۆمەکە دەکەوێتە سنووری هەردوو گوندی بن بایزان و شێخ وەتمان، بەدووری 11 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای چۆمان هەڵکەوتووە.
گۆمی فێڵاو بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بەرامبەربوونی لەگەڵ چیای حەساری سەکران دیمەنێکی سروشتیی جوانی هەیە بەتایبەتی لە ئێواراندا کە دیمەنی چیا بەفرینەکە لە گۆمەکەدا رەنگدەداتەوە، بەو هۆیەشەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی دەکەن.

.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ