رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێکی نوێی گومرگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کرابێت و دەڵێت، بەغدا بەبێ هەولێر ناتوانێت بڕیاری لەو شێوەیە جێبەجێ بکات.
د. سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری سیستمی (ئەسیکۆدا) لەگەڵ حکومەتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 2-4-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی کارکردن بە سیستمی زانیاریی پێشوەختەی گومرگی بۆ هاوردەکردنی مادە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، بڕیارێکی خۆیانە و لای ئێمە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە."
سەرۆکی تیمی دانوستاندنکار ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکیان بۆ کارکردن بەو سیستمە لە ئیبراهیم خەلیل نەناوە و گوتیشی: "بڕیارەکە لای حکومەتی عێراقی دەرچووە، بەڵام لای ئێمە جارێ هیچ کاری لەسەر نەکراوە و هێشتا بڕیارمان نەداوە."
ئەم لێدوانەی بەرپرسەکەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق، رۆژی 1ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو لە 3ـی نیسانی 2026ـەوە سیستمەکە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکەوێتە کار. سامر قاسم ئەوەشی خستبووەڕوو کە ئەم هەنگاوە "بەرهەمی چەندین ساڵ گفتوگۆ و هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێرە بۆ یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان."
سەبارەت بە توانای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەبێ رەزامەندی هەرێمی کوردستان، د. سامی جەلال رەتیدەکاتەوە بتوانرێ بڕیارەکە بێ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و دەڵێت " بەغدا بەبێ هەرێمی کوردستان ناتوانێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات."
سامر قاسم داود رایگەیاندبوو : "حکومەتی عێراق کۆدی 05ـی داناوە بە مەبەستی هاوردەکردنی مادە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت زۆربەی بازرگانان داوایان دەکرد ئاسانکاریی حەواڵەی داراییان بۆ بکرێ و سوودمەندبن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق دەڵێت : "ئێستا ئەو بژاردەیە لە بەردەم بازرگانان دا هەیە کە ئەگەر بیانەوێ کاڵا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن، دەتوانن لە بەغدا سەردانمان بکەن و ئێمە بە گوێرەی بڕیارەکان، دۆلاریان بە نرخی فەرمی بۆ حەواڵە دەکەین".
بە گوتەی سامر قاسم داود، "دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بە سیستمی ئەسیکۆدا گرێ نەدراون، بۆیە ئەو هەنگاوە بە پلەی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و بازرگانانی عێراقە بەشێوەیەکی گشتی".
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق رایگەیاند: "ئەم رێکارە تەنیا خۆراک و دەرمان دەگرێتەوە نەک تەواوی کاڵاکانی دیکە، بەڵام ئەگەر سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێ، ئەوا سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان دەگرێتەوە".
سامر قاسم داود ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم رێکارە تازەیە کە کۆدی 05ـە، تەنیا خۆراک و دەرمان دەگرێتەوە، بەوپێیەی ئەمانە کاڵای سەرەکی و پێویستن بۆ هاووڵاتییان. ئەم رێکارە دەبێتەهۆی بەهێزبوونی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب، دوای ئەوەی بانکی ناوەندی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان دابین دەکات".
سامر قاسم داود گوتیشی: "بەبێ زانیاریی پێشوەختەی گومرگ، ناتوانرێ دۆلار بە نرخی فەرمی بدرێتە بازرگانان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ