رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین بەشێکی هەردوو پارێزگای ئەرزەڕۆم و قەرسی باکووری کوردستانی گرتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 25ـی نیسانی 2026، بەفربارین لە بەشێکی پارێزگای قەرس دەستی پێکرد. زۆری پێنەچوو قەڵای قەرس سپیپۆش بوو و بەفر لەسەر سەدان ئۆتۆمبێل کۆبووەوە و لە هەندێک ناوچەش نزیکەی 15 سانتیمەتر بەفر باری.
بەفربارین لە هەندێ شوێن بووەهۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، بەتایبەتی لە رێگەی نێوان قەرس و ئەردەخان لە نزیک گوندی میزرا.
هاوکات لە شارۆچکەی نارمان لە پارێزگای ئەرزەڕۆم، بەهۆی بەفربارینەوە ماوەیەک چەند رێگەیەک داخران.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبانەکان رەوانەی ناوچەکە کران بۆ کردنەوەی رێگەکان و هاوکاریکردنی ئەو شۆفێرانەی کە لە رێگەکاندا ماونەتەوە.
کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ بەفر لە بەشێکی پارێزگاکانی ئەردەخان، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، قەرس، ئاگری و چەولیگ ببارێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ