رووداو دیجیتاڵ
ئەکرەم کرۆ، خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و چەندین ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، لەوێ بە هونەری نواندنی بێدەنگ - پانتۆمیم - نێوبانگی دەرکردووە.
ئەکرەم کرۆ، دەرهێنەر و ئەکتەر وەک ئەکتەر بەشداریی لە چەندین فیلم کردووە و هەروەها کاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلم کردووە؛ ئەو میوانی دیاسپۆرای رووداو بوو و رایگەیاند، هونەری نواندنی بێدەنگ زیاتر لە بیری خەڵك دەمێنێتەوە.
ئەکرەم کرۆ کە زۆر کەس بە "مستەر بین" بانگی دەکەن، دەڵێت، "هونەری نواندنی بێدەنگ تایبەتە، زیاتر هونەری پێکەنینە و زووتر دەگاتە بینەر، بەتایبەتی منداڵان، ئەوان زیاتر حەز بە سەیرکردنی هونەری نواندنی بێدەنگ دەکەن."
ئەکرەم کرۆ لە ئەڵمانیا خولی فێرکردنی هونەری بێدەنگی بۆ منداڵان هەیە و لە هەفتەیەکدا پێنج رۆژ منداڵان فێردەکات.
ئەکرەم کرۆ کە کاری دەرهێنانی بۆ حەوت فیلم کردووە، دەڵێت، "ئێستا دوو فیلمم تەواو کردووە تەنیا کاری مۆنتاژ کردنیان ماوە، هەروەها فیلمێکیشم لەبارەی ژیانی منداڵێکی عەفرینی ئامادەیە و بەمزووانە بڵاویدەکەمەوە."
ئەکرەم کرۆ دەشڵێت، "هونەری نواندنی بێدەنگ زمانێکی تایبەتی هەیە کە هی هەموو مرۆڤێکە، هەموو کەس بە ئاسانی لێی تێدەگەن و دەتوانرێت ئامانجی کارەکەت بە ئاسانی و بەبێ قسەکردن بگەیەنیتە مێشکی بینەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ