لە گوندێکی مەریوان چەندین کەس ژەهراوی دەبن و کەسێکیان گیان لەدەستدەدات

04-11-2023
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100 هاونیشتمانیی گوندی سەردۆشی مەریوان، ژەهراوی بوون. دەگوترێت ئاوی گوندەکە سەرچاوەی نەخۆشییەکەیە و یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
بەگوتەی سەرچاوەیەکی خەڵکی گوندی سەردۆش، ئێستا 15 دانیشتووی گوندەکە لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان بەهۆی ژەهرایبوونەوە خەوێنراون و بەردەوام خەڵکی دیکەش ژەهراویی دەبن، بەڵام ژیناویان بۆ دادەنێن و دەرزییان لێدەدەن و لە نەخۆشخانە بەڕێدەکرێن.
 
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، تەندروستی چەند کەس لە نەخۆشەکانی خەڵکی سەردۆش جێگیر نییە، تووشی سکچوون بوون، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگەیان پێنادەن، بۆ نەخۆشخانەکانی سنە و کرماشان بەڕێیان بکەن.
 
محەممەدڕەزا محەممەدی، بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستیی شاری مەریوان، رۆژی پێنجشەممە 02.11.2023 گوتی: "بە ئەگەری زۆر ئاوەڕۆ تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووە، چونکە بۆڕی ئاوی گوندەکە شکاوە و مەنهۆڵی ئاوەڕۆش لە تەنیشت بۆڕیەکەوە بووە."
 
پیاوێکی بە ساڵاچووی خەڵکی سەردۆش بە ناوی مەجید کاردۆشی، رۆژی چوارشەممە هەفتەی رابردوو، دوای نەخۆشکەوتن گیانی لەدەستدا. خەڵکی سەردۆش دەڵێن، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە بووە کە لە گوندەکەیاندا بڵاوبووەتەوە.
 
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا پزیشک و ئامبولانس لەنێو گوندی سەردۆشدا جێگیر کراون، بۆ ئەوەی فریای خەڵک بکەون.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستیی شاری مەریوان رۆژی پێنجشەممە گوتی: "پێشگیرییان لە تەشەنەسەندنی وەبا کردووە و کولۆریان بە خەڵک داوە و راهێنانیان بە خەڵک کردووە بۆ ئەوەی تانکی ئاوی خواردنەوەیان خاوێن بکەنەوە و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە بەردەوامە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن