رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی زاخۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی ژەهراویبوونی 110 کەس لە چێشتخانەیەک راگەیاند، کە هۆکارەکەی بەکتریا بووە لە مایۆنێز و سەوزەواتی خواردنگەکە؛ خاوەنی چێشتخانەکەش سزادرا و چێشتخانەکەش داخرا.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 22ـی ئەم مانگە 110 کەس لە خواردنگەیەک ژەهراوی بوون. دوای دەرچوونی ئەنجامی راپۆرتی لیژنەی تەندروستی، دەرکەوت مایۆنێز و سەوزەواتی خواردنگەکە بەکتریای لەناو بووە."
لەبارەی رێکارە یاساییەکان دژی ئەو شوێنە، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ گوتی: "خاوەنی خواردنگەکە بە 500 هەزار دینار سزادراوە و شوێنەکەشی بۆ ماوەی 45 رۆژ داخراوە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکە، سزاکەی تووندتر دەبێت".
پێشتر و لە رۆژی رووداوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دکتۆر سیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ، بەدواداچوونی بۆ رەوشی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییانە کردبوو کە تووشی ژەهراویبوون بوون.
وەزیری تەندروستی داوای کردبوو رێکاری یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەمان بگیرێتەبەر؛ هەر لەو چوارچێوەیەدا چێشتخانەکە داخرابوو و نموونەی خواردنەکانیش رەوانەی تاقیگە کرابوون تاوەکو هۆکاری سەرەکیی ژەهراویبوونەکە دەستنیشان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ