لە هەولێر و دهۆک پارەی گەنمی جووتیاران دابەشکراوە؛ لە سلێمانی کەی دابەشدەکرێت؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و دهۆک دەستی پێکردووە، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی رێکارە کارگێرییەکانەوە دواکەوتووە؛ راشیگەیاند، هێشتا 195 ملیار دیناری جووتیاران لای بەغدا ماوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک پارەی وەجبەی چوارەمی گەنمیان وەرگرتووە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی هێشتا جووتیاران ئەو پارەیەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی "ئەوان چەک بۆ بەغدا دەنێرن و تاوەکو بۆیان دەنێرنەوە کاتی دەوێت و هەموو جارێک دوا دەکەون."
 
لەبارەی کاتی دابەشکردنی پارەکە لە سلێمانی، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "ئەگەر سبەی رێکارەکان تەواو بوون، هەر سبەی لە سلێمانیش دابەش دەکرێت، ئەگەر نا دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەولێر و دهۆک بەهۆی هەبوونی رێککەوتن لەگەڵ بانکێک و خستنە سەر هەژماری بانکی، پارەکە زووتر دابەش دەکرێت.
 
بە کۆی گشتی پارەی جووتیاران 301 ملیار دینار بوو. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت، کە هێشتا بڕی 195 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران لە بەغدا ماوە و بەرپرسانی عێراق دەڵێن "سویلەمان نییە و هەر کاتێک هەبێت دەینێرین."
 
رۆژی 20ـی نیسانی 2026، سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاری دا بڕی 60 ملیار دینار وەک وەجبەی چوارەمی شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 دابەش بکات، لەو بڕە 8 ملیار و 945 ملیۆن دینار بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە."
 
پارێزگای سلێمانی: 3 ملیار و 498 ملیۆن دینار.
پارێزگای هەولێر: 2 ملیار و 842 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 2 ملیار و 605 ملیۆن دینار
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێ، ئەگەر بەشێوازی کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
پار حکومەتی عێراق بڕیاری دا، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە 10ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی تەممووز دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە. هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم لەعێراق بەرهەمهێندرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وێنە: رووداو

لە مانگی داهاتووەوە سێ هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان بۆ هەولێر دەستپێدەکەنەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە سێ هێڵی ئاسمانیی جیهانی گەشتەکانیان بۆ هەولێر دەستپێدەکەنەوە.