یانەی دهۆک: لەسەر مافەکانی یانەکەمان بێدەنگ نابین

05-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لەدوای شەڕەکەی ئەمشەوی هاندەرانیان لەگەڵ هاندەرانی یانەی زاخۆ، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ "بێدەنگ نابین و ناهێڵین مافمان پێشێل بکرێت".
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی عێراق، کاژێر 19:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 04-11-2023) هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ رووبەرووی یەکدی بوونەوە  و بە گۆڵێک بەرامبەر بوون، بەڵام دوای یارییەکە، شەڕ لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست بوو، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا 33 کەس بریندار بوون، کە دووانیان چەقۆیان بەرکەوتووە، لەنێو بریندارەکانیش 11ـیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.
 
کارگێڕیی یانەی دهۆک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێ "رووداوەکانی یارییەکەی ئەمشەو دڵگرانی کردین کە ژمارەیەک هاندەری ئێمە بە چەقۆ بریندارکران و ژمارەیەکی زۆری کورسیش شکێندران و سووتێنران، ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی سەرپەرشتیارانی ئەمنی و کارگێڕیی یارییەکەین و هەر شتێک پێویستبێت بە بەڵگەوە لای کارگێڕی یانەکەمان رادەستکراوە و دراوە بە لایەنی پەیوەندیدار."
 
یانەی دهۆک هەروەها دەڵێت "لەسەر مافی یانەکەکان و هاندەرانمان بێدەنگ نابین و ناخوازین پێش رووداوەکە بکەوین، بەڵام جەخت دەکەینەوە کە ناهێڵین مافەکانمان پێشێل بکرێن".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی یانەی دهۆکدا هاتووە "هاتنی ئەو ژمارەیەی هاندەران بەبێ رەزامەندی کارگێڕی یانەی دهۆک بووە و دەرگەی ژمارە 9ـی یاریگەکە لەلایەن پۆلیسی زاخۆوە سەرپەرشتی کراوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە