رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئاگادار وردەکاریی کۆبوونەوەکەی هۆشیار زێباری و بافڵ تاڵەبانی بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، پارتی چوار مەرجی خستووەتە بەردەم یەکێتی؛ ئەگەر جێبەجێیان بکات، ئەوا لە بەغدا کێشەی بۆ دروست ناکات. مەرجەکانیش پەیوەستن بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە نوێنەر فاتیح، پێشکەشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی داوای لە پارتی کردووە کە لەو ماوە کەمەی بۆ وادەی یاسایی ماوە، هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکەش نەکەن تاوەکو شاندێکیان دێتە لایان و لەسەر کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت رێکدەکەون.
پارتی بەربژێری هەیە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پارتی رەتیکردووەتەوە بەبێ رێککەوتن دەستبەرداری مافی خۆی بێت لە بەربژێرکردنی کەسایەتییەکان، بۆیە رۆژی دووشەممە د. فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کرد.
پەیامی پارتی بۆ یەکێتی روون بووە: "سەرەتا رێکدەکەوین، ئەگەر هەموو شتێک باش بوو، ئەوكات بەربژێرەکانمان دەکشێنینەوە."
22 رۆژ بۆ یەکلاکردنەوەی مەرجەکان
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا "کاونت داون" بۆ یەکێتی دەستیپێکردووە و تەنیا 22 رۆژ لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ماوە. پارتی چوار مەرجی سەرەکیی داوەتە یەکێتی کە دەبێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا پارتی بە بەربژێری خۆیەوە دەچێتە نێو پرۆسەکەوە.
مەرجەکانی پارتی چین؟
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم نەخشەڕێگەیەی خستووەتە بەردەم یەکێتی:
یەکەم: دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت؛ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت.
دووەم: دوای هەنگاوی یەکەم، دەبێت پەرلەمان کۆببێتەوە و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت و یەکێتی دەنگی پێ بدات.
سێیەم: جارێکی دیکە پەرلەمان کۆببێتەوە و مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رابسپێرێت و کابینەکە پێکبهێنرێت.
چوارەم: ئەگەر ئەو سێ خاڵەی سەرەوە جێبەجێکران، پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێرەکانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکشێنێتەوە و دەنگ بە بەربژێرەکەی یەکێتی دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ