رووداو دیجیتاڵ
لە شاری عەفرین، روولا حەمدۆ، چالاکڤانی کورد، دەستپێشخەرییەکی جیاوازی دەستپێکردووە؛ ئەو بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت، کە تەمەنیان لە 100 ساڵ تێپەڕیوە، بۆ ئەوەی بەشداریی خۆشییەکانیان بێت و رێزیان لێ بگرێت.
لە کاتێکدا زۆرجار گەورەکانی ماڵ لەناو جەنجاڵیی ژیاندا لەبیر دەکرێن، روولا حەمدۆ بە دیدێکی مرۆیی و کولتووری دەستی بە دەستپێشخەرییەکەی کردووە. ئەو لە گوند و ناوچەکانی عەفرین لە دەرگەی ئەو کەسانە دەدات، کە هەر یەکێکیان کتێبێکی زیندووی مێژووە.
"ئارامیی ماڵ و مێژووی ئێمەن"
روولا حەمدۆ کە میوانی بوڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداو بوو، هۆکاری ئەم دەستپێشخەرییەی بەم شێوەیە روونکردەوە: "بینیم زۆرن ئەو پیر و پەککەوتانەی کەس گوێیان لێ ناگرێت. ئەوان مێژووی ئێمەن، ئارامیی ماڵەکانی ئێمەن. ویستم دڵیان خۆش بکەم و سەرنجی کۆمەڵگە بۆ گرنگیی ئەوان رابکێشم."
ئەم چیرۆکە لە باپیری روولاوە دەستی پێکرد. کاتێک بینی ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی باپیری چەندە مۆراڵ و شادیی پێ بەخشی، بڕیاری دا ئەم دڵخۆشییە بگەیەنێتە هەموو ماڵێکی عەفرین کە "کەسێکی سەد ساڵەی" لێ بێت.
چیرۆکە سەیرەکان
لە ناو گەڕانەکانی روولادا، چیرۆکی وا دەردەکەون کە مرۆڤ سەرسام دەکەن.
پیاوێکی تەمەن 117 ساڵ، تائێستا هاوسەرگیری نەکردووە. روولا حەمدۆ دەڵێت: "چونکە دڵی چووبووە سەر کچێک و نەببووە نسیبی، ئەویش تەمەنی خۆی بەتەنیا و بە یادگارییەکانەوە بەڕێکردووە. ئەم پیاوە پیرەی کە لای برازاکانی دەژیت، زمانەکانی رووسی و فارسییش دەزانێت."
پیاوێکی دیکەی عەفرینی، سەرەڕای ئەوەی 110 ساڵ بووە، پێش دوو مانگ زەماوەندی کردووە! ئەو نەک تەنیا تازەزاوایە، بەڵکو هەموو رۆژێک دەچێتە سەر زەوییەکەی و وەک گەنجێک خەریکی کشتوکاڵ دەبێت.
"ئەوەی گەورەی نەبێت، هیچیشی نییە"
روولا حەمدۆ و هاوڕێکەی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ئەم کارە دەکەن. ئەوان پێش هەر سەردانێک مۆڵەت وەردەگرن، بە شیرینی و دیارییەوە دەچنە لای ئەم بەتەمەنانە و رۆژی لەدایکبوونیان پیرۆز دەکەن.
روولا دەڵێت خەڵکی عەفرین بە عەشقی ژیان و خواردنە تەندروستەکانیان بەنێوبانگن، بۆیە تەمەنیان درێژە. ئەو داوا لە هەمووان دەکات هاوکاری بن بۆ ئەوەی بگاتە هەموو کەسێکی سەروو 100 ساڵ و دەڵێت: "کاتێک لەگەڵ ئەواندا پیاسە دەکەم، خۆم بەهێز دەبم. ئەوەی گەورەی نەبێت، هیچیشی نییە."
ئەمە یەکەم دەستپێشخەریی روولا نییە؛ ئەو پێشتر لە جەژنێکدا جلی بۆ 190 منداڵی بێسەرپەرشت دابین کردبوو و بە چەندین کاری خێرخوازی لە ناو کۆمەڵگەی عەفریندا دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ