شارەوانیی هەولێر: بەمنزیکانە چاڵی سەر شەقامەکان پڕدەکەینەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانیانی گوندی قۆریتان و گەڕەکی کوردستانی هەولێر لە خراپی و تێکچوونی شەقامەکانیان نیگەرانن و دەڵێن، چاڵ و چۆڵی پەکی خستوون. سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، بەهۆی چاککردنەوەی کارگەی قیڕەوە کارەکان دواکەوتبوون و لەم رۆژانەدا دەست بە چاککردنەوەی هەموو چاڵەکان دەکەن.
 
رێگەی سەرەکیی هەولێر-مەخموور لە سنووری گوندی قۆریتان، کە رێگەیەکی ستراتیژییە بۆ ناوچەکانی مەخموور، دیبەگە و شەمامک، ماوەی سێ ساڵە بە تەواوی تێکچووە. ئەو رێگەیە کە درێژییەکەی نزیکەی 4 کیلۆمەترە، جگە لە هاونیشتمانیان، هاتووچۆیەکی زۆری بارهەڵگری کارگە و پاڵاوگەکانی لەسەرە.
 
سەنگەر فەرهاد، دەوکاندارە لە سنووری قۆریتان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سێ ساڵە ئەم رێگەیە وێران بووە. قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەبێت و ئۆتۆمبێلەکانمان تێکچوون؛ داواکارین لە حکومەت ئاوڕێک لەم رێگە گرنگە بداتەوە."
 
هاوکات لە گەڕەکی کوردستانی هەولێریش، هاونیشتمانیان سکاڵای ئەوە دەکەن چەندین جار داوایان لە شارەوانی کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو چاڵە گەورانەی بەهۆی بارانەوە دروست بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
 
سەبارەت بەم گرفتانە، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بارانی زۆری ئەمساڵەوە چاڵ و چۆڵی لە شەقامەکاندا زیاد بووە. ئێمە وەک شارەوانی پلانمان بۆ هەموو سەنتەری شار هەیە بۆ چاککردنەوەی شەقامەکان."
 
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر هۆکاری دواکەوتنی کارەکانی بۆ گرفتێکی تەکنیکی گەڕاندەوە و گوتی: "لە 10 بۆ 15 رۆژی رابردوودا کارگەی قیڕمان بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە کاری نەدەکرد و بەو هۆیەوە کارەکان وەستابوون. پشتیوان بەخودا لەم ماوەیەدا کارگەکە دەکەوێتەوە گەڕ و هەموو ئەو شوێنانەی چاڵ و چۆڵییان تێدایە، چاک دەکرێنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە