رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر بە سێ مووشەک بۆردوومان کراون، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ 10ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارەگاکانمان لە دۆڵی ئالانەی سنووری هەولێر بە مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کران".
پەناهی گوتی: "هێرشەکە بە سێ مووشەک بوو، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی لێکەوتووەتەوە".
لەگەڵ بەردەوامیی ئاگربەست و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشە درۆن و مووشەکییەکان دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیان کردووە، هەر لەم مانگەدا چەند هێرشێک دژی سنووری کۆیە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای هەولێر، هەروەها هێرش کراوەتە سەر کەمپی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتی، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە 76 درۆن و مووشەک بارەگانیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ