رووداو دیجیتاڵ
گەشتە ئاسمانییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی جیهان بەشێوەی ئاسایی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بەراورد بە پێش جەنگ نرخی بلیتی گەشت لەبەرزبوونەوەدایە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی فڕۆکەیە، کە گاڵۆنێکی گەیشتووەتە حەوت دۆلار. بەرپرسێکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێت، "بەرەو وەرزی هاوین دەچین و پێشبینی دەکەین نرخ زیاتریش بەرزبێتەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، گاڵۆنێک بەنزنی فڕۆکە کە 3.8 لیترە، پێش جەنگ لەنێوان 2 بۆ 4 دۆلار بووە، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە نێوان 5 بۆ 7 دۆلاردایە، ئەوەش بە هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی تکت دەزاندرێت.
عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای جەنگەوە کە نرخ بەرزبووەتەوە هێشتا بەرزە و دانەبەزیوە، هەمان کات بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە گەشتیش کەم بووەتەوە."
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی گوتیشی، "پشێش جەنگ تیکتی فڕۆکە لە سلێمانییەوە بۆ ئیسپانیا بە ترانزێت بە 450 دۆلار بوو، ئێستا بە 650 دۆلارە. تیکتی هاتن و چوونی تورکیا بە 150 دۆلار بوو، ئێستا بە 560 دۆلارە."
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، جەنگ و دۆخی ناوچەکە هۆکاری سەرەکییە، چونکە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، هەروەها گەشتیار کەمەوە و خەڵک گەشت ناکات، فڕۆکەش ناتوانێ لەم دۆخەکەدا بە 5 گەشتیارەوە گەشتەکانی بکات و هێڵەکان کەمبوونەتەوە.
عەتا ئەنوەر گوتی، "بەرەو وەرزی گەشتیاری دەچین، کە ساڵانی ئاسایی لەم کاتەدا نرخ بەرز دەبێتەوە، بۆیە بەهۆی وەرزەکە و دۆخی ناوچەکەش، پێشبینی دەکرێ نرخی تیکتی فڕۆکە زیاتر بەرزبێتەوە."
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەشتی راستەوخۆمان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا رۆژانە بەردەوامە."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل گوتی، "نرخی بلیتی چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ تورکیا لە 299 دۆلارەوە دەستپێدەکات. هەروەها گەشتەکانی چوون بۆ ئەورووپا لە 299 دۆلار دەستپێدەکات و چوون و هاتنیش لە 550 دۆلارەوە دەستپێدەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ