رووداو دیجیتاڵ
چوار هاونیشتمانی کە بەهۆی بەفرەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێ، گیریان خواردبوو، رزگار کران.
باباخان ئەسکەندەری، قایمقامی شاری سەردەشت رایگەیاند، شەوی رابردوو، چوار هاونیشتمانی لەنێو بەفر و کڕێوەی ناوچە شاخاوییەکانی مالیمووس بێسەروشوێن ببوون، بۆ سۆراخکردنیان تیمەکانی فریاکەوتن رەوانەی ناوچە کران. دواتر جووتیار بەرزگەر، بەرپرسی کۆمەڵەی مانگی سووری سەردەشت گوتی، ئەو چوار کەسەی لە شاخی مالیمووس، سەر بە گوندی وردێ لە ناوچەی سەردەشت، لە بەفردا گیریان خواردبوو، رزگار کراون.
بە گوتەی جووتیار بەرزگەر، ئەو کەسانەی بەهۆی بەفرەوە رێگەیان لێ ون ببوو، بەڵام لە رێگەی تەلەفۆنەوە توانرا پەیوەندییان لەگەڵدا بگیرێت، جێگایان دەستنیشان بکرێت و رزگار بکرێن.
جووتیار بەرزگەر دەڵێت، ئەوان بەهۆی سەرماوە دۆخی تەندروستییان تێکچووبوو، بەڵام هەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە و ئێستا تەندروستییان باشترە.
سەبارەت بە بەفربارین، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە شاری پیرانشار رۆژی دووشەممە لە شیفتی بەیانیدا دادەخرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنەش رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین و سەرما، رۆژی دووشەممە قوتابخانەکانی هەموو قۆناخەکانی خوێندن لە شاری بانە دادەخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ