رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە لە گوڵەخانە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی محەممەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای برای روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و چواری دیکە برینداربوون، ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.
شەڕەکە دەوروبەری کاژێر 08:00ـی شەو بوو، بەپێی گوتەی شایەتحاڵان و لایەنەکانی شەڕەکە، ئاڕ پی جی و چەکی مامناوەندی تێدا بەکارهێندراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە هێزەکانیان رەوانەی گوڵەخانە کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، بکوژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکرا."
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی دابان عوسمانە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پاسەوانی شەرام محەممەد حاجی مەحموود بووە.
هەردوو لایەن لێدوانی جیاواز لەبارەی هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکە دەڵێن، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەر خانووەکەی کە کوڕەکەی و بەشێک لە پێشمەرگەکانی تێدابوون.
لەو شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەدا، کوڕێکی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بریندار بوو.
هاوکات فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هێزێکی سەر بە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، چوونەتە ئەو خانووەی کە کێشەی موڵکداری لەسەرە، لەکاتێکدا ئاسایش لەو شوێنەبووە و گوتوویانە کەس ناچێتەوە خانووەکە تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە، لەوێوە شەڕەکە سەریهەڵداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ