سەلیم جبووری: هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا زۆربەی بابەتە ئاڵۆزەکان چارەسەر دەکات

05-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە سبەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەشدار بێت.
 
سەلیم جبووری، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەردانەکە دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی بابەتە ئاڵۆزەکان. ئەیاد عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقیش دەڵێت، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا "بە دیالۆگ، زمانی هاوبەش، لێکتێگەیشتن و رێزگرتن لە کورد چارەسەر دەکرێت".
 
بڕیارە ئێوارەی سبەی شەممە 06ـی نیسان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆببێتەوە و تاوتوێی دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکات.
 
لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا، سەلیم جبووری، ئەمینداری گشتیی گردبوونەوەی مەدەنی بۆ چاکسازی و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا کە رووداویش ئامادەبوو گوتی، "پێشوازی لە هەموو جۆرە دیالۆگێک دەکەین. پێویستە گفتوگۆکان بەردەوام بن، نەوەک تەنیا بۆ چارەسەری کاتی، بەتایبەتی لەنێوان ناوەند و هەرێم[ـی کوردستان]".
 
 
سەلیم جبووری دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی سەرکردەیەکی ژیر و لێهاتووە. هەندێک پرس لە ماوەی رابردوو روویاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مووچەی فەرمانبەران و یاسای نەوت و گاز و پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم[ـی کوردستان]ەوە هەیە کە پێویستیان بە کەسایەتیی بەهێز و شەفاف بۆ چارەسەرکردنیان هەیە. هیوایەکی زۆرمان بە هاتنی بەڕێزیان هەیە و پێم وایە بە سەردانیکردنیشی زۆربەی بابەتە ئاڵۆزەکان چارەسەر دەکرێن".
 
هاوکات ئەیاد عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەی کرد و گوتی، ""ئەو کێشەیەی لەنێوان کوردستان و عێراق هەیە، پشت بەخودا بە دیالۆگ، زمانی هاوبەش، لێکتێگەیشتن و رێزگرتن لە کورد چارەسەر دەکرێت".
 
ئەیاد عەللاوی جەختی لەوەش کردەوە کە کورد رۆڵێکی گەورەی لە "پاڵپشتیکردنی عێراقییەکان دژی رژێمی دیکتاتۆری" گێڕاوە و دەبێت ئێستاش "رێز لە کورد و سەروەرییەکەی بگیرێت". 
 
 
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 4-4-2024 بە رووداوی گوت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، هاوکات هەبوونی پەیوەندییەکی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات. 
 
دڵشاد شەهاب گوتی، "بەپێی یاسا و وەک کارەکتەرێکی کاریگەر و بەهێزی کوردستان و عێراق، نێچیرڤان بارزانی بەرپرسە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەرکردنی کێشە و تەنگژەکان، نەهێشتنی گرفتە ئابوورییەکان، لەنێویاندا مەلەفی بودجە و مووچە و نەوت".
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتییە لەدوای هەڵبژاردنی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021 پێکهێندرا و جگە لە زۆرینەی لایەنە شیعەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان لەخۆدەگرێت و پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات. 
 
لەو بارەیەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە حکومەتی لەسەر دامەزراوە و بەڵێنی جێبەجێکردنیان دراوە، بەڵام لە راستیدا جێبەجێ نەکراون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.