رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی دەڵێت، هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، دڵنیایی لە پاراستنی هەرێمی کوردستان بدات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی 1991 بووە هۆی دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی دەڵێت، "دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە."
داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە رووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە."
رۆژی 5ـی نیسانی 1991 لەکاتی کۆڕەوی گەلی کوردستان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ـی دەرکرد کە بووە بناخەی دانانی ناوچەی دژە فڕین و دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش
ئەمڕۆ ( 33 ) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە.
ئەم بڕیار گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.
بڕیاری 688 وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتوو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت. هەروەها پشتگیری خوالێخۆشبوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە. لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688 ، دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ