کۆمپانیاکان پەیوەندی، ئەنتەرنێتیان بۆ خوێندنی ئۆنلاین کردووە بە خۆڕایی

05-05-2020
هۆرڤان رەفعەت
خوێندکارێکی پۆلی 12: ئەم سیستەمە وایکردووە کە بۆچوونم بەرامبەر تەکنەلۆژیاش بگۆڕێت
خوێندکارێکی پۆلی 12: ئەم سیستەمە وایکردووە کە بۆچوونم بەرامبەر تەکنەلۆژیاش بگۆڕێت
نیشانەکردن خوێندنی ئۆنلاین
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، لە هەرێمی کوردستان خوێندنگەکان یەکەمین شوێن بوون بڕیاری داخستنیان درا؛ ئێستاش وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی ماڵپەڕی ewaneـەوە دەیەوێ خوێندکاران بگەڕێنێتەوە سەر وانەکانیان و لەنێو ماڵەکانیانەوە بخوێنن.
 
ئی وانە ماڵپەڕێکی پاڵپشتیکاری پەروەردەییە و هەر خوێندکارێکی پۆلی 1 تاوەکو 12 لە هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەژمارێکی تایبەت بە خۆیەتی، کە کۆد و پاسۆردێکی تایبەتی هەیە و لە رێگەی خوێندنگەکانیانەوە پێیان دراوە.
 
رۆژانە ئەو وانانەی بەهۆی داخرانی خوێندنگەکانەوە نەخوێندراوە لەوێ بە شێوەی ڤیدیۆی فێرکاری و شیکاری دەتوانن بیخوێنن.
 
رەوەز ئازاد، بەڕێوەبەری خوێندنگەی رەز بە رووداوی گوت "ئێمە کۆد و پاسۆردی ئەژماری خوێندکارەکانمان لە رێگەی ژمارەیەک گرووپی ڤایبەرەوە داوەتەوە بە خوێندکارەکان بۆئەوەی نەیەنەوە بۆ خوێندنگەکان و قەرەباڵخی دروستنەبێت، ئێستا زیاتر لە 700 خوێندکاری خوێندنگەکەمان لە ماڵەکانی خۆیانەوە وانەکانیان دەخوێنن و ماڵەکانی خۆیان بووە بە خوێندنگە بۆیان".
 
بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیە باسی لەوە کرد "لە رێگەی سیستەمەکەوە دەتوانین چاودێریی ئەوەش بکەین کە چەند خوێندکار سەردانی سیستەمەکەیان کردووە و چەند وانەیان خوێندووە، هەروەها دەشتوانن ئاڵوگۆڕی پرسیار و وەڵام بکەن لەنێوان مامۆستا و خوێندکارەکان".
 
بەشێکی زۆر لە خوێندکاران ئێستا لە ماڵەکانی خۆیانەوە وانەکانیان دەخوێنن و خۆیان بۆ کاتی کردنەوەی خوێندنگەکان ئامادە دەکەن.
 
خەندە جەواد، خوێندکارێکی پۆلی 12یە، رۆژانە لە ریگەی ماڵپەڕی ئی وانەوە وانەکانی دەخوێنێت و دەڵێت "رۆژانە لە رێگەی ئەم خوێندنگە ئەلیکترۆنییەوە کاتێکی زۆر بۆ من دەگەڕێتەوە و پێویستم بە چوون بۆ خوێندنگە و گرتنی مامۆستای تایبەت نییە، چەند جار بمەوێ دەتوانم وانەکان دووبارە بکەمەوە و گوێیان لێ بگرم، بۆ من کە خوێندکاری پۆلی 12م زۆر باشە و ژوورەکەی خۆمی بۆ کردووم بە قوتابخانە".
 
ئەو خوێندکارەی پۆلی 12 ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم سیستەمە وایکردووە کە بۆچوونم بەرامبەر تەکنەلۆژیاش بگۆڕێت، چونکە لەمەودوا بەکارهێنانی ئەنتەرنێت جگە لەوەی وەکو تۆڕی کۆمەڵایەتی و کات بەسەربردن بێت، ئیتر دەبێتە سیستەمێک بۆ فێربوونیش".
 
خوێندنگەی ئەلیکترۆنی هەموو هەرێمی کوردستانی پێکەوە بەستووەتەوە و بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و سریانی، هەروەها زاراوەی سۆرانی و بادینی وانەکان بۆ خوێندکاران رووندەکاتەوە، سیستەمی پەروەردەش لە داهاتوودا دەباتە قۆناخێکی دیکە.
 
خۆگر خالید، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند "سیستەمەکە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکی پێشکەوتووتر لەڕووی تەکنەلۆژییەوە و خوێندکاران بەشێوەیەکی زۆر باش دەتوانن سوود لە سیستەمەکە ببینن سەرجەم وانەکانیان لەوێ بخوێنن و سیستەمەکەش رۆژانە نوێدەکرێتەوە، ژمارەی وانەکان زیاد دەکات، هەرچەندە سیستەمەکە ئیلزامی نییە و بۆ تاقیکردنەوە نییە، بەڵام سیستەمێکی پاڵپشتیکارییە بۆئەوەی خوێندکاران لە خوێندن دانەبڕێن".
 
وەکو بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "وەزارەتی پەروەردە هەوڵیداوە ئاسانکاری تەواو بکات تاوەکو هەموو خوێندکارێک لە هەموو شوێنێکی کوردستان بتوانێت دەستی بەم ماڵپەڕە بگات و سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندییش خزمەتگوزاریی ئەنتەرنێتیان بۆ بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕە کردووە بە خۆڕایی، واتە هەر خوێندکارێک تەنها مۆبایل یان ئایپاد یان لاپتۆپێکی هەبێت دەتوانێت بەشداربێت و وانەکان ببینێت".
 
بەپێی سیستەمەکە، ئەو بابەتانەی لە خوێندنگەی ئەلیکترۆنی دەخوێندرێن، بۆ پۆلەکانی 1 تاوەکو 12 بۆ تاقیکردنەوە نین و تاقیکردنەوەیان تێدا ناکرێت، بەڵکو لە داهاتوودا کە خوێندنگەکان کرانەوە، بەشێک لە وانەکان دەخوێندرێنەوە، پاشان تاقیکردنەوەی تێدا دەکرێت.
 
هەرچی دەربارەی خوێندکارانی پۆلی 12شە، تاقیکردنەوەکانیان لەو وانانە دەبێت کە تاوەکو 26ی شوبات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خوێندراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە