شەپۆلێکی بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان
بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کاریگەرییەکەی زیاتر بێت و لە سەنتەری شارەکانیش بەفر ببارێت.
 
بەشێکی چیاکانی کوردستان، لەوانە چیای کۆڕەک لە هەولێر و چیای گارە لە دهۆک سپیپۆش بوون. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت لە ئەمشەوەوە تاوەکو شەوی یەکشەممە بارانبارین سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە. هەروەها لە ناوچەکانی شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنێ، مێرگەسۆر، بارزان، باڵەکایەتی، پێنجوێن، شارباژێڕ و ماوەت بەفر ببارێت."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، لە نیوەڕۆی دووشەممەوە تاوەکو شەو ئەگەری قووڵبوونەوەی شەپۆلەکە هەیە و "پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری شارەکانیش بەفر ببارێت."
 
گەشتیاران روو لە ناوچە بەفراوییەکان دەکەن
 
هاوکات لەگەڵ بارینی بەفر، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان و گەشتیاران روویان لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە. یەکێک لە گەشتیاران گوتی: "کەشەکە زۆر خۆشە و خۆزگە زووتر دەهاتین." خانمێکیش کە لەگەڵ خێزانەکەی بوو گوتی: "پێکەوە بە خێزانی هاتووین و ئینشائەڵڵا گەشتێکی خۆش دەبێت."
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلەکە فراوانتر بێت و دەڵێت: "سەرەتا لە ناوچە کوێستانییەکان بەفر دەبارێت، دواتر لە قۆناخی سێیەمدا دێتە ناوچە نیمچە کوێستانییەکان و پاشان دادەبەزێت بۆ ناوچەکانی وەک دهۆک، سلێمانی و شەقڵاوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کەشناسی، تاوەکو نیوەڕۆی شەممە زۆرترین رێژەی بەفربارین لە زینی وەرتێ تۆمار کراوە کە 20 سانتیمەتر بووە، دوای ئەو بەرواری باڵا بە 15 سانتیمەتر، حاجی ئۆمەران بە 10 سانتیمەتر و کانی ماسێ بە 8 سانتیمەتر دێت. پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە