رووداو دیجیتاڵ
سەرمایەدارێکی خەڵکی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، دوای 24 ساڵ مانەوە لە ئیستەنبووڵ، گەڕایەوە گوندەکەی و کارگەیەکی دامەزراند.
سەبری ئۆزالپ پێش 24 ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی لە گوندی سۆغوجاک (سەرێ) لە بناری چیای گابارەوە بەرەو ئیستەنبووڵ کۆچی کرد و لەوێ لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی پۆشاک دەستی بە کارکردن کرد.
ئێستا ئەو هاونیشتمانییە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و لەوێ کارگەیەکی دامەزراندووە، هەلی کاری بۆ ژنان و گەنجان رەخساندووە.
16 ماڵ لەو گوندەن و لەو کارگەیەدا هەلی کار بۆ 90 ژن و گەنجی گوندەکە و گوندەکانی نزیکی رەخساوە.
ئەو کارگەیە بەرهەم بۆ براندە جیهانییەکان دروست دەکات.
ماڵباتی ئۆزالپ کە 24 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی نەبوونی و چەند هۆکارێکی دیکەوە کۆچیان بۆ ئیستەنبووڵ کرد، لە ساڵی 2002 بڕیاریان دا کارگەیەک دابمەزرێنن.
ئۆزالپ کە لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بەو کارە کردووە، لەگەڵ هاوژینەکەی کارەکەیان فراوان کرد و گەیشتنە ئاستێک کە بەرهەم بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان دابین بکەن.
هەروەک خۆی دەڵێ، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی کارگەکە لە زێدی خۆی پێشگرتنە لە کۆچی گەنجانی ناوچەکە بۆ ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای تورکیا.
هەلی کاری بۆ 90 کەس رەخساندووە و ئامانجی ئێستایان 150 کەسە. زۆربەی کارمەندانی کارگەکە ژنن و رۆڵێکی چالاک لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەگێڕن.

ئۆزالپ دەڵێت: "ئێستا 90٪ی کارمەندەکانمان ژنن. لەم ناوچەیەدا ژنبوون قورسە، من لێرە گەورە بووم و ئەوە باش دەزانم. ساڵانێکی زۆر ژنانی ئێمە نە هەلی خوێندنیان هەبوو نە هەلی کار. ئێستا لە گوندەکەی خۆمان هەلی کارمان بۆ رەخساندوون. جگە لە ژنانی ئێرە، لە شارۆچکەی گوچلوکۆناک و گوندەکانی ئەوێشەوە 90 کەسمان دامەزراندووە و ئامانجمانە ئەو ژمارەیە بگەیەنینە 150 کەس".
ئۆزالپ بانگەوازی بۆ سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی خەڵکی شرنەخ کرد و گوتی:"با بێن لە ناوچەکەی خۆمان کە ئێستا ئارامی و تەبایی هەیە و کەرەستەی وەبەرهێنانی تێدایە، کار بکەن. ئەگەر هەلی کار زیاد بکرێ، کێشەکانی ئێرە کەم دەبنەوە".
"بۆ کارکردن لە ئیستەنبووڵەوە گەڕانەوە گوندەکەیان"
مەڕوە ئێمرە، کە لە ئیستەنبووڵەوە گەڕاوەتەوە و لە کارگەی گوندەکەیان دەستی بەکار کردووە، دەڵێت:"زۆر دڵخۆشین کە کارگەیەکی وەها لە گوندەکەمان کراوەتەوە. کارەکە خۆی هاتووەتە بەر دەرگەمان و پێویست ناکات بۆ کارکردن تاڵیی غوربەت بچێژین. لە ماڵ و گوندی خۆمانین و ئێواران دەگەڕێینەوە نێو خێزانەکانمان. پێشتر لە ئیستەنبووڵ بووین، وەک ژنێک لە هەموو شوێنێک نەمدەتوانی بە ئاسانی کار بکەم، بۆیە ئەم کارگەیە زۆر گرنگە."
لەو کارگەیەدا رۆژانە 4 هەزار و 500 پارچە پۆشاک بەرهەم دەهێندرێت و رەوانەی براندە جیهانییەکان دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ